لەگەڵ هەموو پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکە پیشەییەکانیش بەرەوپێشچونیان بە خۆوە بینیوە و ئەڵبەت لێرەدا و لەم بەرەوپێشچونانەدا کەسەکان خاوەنی ڕۆڵی گرنگ و سەرەکیشن.
بواری ڕۆژنامەوانیش یەکێکە لەو پیشانەی بێبەش نەبووە لەو پێشکەوتنە وێڕای ئەوەی کە دەگوترێت ڕۆژنامەوانی کوردی لەم سەروەختی گۆڕانکارییە خێرایانەی تەکنەلۆژیدا لە پەڕتەوازەیی و شپرزەییەکی زۆردایە. هەربۆیەشە بەردەوام پرسیارگەلێکی زۆر هەن لەسەر بواری ڕۆژنامەوانیمان، لەوانە ئایا هەموو ئەوانەی لەمڕۆدا لە دەزگا جیاوازەکانی ڕۆژنامەوانیدا کار دەکەن، بەڕاستی ڕۆژنامەوانن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە سانا نیە بە تایبەتی کاتێک دابەشبوونێکی زۆر هەیە لەنێو ڕۆژنامەواناندا لەسەر پرسی ڕۆژنامەوانی و هەروەهاش کەمی یان هەر نەبوونی ڕێکخراوە و نێوەندی سەربەخۆ بە داکۆکیکردن لە پرەنسیپ و ئاکارە ڕۆژنامەوانییەکان.
تەمەنی ڕۆژنامەوانی کوردی بە بەراورد بە ئەزموونی نەتەوەکانی تر لەم بوارەدا ئەزموونێکی کەم تەمەنە و پڕیشە لە هەڵکشان و داکشان.
بەڵام لەم مێژووە کورت تەمەنەدا بە هەموو سەختی و گرفتەکانی بەردەمیشیەوە کەسانێک هەن لێهاتووانە توانیویانە مێژوویەکی پڕ شکۆ تۆماربکەن، یەکێک لەوانە عومەر فەرهادییە.
ئەگەر تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕ شکۆ لە ژانرە فەرهەنگییەکانی نەتەوەیەکدا زۆر قورس بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا دەیان و بگرە سەدان جار قورسترە.
پاراستنی هاوسەنگی لە گواستنەوەدا، کارکردن بەپێی ڕێنوماییە ڕۆژنامەوانییەکان و بایەخدان بە ڕای جیاواز و بەرچاوڕونکردنی وەرگر بە شێوەیەکی بێلایەنانە و زانینی زمانی ئاخاوتن لە ڕووی وروژاندنی پرسیارەوە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری نەک بەگژداچوونەوە و توڕەکردنی بەرامبەرەوە و چەندان شتی تریش دەبنە کۆڵەکەی کاری پیشەیی(پرۆفێشناڵی) ڕۆژنامەوان. دەشێت ئەمانە بە نوسین یانیش بە قسەکردن شتی ئاسان بن بەڵام لە ڕاستیدا لە کاتی کارکردنی ڕۆژنامەوانیدا جێبەجێکردنیان قورسە و پێویستی بە ڕۆژنامەوانی کارامە و ورد و پڕ لە زانیاری هەیە.
عومەر فەرهادی، یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژنامەوانی خۆیدا هەوڵی ڕاستگۆیانەی خۆی داوە لەم بوارەدا و سەرکەوتووش بووە، بەڵگەش ئەزموونی 15 ساڵ کارکردنیەتی لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا، کە لەو ماوەیەدا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرهادی ڕەتنەکراوەتەوە.
هەبوونی زانیاری مێژوویی و گشتیش لەسەر ڕووداوەکان، بێلایەنانە باسکردن لە ڕووداوەکان و بەرزی ئاستی بەکارهێنانی زمان، دەبنە پێودانگ بۆ سەرکەوتوویی ڕۆژنامەوان و بە گەواهی زۆرێکیش لە ڕۆژنامەوانان و نوسەرانیش ئەم تایبەتمەندێتیانە لای عومەر فەرهادی بوونیان هەیە و بەردەوامیش وەک پرەنسیپی جێگیر هێشتونیەتەوە.
ئایا سەخت ترین ئەزموون لە ژیانی نوسین و ڕۆژنامەوانی عومەر فەرهادیدا چییە؟
ئایا خۆشترین ساتی فەرهادی لە تەمەنی فەرهەنگییدا چییە؟
ئایا عومەر فەرهادی خۆی چی دەڵێت کاتێک بە پیر یان بە شێخی پەیامنێران ناودێر دەکرێت؟
ئایا سیاسەت چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر قۆناغەکانی تەمەنی فەرهەنگی فەرهادی؟
ئایا فەرهادی چ خوێندنەوەیەکی بۆ ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆ هەیە؟
عومەر فەرهادی، ڕۆژنامەوان و نوسەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: