ئەگەرچی بە گشتی نیگەرانی هەیە لەسەر بەرنامە و پلانەکانی حەشدی شەعبی بە تایبەتیش لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا بەڵام هەندێک چاودێر لەوبڕوایەدان ئەو مەترسیانە کەوتوونەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی نێوەندی عێراق.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوڕایە و دەڵێت ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باش بن ئەوا نە هێزەکانی حەشدی شەعبی و نە لەشکری عێراقیش مەترسی نابن بۆسەر ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵام ئەگەر گرژی و پشێوی هەبوون ئەوا هەموو هێزێک لەو ناوچانەدا دەبنە مایەی مەترسی.
چەند ساڵێکە ناکۆکییەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا نەک هەر چارەسەر نەکراون بەڵکو درێژەیان هەیە و ئاڵۆزتریش بوون، ئارێز عەبدوڵا دەڵێت هەر ئەمەشە وەهای کردووە لە هەرێمی کوردستان بەگەرمی کار لەسەر ڕیفراندۆم بکرێت کە بە نیشانەیەک بۆ جێبەجێ نەکردنی دەستور ناودێری دەکات.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز عەبدوڵا ئاماژەش بەوە دەکات کە کۆنترۆڵکردنی حەشدی شەعبی شیعەکان ئاسانترە لەلایەن مەرجەعییەتی شیعەکانی عێراقەوە، بەڵام حەشدی وەتەنی سوننەکان هەرچەندە هێزێکی بچوکتر و کەمترن بەڵام کۆنترۆڵکردنیان قورسە چونکە لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە هاندەدرێن.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: