پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە دوا دانیشتنیدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراقەوە دراون دژ بە هەرێمی کوردستان پاش ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆ بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق کرا.
ئەو 62 ئەندامەی پەرلەمانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەیاندا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردوون مەبەست لێیان سزایەکی گشتی بەغدا بووە بەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات زەمینەی دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێردا بڕەخسێنێت و نێوەندگیریش بێت لەو دانوستاندنانەی لە ئایندەدا دەکرێن، ئەمە بێ لەوەی لایەنە پەیوەنددارەکانی ناو هەرێمیش سەرپشک دەکات بۆ هەر وتووێژێک لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دووابەدووای پێشنیازەکانی دکتۆر ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆکی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی یان هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی کەلێنی جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەەکان.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی هەندێک لە ئەندامانی لیستی هاوبەندی نیشتمانی دکتۆر عەلاوی، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەو پێشنیازانە قایلە و دەشڵێن وەک لە نامە وەڵامیەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا باسکراوە.
میوانەکانی مێزگرد:
گەشە دارا حەفید، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز
دکتۆر فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد
شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی
ڕۆژی هەینی (ئایەتوڵا عەلی سیستانی) ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق داوای گەڕانەوەی کردووە بۆ دەستوری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستەی ئایەتوڵا سیستانی دەربڕیوە.
لە پاش داواکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی شەممە، هەردوو فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریاندا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا نەکەن.
مەروان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا ناکات تا ئەو کاتەی دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم و تەواوی فراکسیۆنەکان دەگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت چونکە کارنامەی دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە لە پێناو بەدەستهێنانی وەڵامێکی گونجاو و بابەتیانە نییە بۆ ڕەوشی پڕ لە قەیران و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بۆیە فراکسیۆنی گۆڕان بەشداری دانیشتنەکە ناکات.
ئەم دانیشتنانەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە تەنها یەک مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمدا.
ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە بڕیاردەر لە کاتێکدا دوو فراکسیۆنی سەرەکی بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەن؟
بڕیارەکانی پەرلەمانی هەرێم بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی بەغدایە، ئایا پەرلەمان هیچ بڕیارێکی هەیە لەسەر ڕەوشی ناوخۆی هەرێم؟
ئایا ئەو قەیرانانەی لەپاش ڕیفراندۆم سەریان هەڵداوە، پەرلەمانی هەرێم وەک ڕەوشێکی نائاسایی سەیریان دەکات؟
ئایا پەرلەمانی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردندایە لە وادەی خۆیدا؟
ئەگەر وادەی پەرلەمانی هەرێم درێژکرایەوە، ئایا وادەی پۆستی سەرۆکی هەرێم جارێکی تریش درێژدەکرێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی مێزگردەکەدایە: