سەرەک وەزیری عێراق دەگاتە پاریس و لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسادا جارێکی تر جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە و دەشڵێت ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، و داوای لەھێزەکانی پێشمەرگە کرد، لەچوارچێوەی ھێزەئاسایشییەکانی عێراقداو لەژێر فەرماندەیی ھێزەکانی عێراق ئاسایشی ناوچەکان بپارێزن.
ئەگەرچی ئەم سەردانەی عەبادی بۆ فەڕەنسا پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابوو، بەڵام تەوەری سەرەکی وتووێژەکانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن دۆسێی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بووە.
سەرۆکی فەڕەنساش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ ناوبژیکردن لە نێوان بەغدا و هەولێردا، بەڵام دەشڵێت پاراستنی سەروەری عێراق شتێکی بنچینەییە.
ماکرۆن دەڵێت فەڕەنسا و وڵاتانی تریش نیگەرانییان هەیە سەبارەت بەم قەیرانەی نێوان هەرێم و بەغدا کە بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی 9 هەرێمی کوردستان کردی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرۆکی فەڕەنسا جەختیشی لە پشتیوانی وڵاتەکەی کردۆتەوە بۆ عێراق لە شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
ئیمانوێل ماکرۆن لە لێدوانەکانیدا پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبادیدا جەختی لە گرنگی ئاشتەوایی نیشتمانی و حکومەتێکی فرەیی کردووە و دەشڵێت دیالۆگی نێوان کورد و بەغدا تەنها ڕێگەیەکە بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانەکان.
ڕۆژی چوارشەممەش سەرۆکی تورکیا سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و لەوێش بابەتە هەرە سەرەکییەکە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بووە.
وێڕای هەموو ناکۆکییەکانیان بەڵام خواستی کورد بۆ سەربەخۆیی ئانکەرە و تارانی لەسەر یەک مێز کۆکردەوە و وەك ئێران و تورکیا دەڵێن وتووێژەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حەسەن ڕۆحانی و ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ستراتیژی بوون و سێ تەوەری لە خۆ گرتووە، عێراق و سوریا و هەروەها دۆسێی بازرگانیش.
لە کۆبوونەوەکاندا ئانکەرە و تاران هاوهەڵوێست بوون و ڕێککەوتوون لەسەر دابینکردنی هەر کۆمەک و یارمەتییەک بۆ بەغدا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە هەرێمی کوردستان تا سەربەخۆ نەبێت، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە سوریادا و هەروەهاش زیادکردنی ئاستی بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەڵام ئەم هەوڵانەی نێوان تورکیا و ئێران بەبێ تەگەرە و بەربەست نابن لە ڕوانگەی ڕکابەرێتی و بێ متمانەیی مێژوویی نێوانیان، هەر بۆیە بەردەوام بە گومانێکی زۆرەوە لە هاوپەیمانێتییەکانی نێوان تاران و ئانکەرە دەڕوانرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت توركیا و ئێران و عێراق بڕیارێك لەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدەن ئەوەش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ریفراندۆمەكەی هەریمی كوردستان.
نە هەر ئەوەندە بەڵکو ئەردۆغان، ڕیفراندۆم کردنیشی لە پارێزگای کەرکوک بە ناڕەوا زانی وتووشیەتی کورد هیچ ڕەواییەکیان لەو پارێزگایەدا نییە.
سەرۆکی تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی هەردوو سنوری ئاسمانی و زەمینی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دادەخات.
ئایا دیپلۆماسیەتی فەڕەنسا دەتوانێت دەروازەی جارەسەر بکاتەوە بۆ بەغدا و هەرێم؟
ئایا دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراق دەتوانێت درێژە بە ڕەتکردنەوەی داوا نێونەتەوەییەکان بدات؟
ئایا ئانکەرە و تاران چەندێک ڕژدن لەسەر گەمارۆ خستنە سەر هەرێمی کوردستان؟
ئایا هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت بەرەنگاری ئەو گەمارۆیانە ببێتەوە؟
ئەگەر دیالۆگ لەگەڵ بەغدادا دەستیپێکرد، ئایا لەسەر چ بنچینەیەک دەبێت؟ چارەسەرکردنی کێشەکانە یان هەلومەرجی نوێی پاش ڕیفراندۆم؟
ئایا لە ئێستادا هەڵوێستی کورد لە عێراقدا هێندە بەهێزە تا هەنگاوی دانوستاندن بگرێتەبەر؟
ئایا بەغدا بەڕاستی دەخوازێت چارەسەری کێشەکان بکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا"یە: