لەگەڵ ئەوەدا کە دەگوترێت بارودۆخی ئاسایشی لەناو شاری کەرکوکدا بەرەو ئارامی دەڕوات بەڵام پێناچێت ڕەوشی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەرەو هێوری بڕوات.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەردەوامن لە تیر و توانج گرتنە یەکتر لەسەر ڕووداوەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی تریش لە هەمان کاتیشدا خەڵک لۆمە و گازەندەی لەو دوو لایەنە فەرمانڕەوایەی هەرێمی کوردستانە.
لەگەڵ کشانەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناجێگیرییەکی تری سیاسی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە بە شێوەیەک هەندێک لە بەرپرسان باس لە بەرەنجامێکی نەخوازراو دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێن پێدەچێت ئاکامی ئەم ڕەوشە بەرەو دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بڕوات، بەڵام ناڵێن ئەگەر ئەم دابەشبوونە هاتە ئاراوە چۆن دەبێت و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا چی دەبێت تیایدا.
میوانەکانی بەرنامە:
دلێر عەبدولخالق، نوسەر و لێکۆڵەر
لەتیف فاتح فەرەج، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
کەمال ڕەئوف، نوسەر و سەرنوسەری شار پرێس
"ئەم دابڕانانە لە دەمێکدایە سەرکردایەتی سیاسی کورد داوای پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی دەکرد" وەک چاودێر دەڵێن هیچ دۆسێیەک لە هەرێمی کوردستاندا هێندەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کەلێنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی گەورە نەکرد.
لەگەڵ ئەم ڕەوشە سیاسییەدا، باری دارایی خەڵک خراپە، بێ متمانەییەکی زۆر کەوتۆتە نێوان تەواوی لایەنەکان، هەر هیچ نەبێت بەشێک لە ڕاگەیاندنە سەرەکییەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی هەروەهاش میدیا سێبەرەکانیان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە هەروادێ و گەورەبوونی ناکۆکییەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا، کە گەیشتۆتە ئاستێک داڕمانی ئەزموونی 25 ساڵەی خۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی کورد لە عێراقدا بە دوور نازانرێت ئەگەر بێتوو هەنگاوی دەستبەجێیی نەنرێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردندا.
پێشنیاز لە ئارادان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتمانی، بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا هاوڕاییەک لەسەر دروستکردنی ئەم حکومەتە نوێیە دروستدەبێت یان نا.
هەرچەندە دەشگوترێت؛ بەڵێ حکومەتی نێوەندی عێراق داوای وتووێژ دەکات لەسەر بنچینەکانی دەستور و بڕوابوون بە یەکپارچەیی عێراق بەڵام دەنگیش کەم نین کە دەڵێن حەیدەر عەبادی سەرەک وەزیر دەرگاکان بۆ دانوستاندن ناکاتەوە.
ئا لەم هەلومەرجەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا پێشوازی لە پێشنیازی عەبادی کردووە بۆ وتووێژکردن.
وەک لە ڕاگەیاندنەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە؛"ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان پێشوازى له دوایین دهسپێشخهریى بهڕێز حهیدهر عهبادى سهرۆك وهزیرانى عیراقى فیدرال كرد بۆ دهسپێكردنى گفتوگۆ لهگهڵ حكوومهتى ههرێمى كوردستان لهپێناو چارهسهركردنى كێشهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و حكوومهتى فیدرال لهسهر بنهماى دهستوورى عیراق و له چوارچێوهى شهراكهت و تهوافوق، ئامادهییى خۆیشى بۆ گفتوگۆ دهربڕى، ههروهها داواى له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى كرد كه بۆ دهسپێكردن و بهڕێوهچوونى ئهوگفتوگۆیه له نێوان ههولێر و بهغدا، هاوكاریى ههردوولا بكهن."
ڕەوشەکە ئاڵۆزە بە شێوەیەک کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵپەساردنی داوە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێم کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکی مانگی یازدە ئەو هەڵبژاردنانە بکرێن.