لەگەڵ ئەوەشدا کە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە بوون بۆسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان بەڵام دوای هەر شەڕێکی قورس و خوێناوی کورد ناوچەی زیاتری لەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکرد کە بەناوچە دابڕێندراوەکان ناسراون.
هاوکاتی ئەو شەڕانە گەورە کاربەدەستانی کورد ڕایاندەگەیاند کە ئیتر تەواو و بەندی 140 ی دەستوری عێراق جێبەجێکرا و بەشێکی زۆری ناوچە جێناکۆکەکان گەڕێندراونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
کاربەدەستانی کورد لەگەڵ هەر ڕاگەیاندنێکی لەوجۆرەیاندا باسیان لە دڵنیایی و متمانە نەدەکرد بۆ مانەوەیان لەو ناوچانەدا کە بەشێکی زۆریان لەوەتای ڕووداوەکانی شاری کەرکوکەوە کەوتوونەتەوە ژێر دەستی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق.
ئەگەرچی بەغدا دەڵێت ئەو ڕووداوانە وەک بەرەنجامێکی ئەو ڕیفراندۆمەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆیە کە کورد بۆ سەربەخۆیی کردی، بەڵام ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن فاکتەری تریش هەن لەوانە فاکتەرە دەرەکییەکان وەک بەرژەوەندییەکانی کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەشێکی بەرچاو لە چاودێر لەوبڕوایەدان هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە دەگەڕێتەوە بۆ کەموکوڕیەکان و کەمتەرخەمییەکان لە پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش وەک دەگوترێت ئاستی بێ متمانەیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.
هەرچۆنێک بێت، کێشەیەکی ڕژد بەرۆکی کوردی گرتووە لە باشوری کوردستاندا و لەگەڵ ئەم کێشەیەشدا پشتیوانییە نێونەتەوەییەکان بە ئەندازەیەکی زۆر بۆ کورد کەمتر بوونەتەوە کە دەکرێت بگوترێت کورد لە ژێر فشاردایە.
میوانەکانی مێزگرد:
عەزیز ڕەئوف، نوسەر و لێکۆڵەر
شوان موحەمەد، سەرنوسەری سپی میدیا
زۆرێک لە ئێستادا جەخت دەکەنەوە لەوەی وەک چۆن بەرنامەڕێژییەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو بۆ ڕێکخستنی هەنگاوەکان بەرەو ڕیفراندۆم، دەشڵێن لە ئێستاشدا هێندەی تر ناو ماڵی کورد پەڕتەوازە و شپرزە بووە بۆیە چاوەڕوان ناکرێت هیچ پلانێکی بابەتیانەش هەبێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە.
نکوڵی ناکرێت لەوەی حکومەتی زۆرینە شیعەی بەغدا تەبا نییە لەگەڵ هەر هەنگاوێکی بەرەوپێشچوونی کورد لە عێراقدا و هیچ دەرفەتێکیش نابوێرێت بۆ تەگەرە خستنە بەردەم ئەو هەنگاوانە یانیش ڕێگەلێگرتنیان.
ئەی لە بەرامبەردا کورد خۆی چی دەکات؟! ئایا بەو دیفاکتۆیانە قایل دەبێت و دەستکەوتەکانی 25 ساڵی ڕابردووی فەرامۆش دەکات؟! ئەگەر ئەمەیان بژارەکە بێت ئەوا هێندەی تر پرسی 25 ساڵەی فەرمانڕەوایەتی کورد خۆی دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە.
لە ڕاستیشدا ناوماڵی کورد لە ئێستادا هێندە تۆکمە نییە بگوترێت دەشێت بەمزووانە لەم ئاڵۆزییە دەربازبێت و بتوانێت گرێکوێرەی کێشەکان هەر هیچ نەبێت لەناوخۆی هەرێمدا بکاتەوە.
ئەگەرچی هەر ئەمڕۆ یەکشەممە زیاتر لە 30 لایەنی سیاسی کوردستان کۆبوونەتەوە و ڕاگەیاندنێکیش بڵاوکراوەتەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش بەشدارییان نەکردووە، جەخت کراوەتەوە لە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیو بە مەرجێکی سەرەکییش دانراوە بۆ دەربازبوون لە هەموو ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە ئارادان.
بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لە ڕاگەیاندنەکەیاندا دەڵێن ئامادەن بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق بەڵام دەشڵێن پێویستە دیالۆگ بەبێ مەرج بێت و دووریش بێت لە سیاسەتی بەکارهێنانی دیفاکتۆ لەو دیالۆگەدا.
لەولاشەوە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا داوای پێکهێنانی بەرەیەکی نوێی سیاسی دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشەی هەرێمی کوردستان، و هەروەهاش داوای پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی دەکات.
دەقی مێزگردەکە: