ئەگەرچی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆی ساڵی 2017لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئاسایشیدا کرا بەڵام وەک چاودێر دەڵێن ڕۆژانی پاش ڕیفراندۆم بارودۆخەکە بەرەو خراپتر چوو.
خراپبوونی ڕەوشی هەرێم هەر تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم نەبوو بەڵکو لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش کاردانەوەی نەرێنی هەبوون.
کورد بەهۆی شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە (داعش) پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی هەبوو، بەڵام کاتێک هاتە سەر ئەوەی کورد وەک نەتەوە داوای مافی سیاسی خۆی بکات، داکشانێک لەو پشتیوانیانەدا هاتنە ئاراوە.
هێزە ئاسایشییەکانی عێراق (لەشکر و هێزەکانی حەشدی شەعبی) لە پاش ڕیفراندۆم دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی پێشتر لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆنترۆڵی کردبوون.
هێزە عێراقییەکان وەک دەگوترێت بە پشتیوانی لایەنێکی سیاسی هەرێم (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) توانیویانە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری کەرکوک پێشڕەوی بکەن و دەستبگرنەوە بەسەر ئەو ناوچانەدا.
میوانی بەرنامە:
هاشم موحەمەد کەرەمی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراق لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا ئەو هاوکارییەی بە خیانەتێکی مەزن ناودێرکردووە.
ئێستا هێزە ئاسایشییە عێراقیەکان دەستیان گرتووە بەسەر زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی بە دابڕێندراوەکان ناسراون، بارزانی دەستی لەکار کێشایەوە و دەسەڵاتەکانی دابەشکران بەسەر حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدا.
کابینەی هەشت بەردەوامە لە کار و ئەرکەکانی خۆی تا ئەوکاتەی وەک بڕیارە هەشت مانگی تر هەڵبژاردن بکرێت.
ئەرکەکان لەم هەشت مانگەی داهاتوودا پێناچێت ئاسان بن بە تایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر چارەسەرکردنی ڕەوشەکە لە ڕێی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و هێنانە ئارای متمانە.
هەموو هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق وەک جەختی لێدەکاتەوە بەپێی دەستوری وڵاتەکەن، ئەو دەستورەی کورد خۆی بەشێکی سەرەکی بووە لە داڕشتنی و هەروەهاش دەنگدان پێی.
ئایا ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتی سیاسی ئەوسای هەرێمی کوردستان و دەنگدان بە دەستوری عێراق، هەنگاوێکی ڕاست بوو؟
ئایا لەم ماوەی هەشت مانگەی داهاتوودا حکومەتی هەرێم دەتوانێت چی بکات بۆ خۆ دەربازکردن لە قەیرانەکان؟
ئایا ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کورد لە عێراقدا ناچار دەکات بە یەکڕیزی؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانپێناسەیەکی هاوبەشیان بۆ یەکڕیزی هەیە؟
هاشم موحەمەد کەرامی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا" وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: