Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئایا چارەسەر لە بەغدایە؟!


لە نێوەندی قوڵپدانی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ناکرێت وەها سەیری وڵاتێکی بەشەڕ وێرانبووی وەک عێراق بکرێت کە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

حوثییە شیعەکانی یەمەن موشەکی باڵستیکی دەگرنە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، سعودیەکان وەک زۆرێک لە سەرچاوە سیاسییەکان باسی دەکەن سەرەک وەزیری لوبنانیان دەستبەسەر کردووە، قەتەر نوقمی قەیرانە، ئێران هەروادێ پاوانخوازییەکانی خۆی زیاتر و کاریگەرتر دەکات، ڕژێمی سوریا هێشتا لە جێی خۆیەتی، داعش ناوچەی زۆری لە دەستداوە بەڵام هێشتاش هەر جێی نیگەرانییەکی زۆرە بۆ کۆمەڵگەکان لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراقیشدا.

عێراق بۆ خۆی گیرۆدەی کۆمەڵێک گرفت و ئاڵۆزییە، دەکرێت بگوترێت لە ئێستادا پەڕتەوازەترین ماڵ لەو وڵاتەدا ماڵی شیعەکان بێت کە فەرمانڕەوای عێراقن. هەرچەندە سەرکەوتنی لەشکریانە هەن لە شەڕی دژی داعشدا و تێرۆریستان پانتاییەکی زۆری ئەو ناوچانەی داگیریان کردبوو لە دەستیانداوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش یان ڕێکخراوەکانی تری هاوشێوە کۆتاییان پێهاتووە، ئاستی بێ متمانەیی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا (شیعە و کورد و سوننە) لەوپەڕیدایە، ناکۆکییەکان لە عێراقدا باڵیان کێشاوە بەسەر تەواوی ژینگەی سیاسی و ئابوری و تەنانەت تا ئەندازەیەکی بەرچاویش کۆمەڵگەی عێراقدا.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر خامۆش عومەر، پسپۆڕی یاسایی.

لە ئاوەها هەلومەرجێکدا بڕیاریشە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی بکرێت کە لەمەشیاندا بە دوور نازانرێت پێکهێنانی حکومەتی نوێ ببێتە قەیرانێکی تری ئەو وڵاتە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر هێزە ئاسایشییەکان و دامەزراوەکانی عێراقدا.

بارودۆخی هەرێمی کوردوستانیش لەو ڕەوشەی بەغدا باشتر نییە و پڕە لە ئاڵۆزی سیاسی و کێشەی فەرمانڕەوایی و گرفتی دارایی و پەیوەندییەکی خراپیش لەگەڵ بەغدادا و هتد.

شارەزا دەڵێن ئەو ڕەوشانەی بەغدا و هەولێر تەگەرەی سەرەکین لەبەردەم هەر هەوڵێکدا بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان. ئەمە بێ لەوەی وەک دەگوترێت هەلومەرجی ناوچەکەش یارمەتیدەر نییە لەو ڕوانگەیەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتە کاریگەرەکانی تری ناوچەکە ناڕەزاییان بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆی ساڵی 2017 ی هەرێمی کوردستان هەبووە و دژایەتیشیان کردووە، ئەمە بێ لەوەی لە هەر هاوکێشەیەکی سیاسیشدا ئەم وڵاتانە بەرژەوەندی خۆیان لە پێش هەموو شتێک و لە سەرو هەموو شتێکیشەوە دادەنێن.

بەغدا لە کۆمەڵێک قەیرانی قورسدایە، ئایا بەو ڕەوشەیەوە دەتوانێت دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمدا بەڕێوەبەرێت؟

ئایا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بە تایبەتیش ئەمریکا دەتوانێت چ فشارێک لەسەر بەغدا دابنێت؟
ئایا هەولێر دەتوانێت بە هەڵوێستەکانی ئێستایەوە و لەم ڕەوشە سیاسییەیدابڕیاری خۆی بدات ئەگەر دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستیپێکرد؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)یە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:49 0:00

XS
SM
MD
LG