Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کامەران ڕەئوف


زۆرێک لەو بڕوایەدان کە گرنگی هونەری شانۆ و تەنانەت دراما تەلەفزیۆنییەکانیش هەر تەنها لە بوونیاندا سنوردار نین و یانیش بگوترێت ئەم یان ئەو نەتەوەیە خاوەنی شانۆ و درامان بەڵکو وەک دەڵێن ئەوەش ئێجگار گرنگە ئەم ژانرانەلەگەڵبوونیاندا ئەم چ پەیامێکیان هەیە.

هونەر بە چالاکی مرۆڤ دادەنرێت کە پەیوەستە بە هزر و ئیستاتیکاوە بەردەوامیش بوونی هەیە و بەشداریشە لە نۆژەن کردنەوەی دنیادا لەڕێی پەیامەکانی و ئەو پرسیارە جیاوازانەی لە قۆناغەکانی تەمەنیدا دەیانخاتە بەردەم کۆمەڵگەکان.

ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی هونەر بە زیندوویی لە کۆمەڵگەکاندا.

کاتێک جەخت دەکرێتەوە لەوەی شانۆ و دراماکان خاوەنی پرسیارگەلێکی لێکنەچوون لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە، ئیدی ناکرێت باس لە ڕەخنە نەکرێت، وەک زۆرێک لە هونەرمەندان دەڵێن پێویستە شان بە شانی ئەم ژانرە هونەرییە ڕەخنەش لە گەشەکردندا بێت.

هەر ڕەخنەیە دەتوانێت بیسەلمێنێت شانۆ و دراماکانیش چ جۆرە کاریگەرییەکی ئەرێنی یان نەرێنییان هەبووە لەسەر تاکەکان و لەسەر کۆمەڵگەش. بێگومان خوێندنەوەی کردەی دەرهێنان و ڕۆڵی ئەکتەر نابوێردرێت کە ناکرێت وەها سەیر بکرێن بێ سوربوون و بێ پرسیاری نوێ بێت، چونکە گەر وەهابێت ئەوا زیانە گەورەکە لە پەیامی هونەرەکە و لە تێگەیشتنەکانی بینەریش دەدات، زیانێک دەشێت زیز بوونی بینەر و شانۆ بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ناشێت لێرەدا دەق فەرامۆش بکرێت بەڵام دەشێت بپرسین کام دەق؟ ئەوەی نوسەری یەکەم نوسیویەتی یان ئەوەی دەرهێنەر خوێندنەوەی خۆی بۆ کردووە و وەک جەنگاوەرێک بە شوێن ژیانی خۆیدا وێڵ بێت لە نێو یەکەم دەقدا دەگەڕێت بەشوێن دۆزینەوەی نوێدا و دەخوازێت ئەو دۆزینەوەیە بگەیەنێتە لای خەڵک لە ڕێی نومایشتە شانۆییەکەوە.

میوانی بەرنامە:

هونەرمەند کامەران ڕەئوف

ئەکتەر کێیە لە شانۆدا یانیش لە دراماشدا؟ زۆر جار دەشێت لە یەک نومایشتدا ئێمەی بینەریش بە خۆمان زانیبێت یان نەزانیبێت بووبینەتە ئەکتەر و بەشدار لە نومایشتەکەدا. بەڵام هەرگیز بوونمان بە بەشێک لە نومایشتەکان نامانکاتە هونەرمەندێکی وەک کامەران ڕەئوف.

کاتێک باس دێتە سەر هونەرمەند کامەران ڕەئوف، هەر تەنها لەوەدا سنوردار نییە چەندێک داهێنەرانە کار دەکات و چەندێک بە پەرۆشە بۆ هونەرەکەی جا ئایا لە شانۆدا بێت یان لە سینەمادا، بەڵکو بە ئاشکرایی هەستی پێدەکرێت چۆن ئەم هونەرمەندەمان بە کارە هونەرییەکانی کەلێنی نێوان بینەر لە لایەک و شانۆ و دراماکانیش لە لایەکی تر کەم دەکاتەوە.

کەم نین ئەوانەی کامەران ڕەئوف بە دەروێشێکی پڕ لە میهر و وەفا دەزانن بۆ هونەری نەتەوەیەک و لە ئیشە ناوازەکانیدا ئەرکێکی تری ڕاستەقینەی، ساڕێژکردنی برینەکانی نواندن و دەرهێنانیشە.

لە پاش ڕاپەڕینەوە شانۆ و دراماکان تا چەندێک هاوتەریب بوون لەگەڵ خەم و هیوای خەڵکدا؟

ئایا شانۆ و دراماکان توانیویانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بە مانایەکی تر ئایا نومایشتەکان بوونەتە هەناسەیەک بۆ خەڵک؟

ئایا پەیوەندی نێوان شانۆ و ئازادی چییە؟

ئایا مەرجە هەموو گۆڕانکارییەکان گرنگ بن بۆ هێشتنەوەی شانۆ بە زیندوویی؟

لە هەموو باسکردنێکی فەرهەنگیدا، جا بۆ هەر ژانرێک بێت باس لە ڕەخنە دەکرێت، جا ئەگەر ڕەخنەگرمان هەبن ئەی کوا ڕەخنە؟

دەگوترێت شانۆ لە قەیراندایە، ئەگەر وایە ئایا قەیرانەکە لە کوێدایە؟ قەیرانی شانۆیە، یان، دەق، یان دەرهێنان، یان بینەر؟

ئایا دەکرێت فێستڤاڵە شانۆییەکان وەک ڕەنگدانەوەی قۆناغی شانۆ لێی بڕوانرێت؟

کامەران ڕەئوف، هونەرمەند لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:54 0:00

XS
SM
MD
LG