سەرباری ئەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانەی کە تا ئەوڕۆکە بەرامبەر بە رۆژنامەوانان و دەزگاکانی راگەیاندن و رایگشتی لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون، وەک ئەوەی کە لەڕاپۆرتە نێودەوتییەکانی وەک پەیامنێرانی بێسنور و کۆمیتەی بەرگری لەرۆژنامەوانان و راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێدەدەن. بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم نکۆڵی لەوە دەکەن کە سەرجەم تاوانباران و بکوژانی رۆژنامەوانان و مامۆستایانی ئاینی دادگاییکراون و توندترین سزایان وەرگرتووە.
دیندار زێباری بەرپرسی کۆمیتەی راپۆرتە نیودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دهڵێت: دڵنیام لهكوردستان هیچ كهس و لایهنێكی بكوژێكی ڕۆژنامهنوس و مامۆستای ئاینی نیه دادگایی نهكرابێت و توندترین سزا نهدرابێت." ئەم لێدوانەی دیندار زێباری لەمیانەی وتووێژێکیدا بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریکا کە هاوکارمان ژیار محەمەد لەگەڵیدا سازیکردبوو.
بەڵام رۆژنامەوان و سەرنوسەری گۆڤاری لڤین دەڵێت "سەرلەبەری قسەکانی دیندار زێباری ناڕاستەو درۆیەکی شاخدارە."
ئاسۆ جەبار سەبارەت بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی لێدوانەکانی دیندار زێباری و رەوشی رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ رۆژنامەوان و سەرنوسەری گۆڤاری لڤین ئەحمەد میرە دا سازکردووە...
ئەحمەد میرە دەڵێت "هیچ بکوژێکی راستەقینەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و مامۆستایانی ئاینی لەهەرێمی کوردستان دەستگیر نەکراون."
هاوکات "بەشێکی زۆری دۆسێیەی ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانە سیاسیانە کە تیرۆرکراون دیزە بەدەرەخونە کراون و فۆرمێکی دیکەیان کراوە بە بەرداو کارەساتێکی گەورەتری دروستکردووە."
ئەحمەد میرە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان لەهەرێمی کوردستانداو دەڵێت "هەر لە تیرۆرکردنی سۆران مامەحەمەوە وەک یەکەمین شەهیدی رۆژنامەگەری ئازاد لەکوردستان تا تیرۆرکردنی دکتۆر هۆشیار مامۆستای ئاینی، هیچ کەیسێک لەو کەیسانە یەکلایی نەکراونەتەوە."
دەشڵێت "ئەوەی میدیای ناوخۆ و راپۆرتە جیهانییەکان بڵاویان کردۆتەوە دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی چەندە ترسناکی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤدایە."
ئەحمەد میرە دەشڵێت "ئەو جۆرە تیرۆرەی کە لەهەرێمی کوردستاندا دەکرێت خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی کە تیرۆرێکی سیاسی و مەبەستداری رێکخراوە کە دەوڵەت لەپشتیەوێتی."
هەروەها میرە پێوایە "ئەوەی یاسای کاری رۆژنامەوانی پێشێلدەکات، خودی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانن."
دەشڵێت "سەرجەم ئەو سکاڵایانەی کە پارتی و مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دیندار زێباری لەسەر رۆژنامەنوسان تۆماریان کردوون بە یاسا کۆنەکەی سزادانی یاسای عێراقی بووە." هەروەها دەشڵێت "لە سکاڵاکانیاندا داوای ملیاردێک دیناری عێراقی و داوای چەند هەزار دۆلار و داخستنی دەزگاکان و قەدەغەکردنی سەفەر لەسەرنوسەر و بەرپرسی دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن."
لەکۆتاییدا ئەحمەد میرە داوایەک لەناوەندەکانی راگەیاندن و دیموکراسی لەئەمریکا دەکات و دەڵێت "گوێ لەقسەو لێدوانەکانی مرۆڤی وەکو دیندار زێباری نەگرن، دەبێت ئەم کەسانە وەکو تاوانباری تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان و شارەرەوەی کەیسەکانیان و دروستکردنی سیناریۆ بۆ کەیسی رۆژنامەنوسان و لەنێو رایگشتی نێودەوڵەتیدا وەک تاوانبار بناسێنرێن."