Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هەڵبەست دیلان


هەمیشە مرۆڤ لە سەروەختەکانی جەجاڵی و ماندووبوونی جەستەیی و ڕۆحیدا پەنای بردۆتە بەر گۆرانی تا بڕێک ئارام و ئاسودە بێت و قورساییەکانی ژیان لەبیر بکات.

گۆرانییەکانی لە هزردا دەمێننەوە ئەوانەن پەلکێشمان دەکەن بۆ نێو جیهانی یادەوەرییە خۆش و ناخۆشەکانی ژیان وەک ئەو بیرەوەریانەی (هەڵبەست دیلان) لای هاوەڵانی جێیهێشتووە.

ساڵ ساڵی 1982 بوو، شەوێکی گەرمی مانگی 5 بوو، شوێن گرتوخانەی مەنزومەی شیمالی لە شاری هەولێر بوو، ژوورەکان و هۆڵەکان و داڵانەکان تژی بوون لە خوێندکاران، ئەوانەی بەرەنگاری جەبەرووتی دیکتاتۆری ئەوسا و ڕووخاوی ئێستا بووبوونەوە.

شەوێک بوو لە شەوە درێژەکانی ئەو زیندانەی هەموو شتتێکی تیادا بوو هیوا نەبێت، مەرگدۆستی بۆنی خوێنی لێدەهات، ژیان و بەهای مرۆڤ لە ژێر پلەکانی نزمترین ئاستەکانیدا بوون، ئا لەو کاتەدا چریکەیەک بە ئەسپایی لە هۆڵەکەی ئەوبەرەوە خۆی کرد بە ژوورەکانی ئەمبەردا، شنەیەک بوو بۆ ئارامی، چرپەیەک بوو بۆ ئاسودەیی و کانیلەیەک بوو بۆ بوژاندنەوەی هیوا.

نازانم مێژووی گۆرانی وتن لای هەڵبەست دەگەڕێتەوە بۆ کەی، بەڵام هێندەی ئاگاداری هونەری ئەم کوڕەی حەمە ساڵح دیلانی شاعیرم، دەخوازێت لە هەموو کارەکانیدا بەها مەزنەکانی گۆرانی و موزیک بپارێزێت، دەخوازێت بە گیانێکی هونەرییەوە دەنگی خۆی تێکەڵ بە ئاوازەکان بکات و ئەو ژانرە فەرهەنگییە بە زیندوویی بهێڵێتەوە، بەڵام بێگومان ئەم ئەرکەش کارێکی ئاسان نییە.

یەکێک لە ئەرکەکانی تری هونەرمەند هەڵبەست دیلان، کارکردنە لەسەر بەرهەمە هونەرییەکانی (حەمە ساڵح دیلان)، کاتێکیش ئەم ئەرکە لە ئەستۆی خۆی دەنێت پەیوەندی باوک و کوڕ وەلاوە دەنێت بەڵکو وەک سامانێکی نەتەوەیی سەر و سەودای لەگەڵدا دەکات. هەڵبەست لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە حەمە ساڵح دیلان "کێشەی لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئەوکاتە و دیدی ئەوکاتەی خەڵکی بووە بۆ هەڵسەنگاندنی بواری هونەری."

هەڵبەست، پڕۆژەشی هەیە لەسەر گۆرانیبێژ و موزیسیانی ناودار (قادر دیلان) ی مامی.

هونەر لای (هەڵبەست) ئەو جۆرە بازرگانیکردنە نییە کە هەر لە پێشکەشکردندا سنوردار بێت، بەڵکو لەگەڵ پاراستنی گیانی هونەریدا دەشێت بکرێتە ئامڕازێکیش بۆ گەیاندنی پەیامە مرۆڤایەتییەکان لە کاتی کارەساتەکاندا، هاوشێوەی ئەو کۆنسێرتەی هەڵبەست دیلان کردی وەک هەوڵێک بۆ یارمەتیدان و کۆمەك کردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی ئەم ماوەیەی ڕابردوو.

ئایا ئەزموونی هونەریی هەڵبەست دیلان دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی (حەمە ساڵح دیلان) ی باوکە؟

ئایا مەرجە ئەوەی دەنگخۆش بوو ببێتە گۆرانیبێژ؟

ئایا هەندەران چی بە هەڵبەست دیلان بەخشیوە و چیشی لێسەندۆتەوە؟

ئایا هونەری گۆرانی لە ئێستادا لە قەیراندایە؟

ئایا نۆژەنکردنەوەی گۆرانییەکان لە ڕەسەنایەتی هونەری گۆرانی کەم دەکەنەوە؟

(هەڵبەست دیلان) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:27 0:00

XS
SM
MD
LG