بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر، قوڵی و ئاڵۆزی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە پاش ڕیفراندۆم و هەروەهاش ڕووداوەکانی 16 ی مانگی دەوە،بێدەنگییەک لە بەرامبەر ڕووداوەکان دەخوێندرێنەوە کە هەندێک بە بێدەنگییەکی ترسناک ناودێری دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە قسە زۆرە لەسەر ئەگەرەکانی چارەسەرکردن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرییەکی ئەگەر کاتییش بێت دیارنییە.
دکتۆر مەریوان وریا قانع، نوسەر و ڕوناکبیر دەڵێت ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە دۆخی مت بوون و بێدەنگی نییە هێندەی ئەوەی دۆخی ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاسەرییە، بەڵام ڕەتکردنەوەیەکە بەبێ کردار و بەبێ هەڵوێستی ڕۆژانە و بەبێ جوڵە و دەشڵێت ئەو ڕەتکردنەوەیە لە زۆر ئاستدایە و لە سەروو هەمووشیانەوە قەبوڵ نەکردنی ئەو دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەی هەرێمی کوردستانە کە تا ئێستا بە باڵادەست دەبینرا لەلایەن ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و حکومەتەکانی ناوچەکەوە، بەڵام ئێستا وەک چۆن لە ناوخۆدا کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان گیری خواردووە بەدەست ئەو پارتە سیاسی و خێزانە سیاسیانەوە ئاوەهاش بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارانی دنیا و ناوچەکەش گیریان خواردووە بە دەستیانەوە.
دکتۆر مەریوان ئاماژەش بەوە دەکات سەرکردە فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم تەنانەت نوێنەرایەتی پارتە سیاسییەکانی خۆیشیان ناکەن و دەسەڵاتیشیان زۆر سنوردارە و ئەمەش شتێکە وەک دەڵێت هەم خەڵک لە هەرێم و هەمیش لە دەرەوە بەو ڕاستییە دەزانن.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر مەریوان باسیش لەوە دەکات کە بۆچی هەتا ئێستا هیچ هێزێک یان کەسایەتییەکی سیاسی نەیانتوانیوە ببنە بەشێک لەو ناڕەزاییانەی لە هەرێمدا هەن، مامۆستایان بە نمونە، وە دەڵێت تەواوی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی کێشەی سەرەکییان لەوەدایە کە خاوەنی پڕۆژەیەکی هاوبەشی کارکردنی پێکەوەیی نین تا جۆرێک لە متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ شەقامی کوردی و جۆرێک لە ئاڕاستە بە جوڵەی ئەم شەقامە بدات.
دکتۆر مەریوان سەبارەت بەوەی بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی تر ببێتەوە بە ئۆپزسیۆن دەڵێت " بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو شتێکدا دواکەوتووە، لە هەموو شتێکدا کەوتۆتە دوای دواوەی ڕووداوەکان، بزووتنەوەی گۆڕان دەبوایە دینەمۆی جوڵاندنی ئەو دۆخە سیاسییەی هەرێم بووایە، دینەمۆی دەستپێشخەری سیاسی هەرێم بووایە و دەبووایە سەرکردایەتی بەرەیەکی تازەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بکردایە."
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: