Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: سارا عومەر


سارا عومەر
سارا عومەر

(سارا عومەر) م وەک شاعیر ناسی و دوو جاریش پێشتر میوانێکی ناوازەی ئەم بەرنامەیە بووە.

میوانداریی ئەمجارەیان جیاوازە چونکە ئێستا لە وڵاتی دانیمارک، سارا ڕۆمانێکی بە زمانی دانیمارکی بڵاوکردۆتەوە و دەنگێکی زۆری داوەتەوە بە ئەندازەیەک هەندێک لە دەزگا و نێوەندەکانی وڵاتی دانیمارک بە کتێبی ساڵی 2017 دایدەنێن.

هێشتا ئەو ڕۆمانەم نەخوێندۆتەوە، بەڵام ئەو سەرنجانەی لەسەر ئەم بەرهەمە ئەدەبیە نوێیەی سارا عومەر نوسراون مایەی هەڵوەستەکردنێک بوون بۆ من و بڕیاردان لەوەی پێویستە جارێکی تریش ئەم نوسەرەمان ببێتە میوانی (ژیان لە فەرهەنگدا) تا لە زاری خۆیەوە باسمان لە ڕۆمانەکەی بۆ بکات و هەمووشمان پێکەوە ڕۆبچینە نێو دنیای ئەم ڕۆمانە نوێیەی ساراوە.

وێكه‌ند ئه‌ڤیسن:

"ئه‌مه‌ گرنگترین كتێبی ساڵه‌. پێویست ده‌كات نووسه‌ر جورئه‌ت و هێزی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر جورئه‌ت بكات و ڕۆمانێكی له‌م جۆره‌ بنووسێت."

بێرلینسكه:

ئه‌مه‌ ئەو ئه‌ده‌به‌‌یە كه‌ ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕێت.

پۆلتیکن:

به‌ جورئه‌تترین كتێبی ساڵ.

سیسه‌س بۆو غیول:

مردوو شۆر كتێبێكه‌، كه‌ هه‌رگیز ناتوانیت له‌بیری بكه‌یت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگه‌یته‌ سه‌ر كۆتا لاپه‌ڕه‌ و كتێبه‌كه‌ش دابخه‌یت.

ئینفۆرمەیشن:

ئەم‌ ڕۆمانه‌ بووه‌ هۆكاری ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ده‌بی دانیمارك نموونه‌یترین و ده‌گمه‌نترین ڕۆمان هه‌تا ئێستا بینیبێتمان.

فیونس ستیفتس تیده‌نه:‌

ڕۆمانی مردووشۆر شه‌قازله‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ بۆ ده‌موچاوی خوێنه‌ره‌كانی. شاهیدێكی پڕ ئازار ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن ژن ده‌چه‌وسێنرێته‌وه.

دەیان و دەیان نمونەی تری ئەم دەستەواژانە لە دانیمارک لەسەر سارا عومەر دەنوسرێن و تەنانەت هەندێکیشیان بە خالید حوسەینی نوسەری ئەفغانستانی دەیچوێنن، یانیش کەم نین ئەوانەی کە دەڵێن سارا عومەر لە حوسەینی وردتر و زیرکانە تریش دەنوسێت.

دکتۆر مەریوان وریا قانع، نوسەر و ڕوناکبیری کورد لەسەر ئەم نوسەرەمان دەڵێت "من تا ئێستا چەندینجار بەرگریم لەوە کردوە کە دیاسپۆرای کوردیی بێبەریی نییە لە توانا و بەھرەی گەورە و داھێنەرانە، لەوەش دڵنیام لە ساڵانی داھاتوودا دەنگی کەسانی تر و داھێنەرانی تری ئەم دیساپۆرایە دەبیستین. پێدەچێت سارا عومەر دەرگایەکی گەورەی کردبێتەوە کە بەدوای خۆیدا زۆر کەسیتر بتوانن لێیەوە بێنەدەرەوە و ئەو حیکایەتانە بگێڕنەوە کە زۆرانێک ناوێرن یان ناخوازن بیانگێڕنەوە. خێزانی کوردیی ڕووبەرێکی داخراو و نەناسراوی ناو ئەدەبیاتی ئێمەیە، تا ئێستا بە دەگمەن نەبێت کەس نەیواێراوە وردەکارییە تۆقێنەرەکانی ژیانی ناو ئەم خێزانە بگێڕێتەوە. ئەو شێوازە پیاوانە و ستمەگەرانەیەی دەسەڵات کە بێھیچ چاودێریی و لێپرسینەوەیەک لەناو ئەم خێزانەدا ئامادەیە، ڕووتبکاتەوە. پێدەچێت سارا عومەر یەکێک بێت لەو خانمە گەنج و بوێرانەی ناو دیاسپۆرای کوردیی کە ئازایەتیی گێڕانەوەی وردەکارییەکانی ئەو ژیانە داخراو و داپۆشراوەی ناو خێزانی کوردیی ھەبێت.

ئەوەی لە ئێستادا ئەدەبیاتی دیاسپۆرا لە بەشێکی زۆری ئەدەبیاتی ئەوروپیی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەدەبیاتی دیاسپۆرا ئەدەبیاتێکە خاوەنی مەسەلەیە، بەرگریی لە شتێک و لە مەسەلەیەک دەکات، بەگژ ناشیرینیی و خراپەکارییەکدا دەچێتەوە کە کۆیی و دەستەجەمعییە. لە ئەدەبیاتی دیاسپۆرادا بڕێکی زۆر لە پەیامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی ئامادەیە کە لە زوربەی زۆری ئەدەبیاتی ئەورپیدا بوونی نەماوە. ئەوەی ئەدەبیاتی دیاسپۆرا باسیدەکات تاکەکەس نییە وەک بوونەوەرێکی تەنھا، بەڵکو تاکەکەسە وەک ئەندامی گروپ و میلەت و دین و فەرھەنگ و کەلەپورێکی تایبەت، کە ھەموویان ڕەھەندێکی کۆیی و دەستەجەمعیی گرنگیان ھەیە. پێدەچێت ئەم کتێبەی سارا عومەر لەو جۆرە ئەدەبیاتە بێت کە بەرگریی لە مەسەلەیەکی گرنگ دەکات، مەسەلەی ئازادیی و مافی ژنان و منداڵان لەناو دونیای ئێمەدا. ھیوادارم ئەم کتێبە بەزوویی وەربگێڕدرێت بۆ سەر زمانی کوردیی."

دەشێت لە دنیای ئێمەدا هەموومان شتەکان بە ورد و درشتیەوە ببینین، بەڵام کەم هەن بتوانن لە بەرگێکی هونەریدا و بە داڕشتنێکی سەرنج ڕاکێشەوە بیخەنە دوو توێی دەقێکی فەرهەنگییەوە و بە تایبەتیش بە زمانێکی بیانی.

ئەنفال بۆ هەمیشە لە ویژدانی نەتەوەیەکدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە هونەری نوسیندا کاتێک باس لە دوکەڵ و کارەساتی ئەو ژینۆسایدە دەکرێت، زۆر گرنگە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە ترسناکانەی ناو ئەنفال ببێتە مایەی ڕاچڵەکین و تەزووی سارد و گەرم لە هزری خوێنەردا و بە تایبەتیش خوێنەری بیانی.

نوسین لەسەر توندوتیژیە کۆمەڵایەتییەکان، هەروا سانا نییە بەتایبەتیش کە بخوازیت بوێرانە و ڕاستگۆیانە لەسەر دۆسێکانی پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان و کچانی نیشتمان بنوسیت و بەرەنگاری باوکە لێوان لێو لە جەبەروت ببیتەوە و خوێنەری دەرەوەی ناسنامەی خۆتی پێ ئاشنا بکەیت.

خۆ قسە کردن و نوسین لەسەر بەها پیرۆزەکانی ئاین هەرگیز بەبێ گرفت تێپەڕ نابن بۆ نوسەران، بە تایبەتیش کاتێک دێتە سەر وردەکارییەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ بە ناوی ئەم یان ئەو ئاینەوە.

ژیانی پێشمەرگە، دۆستایەتی نێوان پێشمەرگە و شاخ، گەیاندنی نامە چوکلێتییەکان و ڕۆیشتن بە باریکە ڕێگەکانی مان و نەماندا و ئامادەیی لە شەڕگەکاندا و بیرکردنەوە لەو منداڵانەی دەشێت بەبێ باوان پەروەردە بکرێن و ئیش کردن لە ئێستایەکی سەر سەختدا بۆ ئایندەیەکی گەش، تەنها ئەو قەڵەمانە دەتوانن بیاننوسن کە هەرگیز ناتوانن تەنها یەک بستیش چییە ڕۆحیان لە نیشتمان جیابکەنەوە.

ئاسان نییە بتوانیت تام و چێژ و بۆن و بەرامەی خواردنە کوردەوارییەکان لە ڕۆمانێکدا پیشکەش بە خوێنەرێکی بیانی بکەیت و چێژێکی زۆریشی لێ ببینیت، کە لەوانەشە لەسەر نەخشەش نەتوانێت نیشتمانی ئەو فەرهەنگ و کلتورەش بدۆزێتەوە.

سارا عومەر لە ڕۆمانەکەیدا "مردوو شۆر" خۆی داوە لە قەرەی هەموو ئەو هەورازانە و بە نشێو و دۆڵەکانی ئەو ڕووداوانەدا گوزەری کردووە.

بۆچی سارا عومەر لە شیعرەوە دەڕوات بەرەو ڕۆمان؟

ئایا ئەم بەرهەمەی سارا عومەر چەند کێشەی بۆ دروست کردووە؟

ڕۆمانێک بە زمانی دانیمارکی نوسراوە و مایەی سەرنجی زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، ئایا گەر بە کوردی بنوسرابایە هەمان کاردانەوەمان دەبینی؟

ئایا شێوازی گێڕانەوەی ڕووداوەکان بۆ خوێنەرێکی کورد و دانیمارکی جیاوازن؟

ڕۆمانی "مردوو شۆر" چەندێک پەیوەندی بە ژیانی سارا عومەرەوە هەیە؟

لەگەڵ ئەو هەموو ستایشەی ڕۆمانی "مردوو شۆر" کە کراوە، ئایا هیچ ڕەخنەیەکی لەسەر نوسراوە؟

سارا عومەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:08 0:00

XS
SM
MD
LG