خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستیانپێکردووە.
سەرەتای خۆپیشاندانەکان بۆ باشترکردنی گوزەران و باری ژیانی دانیشتوان بووە بەڵام دواتر دروشمەکانی خۆپیشاندەران دەگۆڕدرێن بۆ داوای ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
خۆپیشاندانەکان لە شاری مەشهەدەوە دەستیان پێکرد و دواتر هەر پاش چەند کاتژمێرێک پەرە دەسەنن بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی شار و شارۆچکەکانی تری ناو ئێران.
هێمن سەیدی، شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت لە ئێستادا (کاتی وتووێژەکە) خۆپیشاندانەکان شاری تاران پایتەختی ئێرانیشی گرتۆتەوە و لە مەیدانی ئینقلاب و بە تایبەتیش لەبەردەم دەروازەی زانکۆی تاراندا خؤیشاندانی گەورە هەن و دەشڵێت هەموو ئەمانەش جەختکردنەوەن لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو باڵەکانیەوە دۆڕاون.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز سەیدی ئاماژەش بە جیاوازی نێوان خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009 و ئەوانەی ئێستا دەکات و وەک دەڵێت جیاوازییە سەرەکییەکە لە ناوەڕۆکی خۆپیشاندانەکاندایە، خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009 لە لایەن سەرەک وەزیرێکی پێشووی ڕژێمی ئێرانەوە ڕێبەرایەتی دەکرا و داوای چاکسازی کردنی لە دەسەڵاتدا دەکرد، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ئێستادا باس لە ڕووخاندنی حکومەت دەکرێت و دروشمەکانیش دژی خودی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران و ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانن و دەشڵێت خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران لە ژینگەیەکی نوێی نێونەتەوەییدایە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: