Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: مەنبج و عەفرین لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا


عەفرین، ئەو شارەی تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی دەکات
عەفرین، ئەو شارەی تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی دەکات

وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاشکاوانە سیاسەتی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات لە سوریادا سەبارەت بە مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا بۆ ماویەکی نادیار بەڵام باس لەوە ناکات قەبارەی ئەو هێزەی لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە دەمێنێتەوە چەندە.

ڕیکس تیڵرسن، لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا لە زانکۆی ستانفۆرد لە ستانی کالیفۆرنیا جەختی کردەوە لەوەی مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە سوریادا هەر تەنها بۆ شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدە نییە بەڵکو بۆ ڕێگەگرتنیشە لە کاریگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد و هەروەهاش زەمینە ڕەخساندن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

پێشتر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووداوەکانی سوریای لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبیدا سەیر دەکرد، بەڵام دواتر ئەو ڕوانینە وەرچەرخا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر.

یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی لە پاش شکستە یەک بە دوا یەکەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هاتۆتە ئاراوە؛ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تری تێرۆریستییە لە سوریا و لە عێراقیشدا، واشنتۆن دەخوازێت نە داعش جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە و نە ڕێکخراوێکی تری هاوشێوەی داعش دروستببێت، ئەمە بێ لەوەی بە پێویستیشی دەزانێت ڕێگربێت لەوەی دەستە و تاقمە توندڕەوەکانی سەر بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە بکەونەوە جموجۆڵ.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆ ئەمریکا جموجۆڵ و کاریگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سوریادا مایەی مەترسییە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هەروەهاش بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە، ئەوانەی هاوپەیمانی ئەمریکان.

ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە سوریادا ئاماژەیەکی جەخت لێکراوەیە بۆ کۆت و بەندکردنی جموجۆڵی ئێران لە سوریادا و هەروەها هەر هیچ نەبێت سنوردارکردنی پاوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

حکومەتی سوریا دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە سنوری دەسەڵات و مافەکانی خۆی دەستێوەردان لە کاروباری سوریادا دەکات.

ئەم لێدوانانەی وەلید ئەلموعەلم، دوابەدوای ڕاگەیاندنەکانی واشنتۆن بوو سەبارەت بە حەوت ساڵەی قەیرانی شەڕی ناوخۆی سوریا. ئەلموعەلم دەشڵێت بوونی هێزی سەربازی ئەمریکا لەناو خاکی سوریادا "نایاساییە".

لە لێدوانەکەی زانکۆی ستانفۆرددا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە واشنتۆن دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا دابین ناکات ئەگەر بەشار ئەلئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت.

لەسەر ئەم لێدوانەش وەلید ئەلموعەلم دەڵێت "سوریا تەنانەت یەک دۆلاری ئەمریکای ناوێت، چونکە ئەو دۆلارە بە خوێنی سوریاییەکان سورە."

تەواوی ئەم ڕاگەیاندنانە لە کاتێکدایە سنوری باکوری سوریا لەگەڵ تورکیادا لە ڕەوشێکی ناجێگیردایە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی ئانکەرە دەیکات بۆ چوونە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، واشنتۆن ئیش لەسەر پێکهێنانی هێزێکی 30 هەزار کەسی دەکات لە باکوری سوریادا بۆ پاراستنی سنورەکان لەگەڵ عێراق و تورکیاشدا. ئەم هێزە ئاسایشیەش لە هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنرێت کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشی هەرە سەرەکییەتی.

تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا دەکەوێتە هەماهەنگی بۆ هێرشی ئاسمانی کردنە سەر عەفرین.

سەرۆکی تورکیا و گەورە کاربەدەستانی وڵاتەکەش ئەم هێزە بە "لەشکری تێرۆر" ناو دەبەن و زیاتر لە دە ڕۆژە هەڕەشە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر مەنبج و هەروەها عەفرین، بەڵام دەشڵێن ناخوازان لەگەڵ ئەمریکادا بەرەنگاری یەک ببنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت تورکیا هاوپەیمانی وڵاتەکەیەتی لە شەڕی دژی تێرۆردا و واشنتۆن لە نیگەرانییەکانی ئانکەرە تێدەگات.

بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەمریکا پەیمانەکانی خۆی لەسەر مەنبج و عەفرین بەجێنەگایندووە و دەشڵێت لێدوانەکانی کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا مایەی دڵنیاکردنەوە نین، بەڵام ڕەتکردنەوەی واشنتۆن لەوەی بخوازێت هێزێکی ئاسایشی لە سوریادا پێکبهێنێت گرنگە.
مەولود چاوشئۆغلو جەختیش دەکاتەوە لەوەی تورکیا دەستەوسان نابێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەر هێزێک کە ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر سنورەکانی.

هاوکات سوریا ئاگاهی بە ئانکەرە دەدات، دەڵێت هەر جموجوڵێکی دوژمنکارانەی تورکیا یان دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە دژی سوریا ئەوا بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی دەدەنەوە.

فەیسەڵ ئەلمقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سوریادەڵێت " تورکیا ئاگاداردەکەینەوە ئەگەربێت و دەستبکات بە کردەی لەشکری لە ناوچەی عەفرین ئەوا بە کارێکی دوژمنکارانە لە لایەن لەشکری تورکیا دژ بە سەروەری خاکی کۆماری سوریا دادەنرێت، بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی و تورکیاش باش ئەمە دەزانێت."

فەیسەڵ ئەلمقداد دەشڵێت هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی تواناکانی خۆی بە تەواوی بۆ گەڕاوەتەوە و ئامادەیە فڕۆکەکانی تورکیا لە ئاسمانی سوریا تێکبشکێنێت.

ئایا سیاسەتی ئەمریکا لە سوریادا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد؟

ئایا بوونی هێزی سەربازی ئەمریکا لە سوریادا ڕێ لە پاوانخوازییەکانی ئێران دەگرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

ئایا واشنتۆن و مۆسکۆ دەتوانن بگەنە پلانێکی هاوبەش لەسەر ئایندەی سوریا؟

ئایا ئەمریکا دەتوانێت نیگەرانییەکانی تورکیا لەسەر پێکهێنانی هێزیکی تایبەتی ئاسایشی بڕەوێنێتەوە؟

ئایا تورکیا هێرش دەکاتە سەر مەنبج و عەفرین؟

ئایا ڕەوشی سوریا دەبێتەوە بە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش یان ڕێکخراوێکی تری جیهادیانەی تێرۆریستی هاوشێوەی داعش و ئەلقاعیدە؟

دکتۆر جەبار قادر، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:51 0:00

XS
SM
MD
LG