Accessibility links

بەشێک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر سوریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە


ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە تیایدا باس لە پێشێلکارییەکانی 90 وڵاتانی لە سەرانسەری جیهاندا کردووە باسی لە پێشێلکارییەکانی سوریاش کردووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە ساڵی 2017 شەڕی دژی داعش بوو بە ئەرکی سەرەکی چەندین لایەنی شەڕی سوریا. حکومەت بە هاوکاری ڕوسیا، ئێران و حزبوڵا بەشێکی زۆری ناوەڕاستو و ڕۆژهەڵاتی سوریایان لە دەستی داعش ڕزگارکرد هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێ دەکات ڕەققەیان کۆنترۆڵ کرد. پێشبڕکێی ئازادکردنی ناوچەکان و دەستکەوتەکان هاوکات بوو لەگەڵ سەرپێچییەکی زۆری مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی مرۆڤایەتی لە شەڕی سوریادا.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، لەوەتای ساڵی 2011 وە کە شەڕی سوریا دەستیپێکردووە زیاتر لە 400 هەزار کەس کوژراون، بە پێی بانکی جیهانی 5 ملیۆن کەس هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان داوە لە وڵاتانی دەرەوە و زیاتر لە 6 ملیۆن کەسیش لە ناو وڵاتدا ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 540 هەزار کەس هێشتا لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا دەژین.

حکومەتی سوریا ژمارەیەک هێرشی کیمایی بۆ سەر کەسانی سیڤیل ئەنجام داوە لە ناوەچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپزسیۆن. بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران، حکومەتی سوریا چەندین هێرشی بێ جیاوازی کردۆتە سەر کەسانی سیڤیل، بونیادە سڤیلییەکان، گروپەکانی هاوکاری مرۆیی و بە زۆر خەڵکی سوریایی ئاوارە کردووە کە ئەمانە هەموی سەرپێچی کردنە لە یاسای نێونەتەوەیی. حکومەتی سوریا بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ زیندانیان کردووە و ئەشکەنجەی داون و بێسەروشوێن کردنی خەڵکیش هەر بەردەوامە.

گروپە چەکدارەکانی کە سەر بە حکومەتیش نین چەندین پیشێلکارییان دژ بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام داوە. بە پێی ڕاپۆرتان داعش خەڵکانی سیڤیلی وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکار هێناوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت حکومەتی سوریا بەردەوامە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە گازی سارین کە لە کۆتایی ساڵی 2016 وە بەلایەنی کەم لە چوار شوێندا بەکار هاتووە. لە 11 و 12ی مانگی دوانزەی ی 2016لە ڕۆژهەڵاتی حەما و لە 30 مانگی 3 لە باکوری حەما و لە 4 ی مانگی 4 یش لە خان شێخون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەروەها ئەوەشی تۆمار کردووە کە هەلیکۆپتەرەکانی حکومەت لە بەلایەنی کەم هەشت شوێندا بۆمبی کلۆرینیان هەڵداوە لە کاتێکدا هەوڵی گرتنەوەی حەلەبیان دابوو.

لە مانگی 3 دا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە مزگەوتێکیان دا لە گوندی ئەلجینا لە حەلەب بەلایەنی کەم 38 کەسی تێدا کوژرا. ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشی کردۆتە سەر کۆبونەوەیەکی ئەندامانی ئەلقاعیدە، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە گوتیان هەمو قوربانییەکان کەسانی سڤیل بوون و بۆ نوێژی ئێوارە چووبوون بۆ مزگەوت. لەشکری ئەمەریکا پاشان ڕایگەیاند کە نەیزانیبوو شوێنی مەبەستەکەیان مزگەوتە و کاتی دەستپێکردنی نوێژە.

ڕاپرۆتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ جگە لەم سەرپێچیانە باس لە کۆمەڵێک سەرپێچی نامرۆڤانەی گروپەکانی وەکو داعش و تەحریر ئەلشام یش دەکات.

سەبارەت بە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی پەیەدە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەی 2018 یدا دەڵێت، هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە زنجیرەیەک هەڵمەتیان کردووە بۆ داخستنی ئۆفیسی پارتە سیاسییە ئۆپزسیۆنەکانیان و ئەندامانی پارەتە ئۆپزسیۆنە سیاسییەکان و چالاکوانانیان دەستگیر کردووە و هەراسان کردووە. زۆربەیان بەبێ هیچ تاوانبارکردنێک دەستگیر کراون. زۆربەی ئەوانەی گیراون پاش چەند مانگێک ئازاد کراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت چەندین ڕاپۆرتی لەسەر ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی خراپ لە گرتوخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێ گەیشتووە.بە بپێی وتەکانی دانیشتوانی ناوچەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات خەڵکیان بەبێ دادگایی کردن لە گرتوخانەدا هێشتۆتەوە. چالاکوانانی خۆجێهی ڕادەگەیەنن هێزەکانی سوریای دیموکرات ئازادی جموجۆڵی ئەو ئاوارەکانی ڕەققە و دێرئەلزوریان سنووردار کردووە کە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان.

XS
SM
MD
LG