" یاری شەترەنجی زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین خەریکە دەگاتە خاڵی یەکلاکەرەوە و ئاسۆی کۆتاییهاتنی ئەم گەمە خوێناوییە لە ئیستاوە دیارە" ئا بەم شێوە کاک حاتم باس لە بارودۆخی سوریا و رۆژئاوا و پێکهێنانی سوپایەکی 30،000 کەسی دەکات. ئەگەر گەلانی ناوچەکە لێ دەرکەین کە لەم شەرەدا هەرە زیان پێی کەوتوون و ژیان و ماڵ و دار و نەداریان لە دەست داوون، ئاخۆ لەم شەرەدا دۆڕاووی تێدایە وە یاخود هەموو هاووتا و بەرابەرن؟ کورد لەم یاریەدا، یاری کەرە، یان یاری پێی دەکرێ؟ ئاخۆ دەسکەوتەکان تا چەند لە بەرامبەر مەترسی هێڕشەکانی تورکیادایە؟
حاتم مەنبەری لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " دیارە ئەم لایەنانەی کە لەم رووداوانەی سوریادا بەشدارن جیاوازن، زۆرن، هەر کەسێ بە پلان و بەرنامە و تاکتیکی خۆیەوە هاتوەتە گۆڕەپانەکە، بەڵام سەرئەنجامی ئەم رووداوانە وا نیشان ئەدا، جگە لە خەڵکی ناوچەکە کە دووراوی سەرەکی ئەم رووداوانەن وە تێدا سەر و ماڵیان لە دەست داوە، وڵاتەکەیان وێران بوە، گەلی لایەنی دیکەش دەتوانن سەرەرای دانی گەلێک هەزینەی گەورە، بە بێ دەسکەوتێکی بەرچاو لەم رووداوانەدا بێنە دەر، کە بە بڕواێ من کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیا ئەتوانن دوو لەم لایەنە دۆڕاوانە بن ".
کاک حاتم هەر وەها دەڵێت " لەم یاریەدا کورد دەتوانی یاری کەر بێت و یارێ پێی کەریش بێت، کورد لە سوریا توانیویەتی بە کەمترین زیان، لە چاو ئەو زیانانەی کە لە شوێنەکانی دیکەی سوریا کەوتووە، خۆێ لەم قەیرانە بپارێزێ، هێشتا دەرباز نەبووە بەڵام زۆر زۆر باشی هێناوە تا ئێستا و بە کۆمەڵێکدەسکەوتێ بە نرخیشەوە، لە لایەکی دیکەوە بەڵێ کورد یاری پێی دەکرێ چونکە هێزێکی ئەوەی نییە یاری کەریکی ئەسلی بێ لە ناو ئەم زلهێزانەدا کە بە تواناترن".
کاک حاتم دەشڵێت " کورد ئێستا ئەکتەرێکی گرنگە کە هەموو لایەک بە دۆست و دژمنەوە حیسابی بۆ ئەکەن و حیسابی لەسەر ئەکەن، دەسکەوتەکانی کورد بە هۆێ هەڕەشەکانی تورکیاوە زۆر لە مەترسیدان بە تاێبەت ئەو بەشەی لەوبەری چەمی فورات و ناوچەی عەفرین دایە وە تورکیا بە فورسەتێک دەیبینی کە ئەمەریکا ناتوانی لەوێدا دەست تێکەڵاو بێت "