لەشکری تورکیا بۆ شەشەم ڕۆژی لەسەر یەکە بەردەوامە لەتۆپباران و بۆردومان و هێرشەکانیدا بۆسەر شاری کورد نشینی عەفرین لە سوریادا.
دواترین پەرسەندنیش لەم هێرشانەی تورکیادا لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی تورکیایە سەبارەت بە فراوان کردنی کردە لەشکرییەکان و تا ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبج بگرێتەوە کە کورد تیایدا فەرمانڕەوایە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت ئەرکە سەرەکییەکەی کۆتایی هێنانێکی تەواوەتییە بەو مەترسییانەی لەسەر سنورەوە ڕووبەڕووی وڵاتەکەی دەبنەوە.
وەک ئانکەرە دەڵێت ئەو کردە لەشکریانەی لە ڕۆژی شەممەوە دەستیان پێکردووە بۆ داگیرکردنی شاری عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەریشی تا ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلدان لێیان بسەنێتەوە چونکە یەپەگە بە سەرچاوەیەک بۆ مەترسی ئاسایشی لەسەر تورکیا دادەنێت.
ئانکەرە وەها دەڕوانێتە یەپەگە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وە بە تێرۆریست ناودێری دەکات.
میوانی بەرنامە:
عەلی کەریمی، نوسەر و لێکۆڵەر
لە ئێستادا تورکیا ئەم هێرشانەی خۆی بە ناوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیەوە دەکات لە تێرۆریزم، بەڵام لەو کاتەدا کە شاری کۆبانی و ناوچەکانی تری کوردستانی سوریا لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریدا بوون لەلایەن ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعشەوە بەڵام ئانکەرە هەنگاوێکی ئەوتۆی نەنا لەو شەڕەی دژی تێرۆریزمدا کە کاربەدەستانی تورکیا لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا جەختیان دەکردەوە لەوەی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.
کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کاردانەوەی هەیە بەڵام بە ئاستی جیاواز، لەوانە لەشکری ڕوسیا لە عەفرین بوو، وە پێش هێرشەکان شوێنی خۆی گۆڕی و چووە شوێنێکی تر و بەرامبەر کوشتنی خەڵکی سیڤیلی کورد لەو ناوچانەی هێرشەکانی تیایاندا دەکرێن، بێدەنگە.
لەشکری ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوا هەن و وەک کاربەدەستانی ئەمریکایی دەڵێن وتووێژ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئانکەرەدا بەردەوامن و دەشڵێن تێگەیشتنیان هەن بۆ نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا و داواش دەکەن ئەو کردە لەشکرییانە سنوردار بن.
سوریا بۆتە مەیدانێک بۆ ململانێی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و نێونەتەوەییش، زۆرێکیش لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ڕووداوەکانی سوریا بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزە لە هەردوو شانی ڕووباری فوراتدا (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)ی ڕووبارەکە.
پشتیوانییەکانی ڕوسیا بۆ ڕژێمی سوریا دەکرێت وەک جۆرێک لە گەڕانەوەی هەژموونی مۆسکۆ سەیر بکرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو ڕوانگەیەوەی لەو کاتەوە تا ئێستا ڕوسیا بۆتە فاکتەرێکی سەرەکی لە ڕووداوەکاندا.
ئایا ئامانجی تورکیا لەم هێرشانەیدا بۆ سەر عەفرین و مەنبج و ناوچەکانی تریش لە سوریادا شەڕی دژی تێرۆریزمە؟
بۆچی ئانکەرە لە ناو تورکیادا ئاسایشی خۆی ناپارێزێت و هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی تر بە مەبەستی خۆپاراستن؟
بۆچی جیهانی ئیسلامی ڕاگەیاندنێکی ئەوتۆی لەسەر ئەو هێرشانەی تورکیا نییە بۆسەر عەفرین، ئایا کورد موسڵمان نییە؟
ئایا هێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین، هاوپەیمانێتی کورد لە ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکادا بە چ ئاقارێکدا دەبات؟
ئایا پەرەسەندنەکانی لە سوریا هەن، دەبنە مایەی داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ڕوسیا و ئەمریکا سەبارەت بە سوریا؟
ئایا ستراتیژیەتی ئەمریکا یان هی ڕوسیا لە سوریادا ئاشکرا ترە؟
عەلی کەریمی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: