Accessibility links

ئاژانسی هاوکاری پەنابەرە فەلەستینیەکان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی ئابوری دەبێتەوە


سەرۆکی ئاژانسی هاوکاری پەنابەرە فەلەستینەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNRWA، ڕەخنەیەکی توند لە ئەمەریکا دەگرێت بەهۆی کەمکردنەوەیەکی زۆری بودجەکەیان. ئەو هۆشداریشی دا ئەم کردارە ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەلەستینیەکان و هەرێمەکە.

سەرۆکی ڕێکخراوی UNRWA، پیێر کراهینبول دەڵێت ئاژانسەکە دووچارەی خراپترین قەیرانی دارایی لە مێژوودا بۆتەوە بەهۆی بڕیاری ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەیەکی ئێجگار زۆری بودجەکەیان.

کراهینبول دەڵێت " ساڵی ڕابوردوو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 360 ملیۆن دۆلاری دابوو بە ئاژانسەکە. ئەم ساڵ تەنها 60 ملیۆنیان ڕاگەیاندووە. ئەم جیاوازییە زۆرە. 300 ملیۆن دۆلار جیاوازی هەیە. ئێمە ساڵانە یەک ملیار و دوو سەد ملیۆن بۆ یەک ملیارو سێ سەد ملیۆن خەرج دەکەین. جا ئەمە بڕێکی بەرچاوە لە بودجەکەمان کە پێویستمانە."

سەرۆک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کەمکردنەوەی هاوکاری بۆ UNRWA ڕاگەیاند پاش ئەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکەی ئەمەریکایان بۆ دانپیانانی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل شەرمەزار کرد.

کراهینبول لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاوکاریکردنی مرۆیی پێویستە لەسەر چۆنیەتی کارەکانی ڕێکخراوەکە بێت نابێت پەیوەندی بە دیدوبۆچوونی سیاسیەوە هەبێت. ئەو گوتیشی ئەگەر بودجەکە دابین نەکرێت ڕەوشی خراپی کەرتی غەززە خراپتر دەبێت.

کراهینبول گوتیشی " ڕوون و ئاشکرایە ئەگەر کارەکان نەکرێن ئەوا ناسەقامگیری زیاد دەبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو هەمو گرفتانەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، مەسەلەی ڕادیکاڵ بوون و نیگەرانییەکانی تریش."

UNRWA بەم دواییە داوای 800 ملیۆن دۆلار هاوکاری کردووە بۆ پەنابەرانی فەلەستینی لە غەززە، کەناری ڕۆژئاواو سوریا. ئەم بودجەیە بۆ خۆراک، کەرەستەی فریاگوزاری تەندروستی، پشتیوانی بۆ تەندروستی دەرونی و بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر خەرج دەکرێت.

XS
SM
MD
LG