Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا


بۆ زۆرێک لە چاودێر لەوانەیە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تورکیا قورسترین وێستگەی سەردانەکەی بێت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی تورکیا لێدوانەکانی خۆی دوو هێندە و زیاتر توندکردووە بەرامبەر بە ئەمریکا و گەیاندویەتیە ئاستێک هەڕەشە لەو هێزە سەربازیانەی ئەمریکا دەکات کە لە ناو سوریادان.

ئانکەرە زۆر نیگەرانە لەو هاوپەیمانێتیەی ئەمریکا هەیەتی لەگەڵ ئەو هێزە کوردیەی شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات، ترسی لەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا ببێتە هاندەرێک بۆ کورد لە تورکیادا تا هەوڵی سەربەخۆیی بدەن.

شەڕی سوریا پشێوی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و واشنتۆندا زیاتر کردووە، ڕێک وەک ئەوەی بگوترێت هەر یەکەیان لە جەمسەرێکەوە دەڕوانێتە سوریای ئێستا و ئایندە، نەک ئەوەیهەردوو وڵات ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن و هاوپەیمانێتییەکی ستراتیژی ئاسایشیش پێکیانەوە دەبەستێتەوە.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شارەزای کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بە مەترسی سەرەکی دەزانێت لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و هەر لایەنێکیش دژی داعش بووەستێتەوە، وەک هێزیکی پێویست لێی دەڕوانێت بۆ سەقامگیری لە جیهاندا.
بەڵام ئانکەرە بە پلەی یەکەم پەیەدە و یەپەگە بە هەڕەشە و مەترسی دەزانێت ئەوجا داعش، ئەگەرچی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە بەشە هەرە سەرەکییەکەیەتی هێزی یەکەم و تۆکمەی ئەو شەڕەن لە دژی تێرۆریستان هەیە لە ناوچەکەدا و توانیشیان متمانەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژ بە داعش بەدەست بێنن.

ئانکەرە پەیەدە و یەپەگە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت، هەربۆیەشە وەک دەڵێت ناتوانێت درێژە بە هاوپەیمانێتی خۆی بدات لەگەڵ ئەمریکادا، چونکە ئەمریکا پەیەدە و یەپەگەی بە هاوپەیمانی خۆی داناوە لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا.

ژەنەراڵ جەیمی جارارد لەگەڵ شەڕڤان دەروێش لە مەنبج ڕۆژی 7 ی مانگی 2 ی ساڵی 2018
ژەنەراڵ جەیمی جارارد لەگەڵ شەڕڤان دەروێش لە مەنبج ڕۆژی 7 ی مانگی 2 ی ساڵی 2018

بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانێتی ناتۆ، هەردوو وەزیری بەرگری ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەتەوە و دواتر وەزیری بەرگری تورکیا بە ڕۆژنامەنوسانی وتووە داوای لە جم ماتس، وەزیری بەرگری ئەمریکا کردووە یەپەگە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەربهێندرێت.

هەر ئەمڕۆش پێنجشەممە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بەیروت، لوبنان، ڕیکس تێڵەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پەیامنێرانی وتووە "ئەمریکا هەرگیز چەکی قورسی نەداوەتە یەپەگە تا لێیان وەربگرێتەوە."

*ئایا تورکیا دەتوانێت دەستبەرداری هاوپەیمانێتییەکەی بێت لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا؟
*ئایا ڕوسیا چەندێک متمانە بە تورکیا دەکات لەسەر دۆسێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش سوریا؟

*ئایا هاوکاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئانکەرە، دەتوانێت دڵنیایی بدات بە تورکیا لەسەر دۆسێی کورد؟
* ئایا تورکیا دەتوانێت لە بەرەی "ڕوسیا و ئێران" دا جێیەک بۆخۆی مسۆگەر بکات؟
*ئایا فۆبیای کورد چەندێک کاریگەری هەیە لەسەر سیاسەتەکانی تورکیا؟
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:29 0:00

XS
SM
MD
LG