هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و نە پەرلەمان و نە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش ڕاگەیاندنێکی ئەوتۆیان نەداوە سەبارەت بەوەی لە چ ڕۆژێکی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت هێشتا حکومەت و کۆمیسیۆن و پەرلەمانیش نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و دەشڵێت لەوانەشە ڕێککەوتنی ژیر بە ژێریش هەبێت لەو ڕوانگەیەوەی هیچ یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان ئامادەکارییان بۆ ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە نەکردووە.
دکتۆر ئومێد دەڵێت چونکە پەرلەمانی هەرێم بۆی نییە جارێکی تر وادەی خۆی درێژبکاتەوە هەر بۆیە دەبێت تا مانگی نۆ هەڵبژاردن بکرێت.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر ئومێد ڕەفیق ئاماژەش بەوە دەکات کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردن لە هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرکردایەتییەکی سیاسی بەهۆی ئەو بێ متمانەییەی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و دەڵێت ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنیەی بۆ هەڵبژاردن دروستکراوە تا ڕێ لە فێڵ و تەڵەکەی هەڵبژاردن بگرێت تا ئێستا ئامێرەکانی نەهێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و وەک باسی دەکات کۆمیسیۆن هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامێرانە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: