لە دەرگیریەکانی دوێنی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ئێرانی و دەروێشەکانی گنابادی لە تاران چەندین کەسان کوژران و سەدانی تریش دەستگیر کران. ئاخۆ سەرچاوەی ئەم دەرگیریانە چیە و تا چەند بە ئازادیەکانەوە گرێدراوە؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " سەرچاوەی ئەو دەرگیریە ئەگەر زۆری لێ وورد بینەوە دەبێ بۆ ئەو رەوشە بگەرێنەوە کە کۆماری ئیسلامی یەک خوێندنەوەی تاێبەتی لە ئیسلام و لە شیعە هەیە و بە فەرمی ناسیوە و ئەوانەی تری هەموو رەتکردووەتەوە، لە بەهائیەکان، لە سوونییەکان، دەروێشەکان کەسانێکن کە شیعەن، کەسانێکن کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نییە و لەگەڵ هیچ کەسێکدا کێشەیان نییە، بەڵام چون قرائت و خوێندنە وەی کۆماری ئیسلامی لە دینیان قەبول نییە، ئەوا کەوتوونەتە بەر دوژمنایەتی".
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت " دەرویشەکان نەک هەر شیعەن، بەڵکو سیاسیش نیین، بگرە ناویان بەسەر خۆیانەوەیە دەروێشن، پەیوەندیان بە سیسەتەوە نییە تا ئەو کاتەی زۆریان لێ نەکرێ، هەتا ئەو کاتەی کە پەلاماریان نەدرێ، لە خوازیاری دەسەڵاتن، نە حیزبن، نە دەیانەوێ مملەکەت بگۆڕن، نە پەیوەندیان لەگەڵ هێزی دەرەکی هەیە، تەنها ئەوەیە دەروێشن و لە حاڵەتێکی رۆحانی و ئینسانی خۆیاندان".
كاک هێمن دەشڵێت " تەنها داخوازی دەروێشەکان ئازادی ئاێینیانە ، ئەوەی کە پێشیان نەگرێ، کۆڕ و کۆبۆنەوەکانیان تێک نەدرێ، رێبەرەکانیان دەستگیر نەکرێن، ئەشکەنجە و ئازار نەدرین وە لە مافە سەرەتاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ بەهرە نەبن".