شیعر و ئاواز و دەنگ، سێ بنەما سەرەکییەکەی گۆرانین و کاتێکئەم سێ پێکهاتەیە پێکەوە ئاوێزان دەبن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار لەگەڵ یەکتردا دەکەن، ئەوا بێ هیچ چەند و چوونێک ئەو گۆرانییە بەرهەم دێت کە بە سانایی لە دەروازەکانی گیان و هزرەوە خۆی دەکات بە ماڵی بیستەردا.
بەپێی ڕای زۆرێک لە هونەرمەندانی ژانری موزیک و گۆرانی شێواز یان ستایڵی گۆرانییەکان هەرچییەک بن، هەر پێویستی بە شیعر و ئاواز و دەنگ هەیە.
نازناوی هونەرمەند ئێجگار گەورەیە و پڕیشە لە بەرپرسیارێتی و دەشبێت کەسی هونەرمەند لە ئاست پاراستنی ئەو بەرپرسیارێتیەدا بێت.
لەمڕۆدا زۆرن ئەوانەی گۆرانی دەڵێن، یان دروستتر بڵێم وەک گۆرانیبێژ ناو دەبرێن و لە هەندێک باریشدا بە هونەرمەندی گەورە ناودێر دەکرێن، بەڵام مەخابن لەگەڵ ئەوەشدا کە نەیانتوانیوە مشتێک بنێنە سەر خەرمانی پڕ بەرەکەتی هونەری ڕەسەن، ئاوەهاش کراون بە ماڵ بەسەر هونەری گۆرانی و موزیکی هاوچەرخەوە.
هونەری موزیک و گۆرانیش وەک هەموو ژانرە فەرهەنگییەکانی تر خاوەنی پەیامە و ئەو پەیامەش لە شیعر و لیریکی گۆرانییەکەوە دەردەبڕدرێت، جا تێکستی ئەو سترانە لە فۆلکلۆرەوە وەرگیرابێت یان دەقێکی نوسراویش بێت جیاوازی نییە، وەلێ لە زۆرێک لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا کە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە کوردییەکانەوە پەخش دەکرێن، نەک هەر ئەو هەستەت لەلا دروست دەکات کە بایەخ بە تێکست نادرێت بەڵکو { گۆران }واتەنی "میزاجی کوردەواری" ش تێک دەدات.
ڕەخنە لە شێوازەکانی گۆرانی وتن و بەکارهێنانی ئاوازەکانیش هەن، لەو ڕوانگەیەوەی ئێستا پەنا دەبرێتە بەر ئاوازە عەرەبی و تورکی فارسییەکانیش و دووبارە و سێبارە دەکرێنەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەو ئاوازانە و زیاتر لە تەوەرەکانی لاسایی کردنەوەدا خول دەخۆن.
ئەمەش بۆتە مایەی مشتومڕێکی بەردەوام لە نێوان ئەوانەی کار لە هونەرێکی ڕەسەن و ڕژددا دەکەن و ئەوانەش کە بە پێوانە بیانییەکان کار دەکەن و وەک دەڵێن باس لە هونەرێکی هاوچەرخانە دەکەن.
کەمن ئەوانەی ڕەسەنایەتی و هونەری ڕژد بە هێند وەردەگرن و دەیکەنە زەمینەیەک بۆ پەلهاویشتن بە ئاڕاستەی هاوچەرخی بووندا لەو سۆنگەیەوەی سود وەرگرتن لە سیما و تایبەتمەندێتییەکانی هونەری بیانی بە کێشە و گرفت نازانن ئەگەر نەچێتە خانەی لاسایی کردنەوەیەکی کوتومتەوە و ببێتە زیان و برینە بە ژانەکەی جەستەی گۆرانی کوردییەوە.
دەمێکە گوێگرێکی هەمیشەیی هونەرمەند "عەبدولقادر حەسەن" م، ئەو کاتانەی بیری ئێوارانی نیشتمان دەکەم، ئەو سپێدانەی هەست دەکەم پێویستم بە هەناسەیەکی پڕ لە بۆن و بەرامەی ئەو بنارانەیە، ئەو ئێوارانەی ئارەزووم بە پیاسەیەکی شەقام و کۆڵانە تەنگەبەرەکانە، ئەو ساتە وەختانەی دەمەوێت نامەیەکی ئەندێشە ئامێز بنێرم بۆ کۆتر و کانی و سنەوبەری مەملەکەتەکەم، دەبینم "عەبدولقادر حەسەن" بە دەنگە ڕەسەن و ئاوازە جوامێرەکانی و شیعرە پڕ بەهاکانی، دەستم دەگرێت و دەمباتەوە بۆ زێدی باوان.
دەنگی عەبدولقادر حەسەن دەنگێکی کوردانەیە و ناسنامەی کوردانەی خۆی لە دەست نەداوە.
ئایا دەکرێت بە بیانوی هاوچەرخی بوونەوە، ڕەسەنایەتی لە هونەری گۆرانیدا فەرامۆش بکرێت؟
ئایا هونەری ئەمڕۆی گۆرانی چەندێک توانیویەتی درێژەپێدەری هونەرمەندانی وەک حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و قادر دیلان و هتد بێت؟
ئایا میدیای کوردی یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی؟
بۆچی ئەزموونی هونەرمەندانی کورد ناکرێنە میتۆدێک بۆ خوێندکاران لە کۆلیژ و پەیمانگا هونەرییەکاندا؟
ئایا تیپی مۆسیقای سلێمانی چ کاریگەرییەکی لە ژیانی هونەرمەند عەبدولقادر حەسەندا هەبووە؟
ئایا ناخۆشترین ساتی ژیانی هونەریی عەبدولقادر حەسەن چییە؟
ئایا هونەرمەند "عەبدولقادر حەسەن" دەتوانێت ڕەهەندە هونەرییەکانی حەسەن زیرەک تێبپەڕێنێت؟
هونهرمهند (عەبدولقادر حەسەن) له بهرنامهی (ژیان له فهرههنگدا) وهڵامی ئهم پرسیارانه و پرسیار و سهرنجهکانی ئێوهی ئازیزیش دهداتهوه: