توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەتیش ئەوانەی دژ بە ژنان دەکرێن، جا لە هەر قۆناغێکی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیدا بێت پێویستی بە پێناسەکردن هەیە بەو شێوەیەی هەموو شێوازێکی پێشێلکاریەکان لە خۆ بگرێت وەک زەوتکردنی ماف و کۆت و بەندەکانی دەبنە مایەی سنوردارکردنی بیرکردنەوە و جموجۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
کۆمەڵگەی کوردی وەک زۆریک لە کۆمەڵناسان جەختی لێدەکەنەوە کۆمەڵگەیەکی داخراوە و یاسا و ڕێساکانی عەشرەتگەرایی و تیرەگەرایی و باڵادەستی هزرە ئاینیەکان وەهایان کردووە بیکەنە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاری.
هەوڵەکان زۆرن بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسێی ژنان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کارانەشدا کە کراون وەک چالاکوانان باسی دەکەن هێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژ ماوە ببڕدرێت بۆ نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگەیەک کە پرەنسیپەکانی یەکسانی تیادا پارێزراو بێت.
ئەڵبەت ئەم ئەرکە هەر تەنها لە ئەستۆی پیاودا نییە هێندەی ئەوەی بە ئەرکی ژن خۆی دەزانرێت، ئەمە بەو مانایە نییە پیاو پشتی لێبکاتەوە و بڵێ ئەرکی "منی پیاو" نییە، نەخێر بەڵکو ئەرکێکی پیرۆزیەتی دەست لە دەست لەگەڵ ژندا بەردێک بنێتە بان بەردێک لە پێناو برەودان بە دۆسێ مرۆییەکاندا، نەک ئەوەی بە لاوازترین بڕواوە ئیش بۆ کۆمەڵگە بکات.
میوانی بەرنامە:
ڤینۆس فایەق، نوسەر و لێکۆڵەر
بۆیە ئەرکە سەرەکییەکە بە ئەرکی ژن خۆی دەناسرێت چونکە هەرگیز پیاو ناتوانێت لە مەینەتی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ژن دەکرێن وەک ژن خۆی لێیان تێدەگات، ئەگەرچی پیاو هۆکارە سەرەکییەکەی زەوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە.
لە هەرە کۆمەڵگەیەکیشدا گەر بخوازرێت هەنگاوی بەرەوپێش بنرێن بە ئاڕاستەی یەکسانیدا ئەوا بمانەوێت یان نەمانەوێت پێویست بە ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ بەشدارییەکی کارای ژنان.
لە یەکێک لە خاڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕێگەگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر ژناندا ئەوە خراوەتە ڕوو کە دەبێت دەوڵەتەکان ئیدانەی توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و ڕێگەش نەدەن بارە باوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانینە ئاینییەکان بکرێنە پاساو بەرامبەر بە هەوڵەکانی ژنان.
لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرنوسی یاسا پەسەندکراون وەک دەگوترێت لە بەرژەوەندی ژنانن، یەکێک لەوانە یاسایەکە بۆ سزادانی ئەوانەی ژن دەکوژن.
ئەم یاسایە بوونی هەیە بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ژمارەیەکی زۆر کەم سزا دراون لەسەر کوشتنی ژنان، ئەوانەش کە سزا دراون ناویان لە بەشی سەرەوەی لیستی ئەوانەدایە کە بەر لێبوردنی گشتی دەکەون.
ئایا توندوتیژییەکان دژی ژنان چەندێک دەبنە مەترسی بۆسەر ئاستی پێکەوە ژیانێکی ئاشتایانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟
ئایا دەکرێت دانانی ڕێژەی "کۆتا" بۆ بەشداریپێکردنی ژنان لە بواری سیاسیدا وەک بەشێک لە دابینکردنی مافەکان لێی بڕوانرێت؟
ئایا هۆکارەکانی سەرکوتکردنی ژنان، بارە باوەکانی کۆمەڵگەیە یان کاریگەری ئاینە؟
ئایا پێشێلکردنی مافەکانی ژنان هەر تەنها لە ڕووی جەستەییەوەیە؟
ڤینۆس فایەق، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: