وەک چۆن دەگوترێت ئەو شیعرەی لە پێناو شیعردا دەنوسرێت باڵاترە و گیانی داهێنانەشی زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شیعرانەی بە مەبەستێک دەنوسرێن، بۆ وتنی گۆرانیش ئاوەهایە.
چڕینی گۆرانی هەر تەنها ئەوە نییە بەپێی ڕیتم و ئاواز و شیعرەکە بڕۆیت، بەڵکو جۆرێکە لە تێکچڕژانی ڕۆح و دەنگ، ئاوێزان بوونی شیعر و دەنگ، لە ئامێزگرتنی ئاواز و دەنگ و هەروەهاش تێکەڵبوونێکی هارمۆنیانەی شیعر و ئاواز و چریکەی دەنگە.
هونەرمەندە گۆرانیبێژە ڕاستەقینەکان کاتێک دەستدەکەن بە چڕینی گۆرانییەک هەست دەکەیت بەبێ ئەوەی هیچ فشارێکیان لەسەر ناخی خۆیان دروستکردبێت، نەرم نەرم، بە ئارامی سۆزی وتنی سترانەکەی دەڕژێنێتە ناو ڕۆحی گوێگریەوە، ئەمەش یەکێک دەبێت لەو هەنگاوە سەرەکییانەی کار لەسەر مانەوەی گۆرانی دەکەن بە زیندوویی و گواستنەوەیەکی ئاسانیش لەم نەوە بۆ ئەو نەوە.
ئاوازدانەرەکان چەندێک ئاوازەکەی خۆیان بە دڵە و چەندێکیش بەلایانەوە گرنگە شاکارە شیعرییەکان بکەنە گۆرانی، ئەوەندە و زیاتریش بەلایانەوە گرنگە بزانن کامە دەنگ ئەو ئاوازەیان لە گۆرانییەکدا بۆ بەرجەستە دەکات.
"ئەمەل سەعید کوردە" یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ناخوازێت گۆرانی بۆ ناساندنی خۆی بڵێت وەک گۆرانیبێژێک، بەڵکو دەخوازێت لە ڕێی گۆرانییەوە پێمان بڵێت ئەم هونەرە ئێجگار گەورە و پیرۆزە با تێکی نەدەین و وێرانی نەکەین و لە باڵایی خۆیدا هەوڵی بۆ بدەین و گەشەی پێبکەین و پەرەی پێبدەین نەک هەر گۆرانییەک پەلی لێبکرێتەوە و بە جیهانی هەڵوەرینی بسپێرین.
بۆ ئەم هونەرمەندەمان کۆشش و هەوڵە هونەرییەکانی لە شوێنێکدا ڕاناوەستن، بەردەوامییان هەیە. لەو ڕۆژانەوەی خوێندکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بووە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە لە گەڕان و گەشتە هونەرییەکانیدا تا بتوانێت بەرهەمی نوێی جیاواز بێت لە بەرهەمەکانی پێشتری.
لە بیرمە ئەو کاتەی گۆرانی دەریا (شیعری ڕەئوف بێگەرد و ئاوازی ئەنوەر قەرەداغی) لە لایەن هونەرمەند ئەمەل پێشکەشکرا، سترانێک بوو ڕێک وەک بڵێی لە حەژمەتدا ئاسمان دەریا لە ئامێزدەگرێت، هەور بە خوڕ چاوی دەریا تەڕ دەکات و دەریاش یەکپارچە دەبێتە لانکەیەک بۆ هەست و نەست.
زیاتر لە 20 ساڵە هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە دەستیکردووە بە کاری هونەری و توانیوویەتی جێگەیەکی دیار بۆ خۆی دابین بکات.
ئێستاش لە بەریتانیا لەگەڵ خوێندنەکەیدا دەگەڕێت بەشوێن کارەکانی تری دەنگدا کە بڕوای وایە دەکرێت چەندان تەکنیکی جیاوازتری لێ بەرهەم بهێنرێت.
لای ئەمەل گۆڕانکارییەکان پێویستن لە هونەری گۆرانیدا و بڕوایشی بەوەیە ئەو گۆڕانکارییانە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر جیاواز دەبن.
لای ئەمەل سەعید کوردە، گۆرانی وتن تواناییەکە پێشکەش بە هەموو بوونێک دەکرێت.
ئایا تێکەڵ کردنی گۆرانی فەرهەنگە جیاوازەکان وەک بەشێک یان هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی گۆرانی کوردی لێی دەڕوانرێت؟
ئایا دەکرێت گۆرانی وتن بە دەربڕینێکی ناخ ناودێر بکرێت؟
ئایا دەشێت گۆرانی بکرێتە پێناسەیەک بۆ هەستەکانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ؟
ئایا هۆکارە نهێنییەکان چین کە مرۆڤی ئاسایی دەخەنە گۆرانی وتن و چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ گۆرانی وتنی گۆرانیبێژێکدا؟
کامیان بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ پێویستە، ناوبانگ پەیداکردن یان پاراستنی ئەو ناوبانگە؟
ئایا ئەمەل سەعید کوردە کام گۆرانییەی لە هەموویان خۆشتر دەوێت و ئایا لە هیچ یەکێک لە گۆرانییەکانی پەشیمانە؟
هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: