Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: سوریا لە هاوکێشەی ڕوسیا و ئێران و تورکیادا


ڕێبەرانی ڕوسیا و تورکیا و ئێران لە ئانکەرە کۆبوونەوە وەک دەگوترێت بۆ وتووێژکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا.

مۆسکۆ، تاران، ئانکەرە لە هەوڵدان وەک زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان ئاماژەی پێدەکەن بۆ جێگیرکردنی کاریگەرییەکانی خۆیان لە ئایندەی سوریادا و هەروەهاش هەوڵێکی تریانە بۆ دوورخستنەوە یان لە پەراوێزنانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڤلادیمیر پوتن، حەسەن ڕۆحانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیاندا لە ئانکەرە بڕیار و پەیمانیشیان داوە بۆ یارمەتیدان و کۆمەک کردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا و پاراستنی سەروەری خاکی سوریا.

ئەم بڕیار و پەیمانانەی هەر سێ وڵات لە کاتێکدایە هەر یەکەیان بە شێوەیەک بەشدارن لە شەڕی سوریادا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بەردەوام شار و شارۆچکەکانی سوریای کردۆتە ئامانجی بۆردومانە وێرانکارەکانیان، ئێران هێزی سەربازی لەناو سوریادا هەیە و شان بە شانی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد شەڕ دەکات، تورکیا لە مانگی یەکی ڕابردووەوە لەشکرکێشی لە سوریادا کردووە و ناوچەی کوردنشینی عەفرینی داگیرکردووە.

ئەمەش دووهەم کۆبوونەوەی هەرسێ وڵات بووە بۆ وتووێژکردن لەسەر قەیرانی سوریا.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەم کۆبوونەوەیەشیان هاوکات بووە لەگەڵ ئەگەر و نەگەرەکانی کشانەوەی ئەو هێزە سەربازییانەی ئەمریکا لە سوریادا هەیەتی.

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک دانۆڵد ترامپ خواستی خۆی دووبارە کردۆتەوە بۆ کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە سوریا بەڵام ئاماژەشی بەوە کردووە ئەگەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەخوازێت هێزەکانی ئەمریکا لە سوریادا بمێننەوە ئەوا پێویستە یارمەتی بدات لە دابین کردنی خەرجییەکانی مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریکادا.

ئەرکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سوریادا وەک برێت مەکگۆرک، نێردراوی تایبەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت "بۆ شەڕی دژی داعشە و ئەرکەکەمان هێشتا تەواو نەبووە و ئەرکەکەمان تەواو دەکەین."

لە تەواوی هاوکێشە و ڕەهەندەکانی شەڕی سوریادا وەک چاودێر دەڵێن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دواوەیە لەو ڕوانگەیەوەی وەک دەگوترێت بەرنامەڕێژی و ستراتیژیەتی ئەمریکا لە سوریادا ڕوون نییە لەگەڵ ئەوەشدا کە مۆسکۆ هەروادێ و زیاتر ئانکەرە لە واشنتۆن دوور دەخاتەوە.

مانۆڕە سیاسی و لەشکرییەکان لە سوریادا درێژەیان هەیە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش کەی دەگاتە ئەو ئاستەی زەمینەی پشوو درێژی بەر تەسک ببێتەوە و ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن و قەیرانی تری نوێ تر بە دوای خۆیاندا بێنن.

ئایا مۆسکۆ و تاران و ئانکەرە دەتوانن سەقامگیری بێننە ئاراوە لە سوریای بەشەڕ وێرانبوودا؟

ئایا ڕوسیا و ئێران و تورکیا دەتوانن کۆتایی بهێنن بە شەڕی دژی تێرۆریزم لە سوریا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

ئایا پوتن و ڕۆحانی و ئەردۆغان، دەرفەتێک بۆ ڕۆڵبینینی ئەوروپا و ئەمریکا دەهێڵنەوە؟

ئایا ئایندەی کورد لە سوریادا دەچیتە کارنامەی وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دنیا؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:45 0:00

XS
SM
MD
LG