Accessibility links

زیا پترۆس؛ساڵ به‌ساڵ ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات


زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان
زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان

زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان دەڵێت"ساڵ‌بەساڵ ڕەوشی مافەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگرێت بە تایبەت ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW ، دەڵێت"ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتەکانی لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان زۆرجار سیاسیە، چونکە هەندێک جار شتێک باس دەکات کەلای ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ نیە."

سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕێکخراوی جیهانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە خراپی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکاریەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی؛

ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە دوای مانگی دووی 2014 وە بەرەو خراپی ڕۆیشتووە، ساڵ‌بەساڵ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات هۆکارەکانیش زۆرن بە تایبەت کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و قەیرانی دارایی و چارەسەرنەکردنی کێشەی نێوان بەغداد و هەولێر. ئێمە وەکو دەستە هەر بە ئەرکی خۆمان هەستاوین و چاودێری ئەو دۆخەمان کرد.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch لە ڕاپـۆرتەکەیدا دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان توندوتیژیـیان بەکارهێناوە لە بەرامبەر خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز، ئەوانەی داوای موچەکانی خۆیان دەکەن.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی یەکشەممە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەقی ڕاپـۆرتەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە. دەڵێت لە میانەی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی لە کۆتایی مانگی سێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، هێزەکانی ئاسایش بە لایەنی کەم 84 خۆپـیشاندەر و 4 ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە وە زۆربەیان تەنیا لەبەر ئەوەی خۆپـیشاندانیان کردبوو.

لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت؛ ڕاستە ئێمەش ڕاپۆرتمان هەیە کە هەندێک لایەن بەجلی مەدەنیەوە هاتوونەتە ناو خۆپیشاندەران و توندوتیژیان بەکارهێناوە و لە خەڵکیان داوە وە دەستگیریان کردوون و بردوویانن بۆ شوێنێکی تر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو زانیاریانەشمان دەسکەوتووە کە هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان دەرچوون بەلای لایەنێکی سیاسی و دروشمیان دژی لایەنێکی سیاسی دەوتەوە. کەواتە هەڵەیەک هەبوو هەم لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە وە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران. هەردوولایان پێشێلکاریان دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە.

زیا پترۆس ڕەخنەی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی گرت لە بارەی ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانەوە بڵاویدەکەنەوە و وتی؛ ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤ بۆ خۆمان ڕاپۆرتمان هەیە لەسەر پێشێلکاریـیەکانی مافی مرۆڤ بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە لای ئێمەش گرنگە چاودێریان دەکەین وە بەراوردیان دەکەین لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی لای ئێمە هەن، بە ڕاستی زۆر جار تێبینی دەکەین وە بەبەڵگەوە بە تایبەت ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتەکانی سیاسیە. هەندێک حاڵەت باس دەکات کە ئێمە جگە لە ئۆفیسی سەرەکی 12 ئۆفیس و لقی ترمان هەیە هەندێک خاڵ لەو ڕاپۆرتانە باس دەکات کە لای ئێمە قەت بوونی نەبووە و نیە، کەس لەسەر خۆپیشاندان لە کارەکەی دەرنەکراوە قەت شتی وانەبووە، بەڵام خەڵکانێک گیراون یان لێیان دراوە یا شەقیان تێهەڵدراوە بەڵێ ئەمانە هەبوون.

سەبارەت بە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانیش، زیا پترۆس دەڵێت؛پێشێلکارییەکانیش لە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئێمە لەگەڵ سەندیکاش باسمان کردووە، ڕاستە هێزە ئەمنیەکان نەیانهێشتووە هەندێک کەناڵی دیاریکراو بێنە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بەڵام هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان و پەیامنێر هەبووە کە لە پیشەکەی خۆی دەرچووە ڕۆژنامەنوس ئەرکەکەی ئەوەیە ڕوماڵی خۆپیشاندان بکات بەڵام پەیامنێر و ڕۆژنامەنوس هەبووە لە ئیشەکەی خۆی دەرچووە و بۆتە بەشێک لە خۆپیشاندەران، لە هەمان کاتدا ئێمە بە دواداچونمان کردووە و دەستنیشانمان کرد کە هەندێک لە خۆپیشاندەران بە چەک و چەقۆوە هاتبونە خۆپیشاندانەکان.

هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستبووە ڕوو؛ هێزەکانی ئاسایش هێزی نایاسایـیان بەکارهێنابوو بۆ ناچارکردنی هەندێک لە خۆپـیشاندەران و ڕۆژنامەوانان تاوەکو مۆبایلەکانیان بۆ بکەنەوە و پاشان پاسۆردی فەیسبوکەکانیان بدەنێ. هەروەها هەندێکیان ناچارکراون کاغەزێک واژوبکەن کە تیایدا بەڵێن بدەن چیتر بەشداری لە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی نایاسایی ناکەن. ڕۆژنامەوانێک داوای لێکرابوو واژوی بکات کە چیتر وێنەی خۆپـیشاندانەکان ناگرێت، بەڵام ڕۆژنامەوانەکە داواکەی ڕەتیکردووەتەوە.

زیا پترۆس لەبارەی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکەوە دەڵێت؛بەڵێ حاڵەتی لەو جۆرە بوونی هەبووە لەبەر ئەوەی خۆپیشاندان و خۆپیشاندەرەکان لە ئاقاری خۆیان دەرچوون وە لە ناو خۆپیشاندەران لایەنێکی سیاسی هەبوو کە دەیویست ئەم ناڕەحەتیە و داوایەی فەرمانبەران بقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆی بۆیە ئەم حاڵەتە دروست دەبێت لەلایان هێزە ئەمنیەکانەوە و کردوویان.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ من ڕەتی ناکەمەوە کە کەس دەرنەکراوە لەسەر خۆپیشاندەران. ئێمە ئاگادار نین چونکە سکاڵای نەنوسیووە ، بەڵام ئەگەر دەرکرابێتن بەڵێن بێت لە ڕێگای ئەم وتووێژەوە وەک دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچون دەکەین بۆ کەیسی ئەو مامۆستا دەرکراوانە.

XS
SM
MD
LG