Accessibility links

جەبار ئەمین: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خستوینیەتە گومانەوە کە لە ئەژمارکردنی دەنگەکاندا ساختەکاری کرابێت


جەبار ئەمین
جەبار ئەمین

لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێ لە ڕێکخراوەکانی ناوخۆی وڵاتەکە، ژمارەیەکی بەرچاوی چاودێرانی نێونەتەوەییش بەشدارییان کردوە لە پرۆسەی چاودێریکردنی دەنگدانەکەی ڕۆژی شەممەدا.

جەبار ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی وڵاتی سوید یەکێک بووە لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان و دەڵێت لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا کاتژمێر نزیکەی شەشی ئێوارە پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوە چووە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی تری وڵاتەکەدا، هەرچەندە هەندێک کەموکوڕی و سکاڵاکردن هەبوون، بەڵام وەک دەڵێت گرنگی هەڵبژاردن هەر تەنها لە پرۆسەی دەنگداندا سنوردار نییە بەڵکو لەوانەیە لەوەش گرنگتر ژماردنی دەنگەکان بێت.

ژمارەیەک لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراق سکاڵا و گازەندەی خۆیان تۆمارکردووە بەرامبەر بەو ئەنجامە بەراییانەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا و داوای سەر لە نوێ کردنەوەی هەڵبژاردن و ئەژمارکردنی دەنگەکان دەکەنەوە بەڵام ئەمجارەیان بە دەست بێت نەک لە ڕێی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، جەبار ئەمین دەڵێت پێویستە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەیەک سندوقی دەنگدان بە نمونە وەربگرێت و لەسەر ئەو بنچینەیە بڕیاری خۆی بدات، وە دەشڵێت ئەگەر کۆمیسیۆن بیەوێت گومانەکان کەم بکاتەوە و ئەو سیستەمەی کاری پێدەکات متمانەی هەبێت لای دەنگدەر و لای لایەنە سیاسییەکان ئەوا دەبێت خێرا دەست پێبکات.

جەبار ئەمین دەشڵێت ئەو لایەنانەی سکاڵا و گازەندەیان تۆمارکردووە تەنها دوو بژارەیان هەیە کە دەبوایە هەر لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستیان پێبکردایە، یەکەمیان خۆپیشاندان کردن دژی ئەو غەدەرەی پێیان وایە لێیان کراوە و دووهەمیشیان وەک دەڵێت ئەوەیە بایکوتی بەشداریکردنیان بکەن لە پەرلەمانی عێراقدا.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:34 0:00

XS
SM
MD
LG