یەکێک لە هەرە کەم و کۆریە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێجگە لەو سەدان کەم و کۆریانە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بوە، بەڵام ئێستاکە بزوتنەوەی گۆڕان پاش هێڕش کردنە سەر گردەکە لە 12 ئەم مانگەدا، یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی دەڵێت 30 هەزار چەکدار ئامادەن ببنە خۆبەخشی گۆڕان. ئایا ئەمە بە پێچەوانەی پرینسیپە پێشوەکانی گۆڕان نییە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟ ئایا کاتی ئەوە هاتووە ناوی پێشمەرگە و پێناسەی پێشمەرگە پێش ئەوەی " لەکەدارتر" بکرێ وەکو سمبولڵێک بپارێزردێت؟
دکتۆر کامەران مەنتک مامۆستای زانستە رامیاریەکان لە زانکۆێ سەلاحەدین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "لە سەرەتا حەز ئەکەم ئاماژە بەوە بکەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەنها پرۆپاگەندەیەک بوو، لە راستیدا ئەو هێزانە هیچ ئامانجێکیان نەبوو کە هێزەکانی پێشمەرگە بکەنەوە یەکتر لەبەر ئەوەی هەردوو هێز مانەوەی خۆیان لە بوونی ئەو هێزە چەکدارە دەبیننەوە کە لە ژێر دەسەڵاتیاندایە، بۆیە نە دەبوایە بیر لەوە بکرێت هێزەکانی پێشمەرگە یەک بخرێتن، بەڵکو دەبوایە هێزێکی نوێ بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە بنەرەتدا هێزێکی فەرمی لە رێگای ( تجنیدی ئیجباری) وە یان سەربازی زۆرەملی دابمەزرێ بۆ ئەوەی ئەو هێزە جێگای هێزەکانی تر بگرێتەوە کە بە تێپەربوونی کات کۆن دەبن و دەچنە خانەی خانەنشینیەوە، یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا قەوارەیەکی گەورەو ناوەرۆکێکی بەتاڵ بوو، پووچ بوو ".
دکتۆر کامەران هەر وەها دەڵێت " سەبارەت بەوەی گۆڕان دەیەوێ هێزی چەکداری درووست بکات، من پێیم وایە ئێستا زووە بریار لەسەر ئەو درووشمە وە یاخود لەسەر ئەو بانگەشانە بدەین کە بەرزی دەکەنەوە لەبەر ئەوەی بە حاڵەتێکی نا تەندرووستدا دەرۆن، پێیان وایە لە هەڵبژاردنەکان غەدریان لێکرایە وە تەقەکردن لە مەکۆێ سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوان پێیان وایە لە کوردستان توانای خەباتی مەدەنی بە تەنها ناچێتە سەر، لەبەر ئەوە دەبێ هێزێکی چەکداری لە پاڵیان دا بێ بۆ ئەوەی بیانپارێزی، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو هەوڵانە جارێ هەتا وەکو ئێستا پەرچە کردارن وە رەنگە لە بواری جێ بە جێکردنەوەشدا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان کە لە بنەڕەتدا وەکو بزوتنەوەیەکی مەدەنی درووست بوە کارێکی ئاسان نەبێت".
دکتۆر کامەران دەشڵێت " لە مێژە من هەر لە ساڵانی دوو هەزارەوە ئاماژەم بەوە کردووە کە پێویستە ناوی پێشمەرگە بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە وەکو رەمزێک وەکو سومبوڵێک، وەکو هێزێکی جەماوەری خەڵک رێزی لێگرتووە، بۆیە، بۆ ئەوەی ئەو ناوەش لەکەدار نەبێت پێویستە ئەو ناوە چیتر بە کار نەهێنرێ ".