Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕاگەیاندنەکانی ئەردۆغان بۆ شەڕی پەکەکە هاوکاتی هەڵبژاردنەکەی تورکیا


لەم ماوەیەی ڕابردوودا وڵاتی تورکیا دەستیکردەوە بە ناردنی هێزی زیاتری سەربازی بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق.

سەربازە تورکەکان چوونەتە ناو ژمارەیەک گوندی ئەو ناوچانەی بۆی نێردراون لەوانە ناوچەی برادۆست و لەوێش ژمارەیەک بنکەی سەربازییان داناوە.

زۆرێک لەو ناوچانەی هێزەکانی لەشکری تورکیای بۆ نێردراون نزیکن لە شاخەکانی قەندیل کە ژمارەیەک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێن واتە پەکەکە.

تورکیا پێشتر هێرشی کردە سەر شاری کوردنشینی عەفرین لە سوریادا و داگیری کرد بەو بیانوەی وەک گەورە کاربەدەستانی تورکیا دەیانگوت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باڵێکی چەکداری سەر بە پەکەکەیە و هەروەهاش سنورەکانی خۆی لە تێرۆریزم دەپارێزێت.

بڵاوە پێکردنی هێزی زیاتری تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا هاوکات بووە لەگەڵ ژمارەیەک شەڕی قورسدا بە تایبەتیش لە ناوچەی برادۆست لە نێوان سەربازە تورکەکان و گەریلاکانی پەکەکەدا. هەروەها شەڕ و پێکدادانیش لە هەندێک ناوچە سنورییەکانی تری هەرێم و تورکیادا ڕوویانداوە.

ئەم شەڕانە بێ لەوەی دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن و ڕاگەیاندنە لەشکرییەکانی تورکیاش دەڵێن بنکەکانی پەکەکەیان بۆردومان کردووە.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم پەرەسەندنە نوێیانەش لە کاتێکدایە تورکیا دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی بەنداوە نوێیەکانی و ئەمەش بۆتە مایەی کەم بوونەوەی ئاو لە عێراقدا. کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن دە ساڵ لەمەوبەر عێراقییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە لەم هەنگاوەیان، بەڵام چاودێری سیاسی دەڵێن هەنگاوێکی تری تورکیایە بۆ فشاری زیاتر خستنە سەر حکومەتی شیعەی عێراق تا داواکانی تورکیای سوننە جێبەجێ بکات کە بە دووری نازانن یەکێک لە داواکان بەشداری هێزەکانی لەشکری عێراق بێت ئەگەر هاتوو شەڕ لە قەندیل ڕوویدا.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە هەمان بیانوی پڕکردنی بەنداوەکانیەوە سەرچاوەکانی ئاوی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە و ئێستا هەردوو ڕووباری ئەڵوەن و زێی بچووک بە تەواوەتی کەم ئاوییان پێوە دیارە.

تورکیا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە هێزی سەربازی لە ناوچە باکورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا جێگیرکردووە، واتە لەو کاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شەڕی ناوخۆدا بوون و وەک ئەوسا دەگوترا "ئەو هێزانەی تورکیا بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو لایەنە کوردیەدا هاتۆتە ناو هەرێمەوە نەک بۆ مەبەستی تر."

لە ساڵی 1998 یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنی واشنتۆنیان مۆر کرد و شەڕی ناوخۆیان ڕاگرت. شەڕ ڕاگیرا بەڵام هێزەکانی تورکیا لەو ناوچانەی بنکەیان دانابوو وە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەکشاونەتەوە بەڵکو سەربازی زیاتریشیان ناردووەتە ناو هەرێمەوە.

لەشکری تورکیا - ئەرشیف
لەشکری تورکیا - ئەرشیف

دەشێت تورکیا ژمارەیەک ئامانجی ستراتیژی خۆی هەبێت لە ئەگەری ئەو هێرشەی بە نیازە بیکاتە سەر قەندیل، لەوانە کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنورییەکانی قەندیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا و بڕینی ڕێگەکانی هاتووچۆی پەکەکە.

لە ڕووی سیاسیشەوە کە ئێستا تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی گشتی دەڕوات بۆ سەرۆکایەتی و بۆ پەرلەمانیش، دەشێت ئەگەری ئاوەها هێرشێک کاریگەری هەبێت بەسەر دەنگدانەوە و هۆکارێکیش بێت بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا تا دەنگی زیاتری نەتەوە پەرستەکانی تورک لەو هەڵبژاردنەدا بە دەست بێنێتەوە و جارێکی تریش ببێتەوە بە سەرۆکی تورکیا.

دەشێت ڕەهەندی تری سیاسیش هەبن لەم لەشکرکێشیانەی تورکیادا وەک چاودێر ئاماژەیان پێکردووە و دەڵێن لەوانەیە ڕێککەوتنی نهێنیش هەبێت لە نێوان بەغدا و تاران و ئانکەرەدا تا پاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق (ئەگەر بەم زووانە پێکهێنرا) ئەوا عێراق لەشکرکێشی تورکیا و شەڕی پەکەکەش بکاتە بیانویەکی ئامادە تا هێزەکانی لەشکری خۆی بنێرێت بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنورەکان، بەڵام وەک دەگوترێت بۆ زیاتر لاواز کردنی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش ڕێگەگرتن لە هاتووچۆی هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و دەیان ساڵە لە شەڕدان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا.

کاردانەوەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەرامبەر بەم لەشکرکێشیانەی تورکیا جیاوازن؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هۆکاری ئەم لەشکرکێشیانەی تورکیا بوونی گەریلاکانی پەکەکەیە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا و داواش دەکات پەکەکە خاکی هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت تا وەک دەڵێت بیانوو بۆ لەشکرکێشی تورکیا نەمێنێت.

لێدوانەکانی لایەنە سیاسییەکانیش لە هەرێم کەوتونەتە سەر دوور و نزیکییان لە تورکیاوە، بەڵام شەقامی کوردی بە گشتی دژی ئەو لەشکر کێشیانەیە و لە ئێستادا هەڵمەتێکیش ڕاگەیەندراوە بە ناوی "بەرەی نیشتمانی دژی داگیرکاری"

ئایا بە هێرش کردنە سەر قەندیل، تورکیا دەتوانێت هەموو ئەو ئامانجە ستراتیژیانەی هەیەتی بیانپێکێت؟

بۆچی لەم سەروەختە ناجێگیرەی عێراقدا تورکیا ئاو لەو وڵاتە دەگرێتەوە و هەوڵی لەشکرکێشی دەدات لەناو هەرێمی کوردستاندا؟

ئایا بەغدا و هەولێر دەتوانن ڕێگری لە لەشکرکێشی تورکیا بکەن؟

ئایا لەشکرکێشی تورکیا لەناو هەرێمدا چ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە هەیە؟

ئایا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە ئەو فاکتەرەی ئانکەرە و تاران هەموو جیاوازییەکانیان وەلاوە بنێن؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە بەرنامەی ڕۆژی 5شەممەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG