کاتێک باس دێتە سەر هونەری شێوەکاری، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە، کامە تابلۆ دەتوانێت لە هزری بینەرانیدا بمێنێتەوە. وەڵامی ئەم پرسیارەش وەک زۆرێک لە هونەرمەندان خۆیان دەڵێن سانا نییە، چونکە هەر تەنها چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕەنگەکان نابێتە وەڵام، یان جموجۆڵی فڵچەکان لەسەر ڕووبەری تابلۆکان بەرسڤ نییە بۆ ئەو پرسە، یانیش بەهرە و تواناییەکانی خودی هونەرمەندیش نابنە کۆتاوەڵام.
هەر بۆیە ئێستاشی لەگەڵدا بێت گەڕانێکی بەردەوام درێژەی هەیە لەناو ئەزموونی هونەرمەنداندا تا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو پرسیارە بەدەستبهێنرێت.
بینینی تابلۆکان گرنگن، بەتایبەتیش کاتێک هەست دەکەیت ڕۆح دەکەوێتە گەشتێک بەناو دەنگ و سیمای ڕەنگەکاندا، چاو سەرنجێکی قوڵ دەداتە یەکەکانی تابلۆ و ناخوازێت چیی دی بتروکێت، هزر لە یەک کاتدا چەندان لێکدانەوە بۆ پەیوەندی نێوان ڕەنگە گەرم و ساردەکان دەکات، بە مانایەکی تر هونەرمەندی داهێنەر هەمیشە بە تابلۆ ناوازەکانی جوانترین یاری لەگەڵ هەست و نەستی بینەرانیدا دەکات.
یەکێک لەو هونەرمەندانەی بینەرانی خۆیی سەرسام کردووە بە تابلۆکانی هونەرمەندی ناسراوی کورد (دڵشاد کوێستانی)یە.
کاتێک لە هەر یەکێک لە تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەمان دەڕوانیت، دەتوانیت ڕایەڵەکانی پێکەوە بەستنی بیرەوەرییەکان بە تاڵ و شیرینیەوە ببینیت لە تابلۆکەدا، چونکە دڵشادی هونەرمەند وەک دەڵێت "من هەرکاتێک ئیشم کردووە، ڕابردوو منی هێناوەتەوە سەر ئەو خەتەی ئەو رۆژە ڕەشانەی ژیانم بیرنەچێتەوە، رۆژانی ڕاپەڕین و ڕۆژانی پێشمەرگایەتی بوونە قورسایی، بۆ ئەوەی پەرە بە کارەکانم بدەم."
"بشری بن فاطمە" نوسەر و ڕۆژنامەوانی تونسی لەسەر دڵشاد کوێستانی دەنوسێت " ئەی داهێنەر سۆزی من مەجوڵێنە، بەڵکو ڕۆح و خەیاڵ ببزوێنە، نوقمی دەستپێکەکان ببە تا لەم وێرانەیەوە وەک خۆر هەڵبێیت و وەک درەختی ڕامان و وردبوونەوە باڵا بکەیت، وەک ڕومی دەڵێت لە برینەکانت مەترسە ئەگینا چۆن ڕووناکی دزە بکاتە ناو ناختەوە. ئەم واقیعە بڕوخێنە بەر لەوەی بتڕوخێنێت."
دەکرێت بگوترێت دەتوانرێت لە تابلۆکانی دڵشاد کوێستانیدا کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆستەکانی وەک داڕمان و قۆناغەکانی کەوتن و هەڵسانەوە و هەناسە ساردی کۆبانی و فرمیسکەکانی سنە و خەمە وەنەوشەییەکانی دیاربەکری تیادا ببینیتەوە، بەمەش دڵشاد نەک هەر تەنها وەک هونەرمەندێک بەڵکو ئەرکی باڵیۆزییش لە ئەستۆی خۆی دەنێت و ناسنامەی نەتەوەیەکی خێر نەدیوو بە چاوی بینەرانی دنیا ئاشنا دەکات.
دڵشاد کوێستانی، لە دەیان وڵاتدا پێشانگای تایبەتی کردۆتەوە لەوانە یۆنان، لۆکسمبۆرگ، ژاپۆن، دوبەی، کۆریای باشور، فەڕەنسا، میسر، شانشینی ئوردون، ئیتالیا، ئیسپانیا، بەلژیکا و چەندان شوێنی تریش، ئەمانە بێ لەو پێشانگایانەی لە هەرێمی کوردستانیشدا کردونیەتەوە.
دڵشاد کوێستانی لە تابلۆکانیدا گۆرانییەک دەچڕێت،سترانێکە لەگەڵ هەر ڕەنگێکدا ڕێگای سەفەرێک دەگرێتە بەر وەک پێشانگاکەی سەفەرێک بەناو ڕۆحدا.
ئایا ڕەهەندی شوێن لە تابلۆکانی دڵشاد کوێستانیدا چەندێک پەیوەندی هەیە بە خودی دڵشاد خۆیەوە؟
ئایا دەکرێت کردنەوەی هەر پێشانگایەک بە قۆناغێکی تایبەتیی نوێی هونەریی دابنرێت؟
ئایا هونەری شێوەکاریی توانیویەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێگەی خۆی هەبێت؟
بۆچی تا ئێستا کورد خاوەنی مۆزەخانەیەکی تایبەت نییە بۆ هونەری شێوەکاریی؟
ئایا زۆری ژمارەی گەلەرییە هونەرییەکان بە مانای پەرسەندنی هونەری شێوەکاریی دێت؟
دڵشاد کوێستانی، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: