بۆ گۆرانیبێژی ڕەسەن هەرگیز ژمارەی ئەلبومەکانی نابنە گرفت لەبەردەم ئەو زێدکردنەی دەخوازێت بیخاتە سەر خەرمانی گۆرانی و ئاوازی کوردی.
هەربۆیە دەشێت ژمارەیەکی کەمی گۆرانییەکانی هونەرمەندێکی ڕاستەقینە ببنە ناسنامەیەک بۆ شێوازی چڕین و تایبەتمەندێتی و هەروەهاش زەمینە بۆ ڕێچکەیەکی نوێی هونەریی.
زۆرێک لەوانەی بە تایبەتی لە ئێستادا گۆرانی دەڵێن وەک ئاماژەیان پێکردووە دەخوازن بە تێکەڵکردنی ئاوازەکان هەنگاوێکی گەورە بنێن بە ئاڕاستەی نوێخوازیدا لەم ژانرە هونەرییەدا، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن ئاوەها هەنگاوێک کاریگەرییەکی نەرێنی و نەخوازراوی دەبێت لەسەر ڕەسەنایەتی و بە هەنگاوێک ناودێری دەکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە تایبەتمەندێتییەکانی گۆرانی و ئاوازی کوردی و هەروەهاش هێنانە ئارای زەمینەیەک بۆ تێکەڵوپێکەڵییەکی ناجۆر لەم هونەرە باڵایەدا.
هونەرمەند و نوسەر حەمید شەریفی، خاوەنی ئەزموونێکی نوێیە هەم لە نوسینی شیعردا و هەمیش لە بواری هونەریدا، ئەزموونێکە تا ئەندازەیەک نامۆیە بە ئێمەی گوێگر. حەمید شەریفی دەخوازێت دەنگەکانی سروشت وەک دەنگی باران، لورەی با، هاژەی تاڤگە و نێڵەی ئاگر و هتد...
حەمید شەریفی شاعیریشە و زۆرێک لە تێکستەکانی کراونەتە گۆرانی، توانیویەتی بەچەندین کار لەبوارە جیاوازە فەرهەنگییەکاندا خزمەتێکی گەورە بە بواری هونەر و نوسینیش بگەیەنێت.
پاش ئەوەی ژمارەیەکی باش لە شیعرەکانی قاچاخم خوێندنەوە و ماوەیەکی گونجاویش گوێم بۆ ئاواز و چڕینەکانی ئەم نوسەر و هونەرمەندەمان ڕادێرا، زانیم کە حەمید شەریفی، خۆشەویستی بۆ ئەرکەکانی وەک هونەرمەند و وەک نوسەریش هاندەرە هەرە سەرەکییەکەیەتی و بەردەوام لە هەردوو کارەکەیدا دەگەڕێت تا باشترین پێشکەش بکات و کاتێک لە گوێگرتنی ئاوازێک و چڕینێکی دەبیتەوە ئارەزووی گوێگرتن لە یەکێکی تریان دەکەیت، هەروەک چۆن دووابەدای خوێندنەوەی شیعرێکی، بە خۆت بزانیت یان نەزانیت دەستت کردووە بە خوێندنەوەی دەقێکی تری.
کارە ڕژدەکانی (جدییەکانی) ئەم هونەرمەندەمان دەکرێت وەک بەڵگەیەک سەیر بکرێن کە مەرج نییە داهێنان و تازەگەریی لە هونەردا هەر تەنها لە هەناوی کۆپیکردنەوەیەکی نا بابەتیانەی کارە هونەرییەکانی وڵاتانی ترەوە سەرچاوە بگرن بەڵکو دەشێت لەناو خودی نیشتمانی خۆتەوە ئەو کارە بکرێت. ئەڵبەت ئەم جۆرە کارانە دەکرێن وەلێ دەگمەنن بەڵام هەر هیچ نەبێت تا ئێستا توانیویانە بەرگەی ئەو شپرزەیی و پەڕتەوازەییەی ناو گۆرانی کوردی بگرن.
حەمید شەریفی، بە دڵنیاییەوە یەکێکە لەو هونەرمەندە ڕاستەقینانەی خاوەنی بیرکردنەوەی خۆیەتی لە هەردوو ڕووی لۆژیکی و سەرکێشیشەوە، دەشخوازێت پەیامێک بگەیەنێت، پەیامێک لێوان لێو لە گوزارشت کردنی هەست و نەستی خودی خۆی بە دنیا بینییەکی کراوەوە، جیاواز لە دەوروبەرەکەی و ڕوون ڕوون وەک کانی و سادە و بێ گرێ و گۆڵیش وەک باخچەی گوڵی ئەو بنارانەی نیشتمان.
حەمید شەریفی لە شاری سنە لەدایکبووە و، لەساڵی 1996 ڕۆژهەڵات جێدەهێڵێت و دەچێتە هەرێمی کوردستان. لەساڵی 1998 ئەلبومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە کە سەرجەم ئاوازەکانی لە ئامادەکردنی خۆین. بێ لە کارە هونەرییەکانی حەمید شەریفی ئەزموونی نوسینی شیعر وشیعرى لیریکی (گۆرانی) هەیە.
لەساڵى 2008 دەچێتە وڵاتی سوید، لەوێش درێژە بە کارە فەرهەنگییەکانی خۆی دەدات و هەر لەوێ پاش نوسینی شیعر بە زمانی سویدی، بەشداری لە ژمارەیەک کۆڕدا دەکات و دواتریش دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی نوسەرانی وڵاتی سوید.
ئایا مەرجە لە هەموو گۆرانییەکدا سود لە ئامێرە موزیکییەکان وەربگیرێت؟
ئایا دەکرێت هەموو شێوازیکی نوێی موزیک بە نۆژەنکردنەوە دابنرێت؟
ئایا چ پەیوەندییەک لە نێوان کتێبی قاچاخ و ئەلبومی ڤۆکاپێلای نوسەر و هونەرمەند (حەمید شەریفی) هەیە؟
ئایا لە ئەزموونە نوێیەکانی نوسیندا زمان هەمان گرنگی هەیە؟
ئایا چی دی بڵند کردنی دەنگ لە گۆرانیەکاندا پێویستن؟
حەمید شەریفی، نوسەر و هونەرمەند لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: