بڕیارە رۆژی 30 ی مانگی نۆ هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بکرێت.
ئەگەرچی بڕیار بوو لە یەک کاتدا هەردوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بکرێت، بەڵام لە ئێستادا پێناچێت هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت.
پێشتر وەها دانرابوو لە مانگی یازدەی ڕابردوودا هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان بکرێت واتە دوابەدوای دەنگدان لەو ڕیفراندۆمەی بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق کرا.
بەڵام بۆ زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی 9 ی ساڵی 2017، ئەوانەی بە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ناسراون، هەڵبژاردن دواخرا و تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە.
ئەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان لە دەمێکدایە هێشتا ناڕەزاییەکانی ژمارەیەکی بەرچاوی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وەک خۆیان ماونەتەوە دژی ئەو فێڵ و تەڵەکە و ساختەکاریانەی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 12 ی مانگی 5 ی عێراقدا کراون لەناو هەرێمی کوردستاندا.
هەلومەرجی سیاسیش لەناو هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە ناکۆکییەکی قوڵی سیاسی، ناکۆکییەک تەمەنی چەندان ساڵە و هێشتاش هیچ تروسکاییەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە لە ئاسۆدا دیار نییە.
ڕەوشی دارایی خراپە و هێشتاش حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بکات و ئەو پاشەکەوتەش بداتەوە بە فەرمانبەران کە زیاتر لە دوو ساڵە چارەکە موچە وەردەگرن.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان.
لە بیرمان نەچێت گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ڕۆچۆتە ناو جومگەکانی دەسەڵاتەوە هەم لەناو حکومەت و هەمیش لەناو لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا. بۆ زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی مەترسییەکانی گەندەڵی هیچیان کەمتر نیییە لە مەترسییەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و دەڵێن پێویستە شەڕێکی بەهێز دژی گەندەڵی بکرێت تا بتوانرێت پایەکانی دەسەڵاتێکی دادپەروەر لەسەر بنچینەی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا بێتە ئاراوە.
وەک دەگوترێت ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بە بەروارد لەگەڵ ساڵانی پێشتردا کەمتر بووە بەهۆی ژمارەیەک فاکتەرەوە، لەوانە بێ متمانەیی خەڵک بە لایەنە سیاسییەکان، نەبوون یان کەمیی خزمەتگوزارییەکان، خراپی باری ئابوری وڵاتەکە و چەندان هۆکاری تریش.
هەر بۆیە جێی خۆیەتی پرسیار بکرێت ئایا چی پێشبینی دەکرێت بۆ ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا؟
وەڵامی ئەم پرسیارە هەروا سانا نییە، چونکە نێوەندێکی بێلایەنی زانستیانە نییە ڕاوەرگرتنێکی بابەتیانە بکات، تا بتوانرێت لەسەر بنچینەی ئەو ڕا وەرگرتنە وەڵام بدرێتەوە.
هەڵبژاردن بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانە لە دەسەڵاتدا بە دوای خۆیدا بێنێت پاش دانپێدانانی ئەنجامەکانی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستاندا بێ کەموکوڕی نەبووە و بەردەوام سکاڵایەکی زۆر هەبوون لەسەر ئەنجامەکان بەهۆی وەک دەگوترێت ئەو فێڵ و تەڵەکانەی لەو هەڵبژاردنانەدا کراون.
هەر بۆیەشە بەشێک لە ڕێکخراوە سیڤیلیەکان لە ئێستادا داوا دەکەن هەر هیچ نەبێت ئەو لایەنانەی خۆیان لە بەرەی ئۆپزسیۆندا دەبیننەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن تا ڕەوایی نەدرێت بەو هەڵبژاردنە کە هیچ بە دووری نازانن جارێکی تریش فێڵ و تەڵەکە و ساختەکاری لە هەڵبژاردندا دووبارە بکرێنەوە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی عێراق، وە وەک دەڵێن ئەم هەڵبژاردنەی ڕۆژی 30 ی مانگی 9 هیچ خزمەتێک بە پرۆسەی دیموکراسی ناکات.
ئایا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک لە ژیانی خەڵک دەگۆڕێت؟
ئایا متمانە چییە پەرلەمان بتوانێت ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت؟
ئایا پاش چەندان ساڵی قەیران و گرفتی سیاسی، دەنگدەران لە هەرێم پەرۆشییان هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا؟
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: