وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروادێ و سزای زیاتر دەسەپێنێتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وەک فشارێک تا ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.
ڕۆژی دووشەممە واشنتۆن بڕیاری ژمارەیەک سزای تری دا بەسەر ڕژێمی ئێراندا و چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەیەک سزای قورستریش لە مانگی یازدەدا ڕابگەیەندرێت.
وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت ئەم سزایانە وەها دەکەن هەڵوێستەکانی ئێران لەسەر زۆرێک لە دۆسێکان بگۆڕدرێن.
بەپێی ئەم سزایانە ئێران ناتوانێت چیی دی هیچ جۆرە سەودایەکی بازرگانی بە دۆلاری ئەمریکاییەوە بکات، ئەمەش وەهای کرد نرخی تمەنی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو بێتە خوارێ.
دابەزینی نرخی تمەن گرانییەکی زۆری لە بازاڕە ناوخۆییەکانی ئێراندا هێناوەتە ئاراوە و باری بژێوی و گوزەرانی خەڵکیشی هێندەی تر خراپ کردووە.
میوانی بەرنامە:
کاوە ئاهەنگەری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلژیک.
هێشتا ئاشکرا نییە ئایا ئەوروپا ئاگاهییەکانی ئەمریکا بە هێند وەردەگرێت یان نا. سەرۆک دانۆڵد ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی هەر کۆمپانیایەکی ئەوروپایی کارداری لەگەڵ ئێراندا بکات ئەوا هیچ دەرفەتێکی نامێنێت بۆ هیچ ئاستێکی کارداری لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت دوابەدوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنە ناوکییەکە، هەرچەندە وڵاتانی ئەوروپایی لە ڕووی پاراستنی ڕێككەوتنەكەوە بەو ئەندازەیە نەبوو کە ئێران چاوەڕێی دەكرد، بەڵام هێشتا لەسەر ڕێ ڕاست و دروستەکەن. .
هەر لە ئێستاوە دوو وڵاتی دراوسێی ئێران، تورکیا و عێراق دەڵێن لەگەڵ ئەو سزایانەدا تەبا نین و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاراندا ڕاناگرن.
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی ساڵانە نزیكەی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مەترسێجا گازی سروشتی لە ئێران دەكڕێت و ئەم سەودا بازرگانیەش لەگەڵ ئێراندا بەردەوام دەبێت.
گەورە کاربەدەستانی عێراق جەخت دەکەنەوە لەوەی لەگەڵ سزاکاندا تەبا نین و بە گونجاویشی نازانن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت باسیان لە ئەگەر و نەگەری درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان نەکردووە لەگەڵ ئێراندا.
بە ڕای زۆرێک لە چاودێر، ئەم سزا نوێیانە ڕێگەکانی بەدەستهێنانی داهات و بازرگانی دراویی ئێران زۆر بچوک و بەرتەسک دەکاتەوە، ئەمە بێ لەو تەگەرانەی دەکەونە بەردەم هەوڵەکانی تاران بۆ کڕینی کەرەستە و کەلوپەلی تەکنەلۆژی نوێ و ئامێر و پێداویستییەکانی تر.
ئەڵبەت لێرەدا گەمارۆکان لەسەر پیشەسازی نەوت لە ئێران، هەرە قورسترین گورز دەبێت بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.
واشنتۆن داوا دەکات وڵاتەکان تا سەرەتاکانی مانگی یازدەی ئەمساڵی 2018 ەیە دەستبەرداری کڕینی نەوت بن لە ئێران، هەر بۆیەشە ئێرانییەکان دەستیان کردووە بە هەوڵێکی چڕ و پڕ تا ئەو وڵاتانە بەپێی پرەنسیپ و ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێراندا بمێننەوە.
ئایا سزاکان کاریگەریی ئەرێنیان دەبێت بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا؟
ئایا سزاکان ئاستی ناڕەزاییە ناوخۆییەکانی ئێران زیاتر دەکات؟
ئایا تورکیا و عێراق دەتوانن کۆمەکی ئێران بکەن تا ئێران لە کاریگەری ئەو سزایانە بپارێزن؟
کاوە ئاهەنگەری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلژیک لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیزیش دەداتەوە: