لە شاری سلێمانی ناوەندی هەژان هەستا بە ڕێکخستنی کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی "ئاین لە دونیای هاوچەرخدا" کە تێیدا پرسەکانی تایبەت بە درووستکردنی دیدگای نوێ بۆ ئاین تاوتوێکران.
نوعمان محەمەد، بەڕێوبەری ناوەندی هەژان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی کە کۆنفرانسەکە هەوڵئەدات بەپێی کەرەستەکانی سەردەم خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئاین درووستبکات. بابەتەکانیش پەیوەستن بە تۆڵێرانس و یەکترقبوڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی.
هەروەها وتیشی سەردەمی درووستبوونی ئاینە سەرەکییەکان و دونیای ئەمڕۆی مۆدێرن دوو دونیای جیاوازن و تێگەشتنێکی کلاسیکی بۆ ئاین کێشە درووستئەکات، بۆیە پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەو بۆشاییەی لە نێوان سەردەمی کلاسیک و سەردەمی مۆدێرن درووستبووە.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لە بەشداربووان پێیان وابوو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستە دەنگ و ڕەنگی جیاوازی تێکەڵ بکرێت.
ڕێکخراوی هەژان بۆ فیکر و مەعریفەت، ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و بەپێی پێوەرە زانستییەکان لە بوارەکانی مەعریفە و هونەر و ئەدەبدا بۆ ماوەی ١٩ ساڵە کاردەکات.