بە پێی میدیاکانی جیهانی و میدیاکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێران گوایە لە ناوچەی شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرگیری و شەڕ و پێکدادان رووێ داوە لە نێوان پێشمەرگەکانی حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران و زیانی لێکەوتوەتەوە.
ئاخۆ تا چەند ئەو ئامارانەی کە لە هەردوو لا بڵاو دەبنەوە پشت راست دەکرێن؟
ئامانج لەم جۆرە چالاکیانە چییە؟ هێڕشێکی لەو جۆرە شیانی چ جورە دەسکەوتێکی هەیە؟
ئاخۆ تا ئەو کاتەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن هێزێکی یەکگرتوو نەبن دەتوانن ببنە بار گرانیەک بەسەر رژێمی ئێران و زیان بە لەشکەرەکەی بگەینن؟
حاتم مەنبەری لێکۆڵەر، چاودێری کاروباری رامیاری و یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەگەر چی ئەو شوێنەی شەڕەکە تێدا رووێ داوە شارەزایەکی ووردم نییە، بەڵام بە گشتی ناوچەی کێلە شین و شنۆ ناوچەیەکی شاخاویە وە بۆ ئەوە ئەبێت هێزی چەکدار تێدا بمێنێتەوە، وە پەیوەندی هەیە بە چۆنیەتی هێزەکە وە هاوکاری کردنی خەڵک ".
کاک حاتم هەر وەها دەڵێت " ئەزمونی سالانی شەڕی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئێمە و کۆمەڵە توانیمان بەرگریەک بکەین، توانیمان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا راوەستین، بەڵام نەمانتوانی بەو ئاکام و ئامانجانە بگەین کە لە پرۆگرام و مێشکی رێبەرانمان دا هەبوو، لەمە زیاتر پێویستە، هاوکاری پێویستە، بەرەیەکی سەربازی پێویستە، رەنگە بەرەی سیاسی و شتەکانی تر گەلێک زەحمەت بن، بەڵام زۆر زۆر زیان بەخشە ئەگەر ئینسان بەرەیەکی سەربازیکی پێک نەهێنی و بزانی لە ئاکامی نەبوونیدا زیانی پێی دەگا ".
کاک حاتم دەشڵێت " ئەمرۆ بە دەنگی بەرز هاوار ئەکەن کە ئێمە پێویستمان بە خۆدا چوونەوەو هێزی سەربازیمان هەیەلە قاڵبی سوپایەکی نیشتمانیدا نەک لە قاڵبی پێشمەرگەی حزبێکی تاێبەتدا، کاتی ئەوەیە کە ئێمە لە ئەزمونی شکەست خواردووی باشور کوردستان وانە فێر بین، پێشمەرگەی حزب بەرامبەر دەوڵەت وو ئەرتشێکی رێکخراوودا ناتوانێ بە ئاکام بگات ئەگەر ئێمە سوپایەکی نیشتمانیمانی رێک و پێکیمان نەبێ ".