ئەگەرچی مشتومڕێکی زۆری لەسەرکراوە، بەڵام هێشتاش هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە نەنراوە بە ئاڕاستەی هەبوون یان نەبوونی زمانێکی ستانداری کوردیدا.
هەرچۆنێک بێت وەک لە باسکردنەکاندا ئاماژەیان پێکراوە گەلێک هۆکار هەن بوونەتە ڕێگر و لە هەمان دەمیشدا هۆکارگەلێکیش هەن دەبنە پاڵپشت بۆ پێدوایستی هەبوونی زمانێکی ستاندارد.
ئەم مشتومڕانەی کە هەن لەسەر زمانی ستاندارد لە دەمێکدایە کە هێشتا بەتەواوەتی زمانێکمان نییە لەو جۆرە زمانەی پێی دەگوترێت زمانی پایتەخت، لەگەڵ ئەوەشدا کە 27 ساڵە کورد لە باشوری کوردستان خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی و پایتەختیشی هەیە.
ئایا دەکرێت نەبوونی زمانێکی ستانداردی کوردی بە کەموکوڕی لە ئەدەبی کوردیدا بزانین؟
دابەشبوونی زمانی کوردی بەسەر ژمارەیەک دیالێکتدا یەکێکە لەو هۆکارانەی ئەرکی دروستبوونی ئەم زمانە ستانداردەی قورستر کردبێت. دەشێت هەبن بەڵام لەوانەیە بە ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەم هەبێت، کوردێک بتوانێت بە هەورامی و لوڕی کرمانجی و سۆرانی و زازایی، بخوێنێتەوە و ئاگاداری نوسین و دەقی شیعری و ڕۆمان و چیرۆک و .... هتد شێوەزارەکانی تری زمانەکەی خۆی بێت.
هەر بۆیەشە دەتوانم بڵێم لێرەدا هەڵەیەک دروست دەبێت کاتێک بۆ نمونە، ڕەخنەگرێکی کرمانجی باس لە ڕۆمانی کوردی دەکات لەوانەیە دوو یان سێ ڕۆمانی سۆرانی نەخوێندبێتەوە بەڵام بەناوی ڕۆمانی کوردییەوە لێدوانەکانی دەدات، یان کەسێکی سۆرانی کاتێک دێتە سەر باسکردنی شیعر و دەستەواژەکانی لە چوارچێوەی شیعری کوردیدا دەسوڕێنەوە، وەلێ لەوانەیە دوو یان سێ شیعری کرمانجی یان هەورامی یان لوڕی نەخوێندبێتەوە.
بۆ هەردوو نمونەکە ئەوەش ڕاستە لەوانەیە وەرگێڕانی ئەو ژانرانەیان بەرچاو کەوتبێت لە کاتێکدا هەرگیز وەرگێڕان ئەو تام و چێژەت ناداتێ کە خودی تێکستە ڕەسەنەکە دەتداتێت، ئەمە بێ لەوەی کردەی وەرگێڕانەکە خۆی لە خۆیدا دەبێتە جێی سەرنج "وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ کوردی."
نکوڵی ناکرێت لەوەی خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاوی شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و پەخشان و نوسینە فەرهەنگییەکانی ترین، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە، بێ لە هەوڵی چەند ڕوناکبیرێک کە لە پەنجەکانی دەستێک تێناپەڕن، بەڵام هێشتا لیکۆڵینەوەیەکی بابەتی وەها ئامادەیی نییە تا بتوانرێت ببێتە بنچینەیەک بۆ تێگەیشتنێکی گشتی لەو تێکستانە و بە شێوەیەک ڕاڤەکردنی مانا پەنهانەکان خوێنەران بگەیەنێتە ئەوەی بۆ نمونە پێناسەکانی خۆی بۆ شتەکان لەناو ئەو دەقانەدا بدۆزێتەوە.
ئایا شیعر و ڕۆمانی کوردی توانیویانە پێناسەیان بۆ ماناکانی ژیان هەبێت؟
نوسەری سەرکەوتوو و داهێنەر هەمیشە ئازادانە دەنوسێت و دەدوێت، بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ بارە باوەکاندا، ڕۆژەکان لەگەڵ گەڵاڵەکردنی خەیاڵە پڕ لە فەنتازیاکانی خۆیدا بەڕێدەکات، سەرقاڵی بیرکردنەوەیەکی قوڵە لە پێناو بەرهەمهێنانی جوانییەکان و گەیاندنی پەیامێک لە پەڕەی گوڵ ناسکتر بە خوێنەران، هیچ کاتێک بەبێ مشتومڕ تێناپەڕێنێت لەگەڵ خودی خۆی و لەگەڵ دەوروبەریشدا، مشتومڕێک لە پێناو ئایندەدا. بەڵام هەموو ئەمانە بەبێ گرفت و تەگەرە نابن، لەوانە ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکانی، یان کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی و لەناوبردنیان، بە مانایەکی تر کوشتنی نوسەر لە ڕێی لێدانی بەرهەمەکانیەوە.
ئایا ڕوانینە ئاینییەکان دەتوانن بە تەبایی لەگەڵ دەقە ئەدەبییەکانی ئەمڕۆدا بژین؟
سەبری سلێڤانی، یەکێکە لەو نوسەر و ڕۆماننوسانەی لە تێکستەکانیدا لە گەڕانێکی بەردەوامدایە و دەخوازێت لە ڕێی نوسینەکانیەوە بیرکردنەوەیەکی باشتر بۆ دنیایەکی باشتر بێنیتە ئاراوە، ئەم نوسەرەمان دەیەوێت دیالۆگێکی بابەتیانە لە نێوان توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا بێنیتە ئاراوە، دیالۆگێک لەسەر بنچینەی بڕوا بە یەکتربوون. ڕۆشنبیریی گشتی لای سلێڤانی ئامادەییەکی گەورەی هەیە و لە کاتی نوسینیشدا سنور بۆ خۆی دانانێت و ڕاستگۆیانە لە بەرگێکی جوانکاریدا خەم و بەختەوەری، گەشبینی و ڕەشبینی، ژیان و مەرگ و ڕوناکی و تاریکی و دووریی و نزیکی دەنوسێتەوە.
سەبری سلێڤانی، نوسەر و ڕۆماننوس لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: