وێڕای هەموو ئەو کێشانەی لە نێوانیاندایە، سەرباری ئەزموونی 15 ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ ناکۆکییەکی نێوانیان چارەسەر نەکراوە، هەرچەندە گرفتەکانی نێوانیان هەروادێ و زیاتر دەبن، بەڵام کورد جارێکی تریش بڕیاری داوەتەوە بەشداربێتەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا و بەشێک بێت لە پێکهاتەی حکومەتی نوێی عێراق.
نکوڵی ناکرێت لەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر قوڵن، تەنانەت دەستوری عێراقیش نەیتوانیوە ببێتە هۆکاری یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانە.
پێشتر کورد بەردەوام گازەندەی لە بەغدا بووە و هەمیشە بەغدای بە هۆکاری گرفتەکان داناوە، بەڵام لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراق نەگەیشتۆتە ئەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بکشێنێتەوە، هەر هیچ نەبێت وەک دەربڕینی ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی بەغدا.
هەرچۆنێک بێت، کورد بەشداری کرد لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ڕۆژی 12 ی مانگی پێنجی عێراقدا و لە ئێستاشدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانیش سەرقاڵی وتووێژ و دانوستاندنن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا بە باڵە سیاسییەکەی هێزەکانی حەشدی شەعبیشەوە.
لەپاش ریفراندۆمەکەی 25 مانگی 9 ی ساڵی 2017 هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەستیان گرتەوە بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەی کورد خۆی لە سەروەختی شەڕی داعشدا رزگاریان کردبوون، واتە ناوچە دابڕێندراوەکان. بە هۆی ئەو ڕەوشەی پاش ڕیفراندۆم هاتە ئاراوە کورد گەڕێندرایەوە بۆ سنورەکانی ساڵی 2003 ی پێش ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق.
میوانی بەرنامە:
مەسعود عەبدولخالق، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
ئاسۆ جەبار، نوسەر و لێکۆڵەر، دەنگی ئەمریکا
بەشێک لە کورد جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەو ڕەوشەی پاش ڕیفراندۆم بەرەنجامی خیانەتکردن بووە نەک ڕیفراندۆم.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێک لە گەورە کاربەدەستان و کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خیانەتکردن گوناهبار دەکات واتە لەسەر ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم دوو زلهێزەی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕێککەوتنی ستراتیژییان مۆرکردووە بەڵام بەردەوام گەورە کاربەدەستانی هەردوو لا، لۆمەی کەموکوڕییەکان و کەمتەرخەمییەکان لە ئەستۆی یەکتر دەنێن.
پەیوەندییەکانیش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمی کوردستانیشدا لە ڕەوشێکی باشتردا نییە بە بەراورد لەگەڵ پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی.
هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای یەکڕیزی و تەبایی و هاوڕایی و هاوبەرنامەیی نێوان خۆیان دەکەن تا لە بەغدا بتوانن سەنگییەکی باشیان هەبێت، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بەو ئاڕاستەیەدا تەنها ئەوەندە نەبێت کۆبوونەوەی پشت دەرگای داخراو کراون بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە هەبن لەسەر ئەو کۆبوونەوانە.
کەواتە جێی خۆیەتی بپرسین؛
ئایا کورد بەو پەڕتەوازەییەی ناو ماڵی خۆیەوە چۆن دەتوانێت دەستکەوتی لە بەغدا هەبێت؟
ئایا کورد دەتوانێت بە ئاسانی هاوپەیمانێک بۆخۆی لە بەغدا هەڵبژێرێت؟
ئایا کورد بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق بەرنامەیەکی تۆکمەی هەیە؟
بۆچی کورد دەگەڕێتەوە بەغدا؟
مەسعود عەبدولخالق، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: