Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: نارین


نارین
نارین

هەمیشە ئەو شیعرانە لە یادەوەری مرۆڤدا دەمێننەوە کە ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە لەگەڵ خوێنەری خۆیاندا دەدوێن و دەبنە مایەی لێوردبوونەوەیەکی قوڵ.
زۆر جار وەها بووە، خوێندنەوەی تێکستە شیعرییەکانی شاعیرێکی ناودار بۆ ئێمەی خوێنەر زیاتر جێی بایەخ بووە، بە ئەندازەیەک بیرمان لەوە نەکردۆتەوە ئایا ئەم شاعیرە ناودارە لە سەردەمی گەنجێتی خۆیدا چیی نوسیوە یان چۆنی نوسیوە. لێرەدا مەبەست ڕەتکردنەوەی سەروەختێکی تەمەن و ئەزموونی ئەو شاعیرە نییە، تەنها ئەوندە نەبێت ئەو شاعیرە هەرچییەکی نوسیبێت لە گەنجێتی خۆیدا دەکرێت وەک بەشێکی ئەزموونە گەورەکەی لێی بڕوانین و تەنانەت ئەو شیعرانەیشی کە خودی شاعیرەکە خۆی فەرامۆشی کردوون.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد نەکراوە لەسەر شیعری گەنجەکانمان، هەر وەک چۆن خوێندنەوەیەکی ڕژدیشی بۆ نەکراوە. زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم هەر بۆیە نەمانتوانیوە بە تەواوەتی ئاشنای ئەزمونی شیعر نوسینیان و جیهانە شیعرییەکەیان ببین، بێگومان لە ئاوەها دنیایەکدا ئەستەمە بتوانرێت بەراوردکارییەکیش هەم لە نێو گەنجەکان خۆیاندا یان لەگەڵ ئەزمونەکانی تردا بکرێت.

گرنگە بۆ شاعیری گەنج بناسرێتەوە، چونکە ئەم ناسینەوەیە دەبێتە بەشێکی گرنگی ئەزمونەکەی کە دەخوازێت تیایدا قاڵ ببێتەوە و لەوێوە پێناسە باوەکان تێبپەڕێنیت و ناسنامەیەکی لێوان لێو لە ئیستاتیکا و زمان و ڕۆشنبیری بۆ خۆی دروست بکات.

بەڵام لێرەشدا دەبێت بپرسین، ئایا هەر گەنجێک دەستی قەڵەمی گرت و کەوتە نوسین دەبێتە شاعیر؟! بێگومان نا، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت لە پرۆسەی گەڕان بەشوێن وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەنگیی سەرنجەکان تەنها دەچنە سەر نوسەرە ڕژدەکانیان.

بەختی خۆم دەفرۆشمەوە بە شارەوانی،
تا جادەکانی پێ قیرتاو بکەن !

نارین ، یەکێکە لەو نوسەرە ڕژدانەی دەخوازێت وێنە شیعرییەکانی بکاتە بابەتێکی نەرمی ئاخاوتن لە نێوان خۆی و ئێمەدا، بە زمانێک کە چۆڕ چۆڕ شیلەی شیعری لێدەتکێت.

وەک پارەی کۆنی لێھاتوە ژیانم،
لە ھیچ بانکێکدا ورد ناکرێتەوە !

خوێندنەوەی ئەم وێنە شیعریانەی نارین، پێمان دەڵێن ناتوانرێت شیعر لە چوارچێوەی پێناسەیەکدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەوەی بڕوای پێی نییە سنوربەندییە. لای نارین پێدەچێت زیاتر دۆزینەوەی ماناکان لە گەڕاندا بێت لە نێو ژیاندا و ئەم دۆزینەوەیەش لە نوسینەکانی و لە وێنە شیعرییە پڕ لە ئاوازەکانیدا خۆی نومایشت دەکات. مانا لای نارین باجەلان لە دنیایەکی ئاڵۆزەوە سەرچاوە دەگرێت و بەبێ ئەوەی دەستبەرداری چەمکەکانی تری شیعر ببێت، چونکە باش تیگەیشتووە لەوەی گەر لە پێناو وێنە شیعرییەکەیدا زمان فەرامۆش بکات، یان لە ساتە قورسەکانی نوسیندا بیری لای خوێنەر نەبێت، یانیش بخوازێت دڵی ئەم یان ئەوی کۆمەڵگەکەی ڕازی بکات و وێنە شیعرییەکان کۆت و بەند بکات، ئەوا دەزانێت بە دەستی خۆی مانا دادەبڕێنێت لە وێنە شیعرییەکان.

سەرتاشەکە،
دوکانەکەی فرۆشت
تێگەیشت بڕین بێ سودە..
لێرە ھیچ شتێک ناڕوێتەوە.

نارین دەنوسێت، بە گیانێکی پڕ لە ئیستاتیکاوە و خەیاڵێکی فراوانی شاعیرانە سەروسەودا لەگەڵ وشەدا دەکات و دەزانێت چۆن وشەکان پێکەوە گرێبدات و بە هەر هەموویان ناوەڕۆکێکمان پێبدات کە بە سەرسامی بمێنینەوە لەبەردەمیاندا، سەرسام بە یاخیبوون و بە گومانە زگماکەکانی نارین.

ئایا شاعیرانی گەنج دەتوانن خاوەنی دنیابینی خۆیان بن، یان لە ڕووبەری دنیابینی شاعیرەکانی پێشخۆیاندا دەسوڕێنەوە؟

ئایا نارین باجەلان دەتوانێت دەستبەرداری گومانکردن لە بوون ببێت؟

ئایا چوونە نێو دنیای شیعری ئیرۆتیک لای بەشێکی نوسەرانی گەنج لە تێگەیشتنەوەیە یان چی؟

ئایا شاعیرە گەنجەکانمان چۆن لە پەیوەندی نێوان شیعر و کۆمەڵگە و ئاین دەڕوانن؟

نارین، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:40 0:00

XS
SM
MD
LG