Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان بەرداشی ڕەفتار و ئابوریدا


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ فشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک گەورە کاربەدەستانی ئەمریکا دەڵێن مەبەستی سەرەکی ئەو فشارانە ناچارکردنی ڕژێمی ئێرانە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتین لە پشتیوانکردنی تێرۆریزم، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل، مەترسی خستنە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی تری جیهانیش، نانەوەی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا. ئەڵبەت هەر هەموو ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ سەرکوتکردنەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیانکات بەرامبەر گەلانی ئێران و زەوتکردنی ئازادییەکانیان و مافە سیڤیلیەکانیشیان.

وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ماوەیەی ڕابردوودا ڕایگەیاند دەستەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردن و ڕێکخستنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

مایک پەمپەیۆ دەڵێت ئەم کۆمارە ئیسلامیەی ئێران "مایەی ناجێگیریە لە ناوچەکەدا دژی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانمان و لە ڕاستیشدا دژی گەلی ئێرانیشە."

ئەوەی نکوڵی لێناکرێت لە ئێستادا دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو سزایانەی ئەمریکایە بەسەر تاراندا.

هەر لەم هەفتەیەدا بوو پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورا) دەنگی دا بۆ دەرکردنی وەزیری دارایی وڵاتەکە لە پۆستەکەی. دەرکردنی مەسعود کەرباسیان هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی قوڵی ئابوری ئێراندا کە سزاکانی ئەمریکا هێندەی تر قوڵی کردوونەتەوە. ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی ئێران بە گورزێکی بەهێز لێی دەڕوانرێت بۆ حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران.

میوانی بەرنامە:
ئالان حەسەنیان، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

پەرلەمانی ئێران هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو ڕۆژی سێشەممەش سەرۆکی وڵاتەکەی بردە ناو پەرلەمانەوە بۆ پرسیار و وەڵام لەسەر ڕەوشی ئابوری ئێران، بەڵام یاسادانەرانی ئێرانی دوای ئەو دانیشتنە لە دەنگدانێکدا تەواوی لێدوانەکان و ڕاڤەکردنەکانی ڕۆحانییان ڕەتکردەوە و بڕوایان پێ نەبوو.

وەک ئابوریناسان ئاماژەیان پێکردووە هیچ یەکێک لەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیدەن بە هەڕەشەکانیشەوە بۆ کشانەوەی تاران لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە، نابنە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی تمەنی ئێرانی و بوژاندنەوەی ئابوری ئەو وڵاتە، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، ڕزگاربوون لە هەڵاوسانی دارایی، کۆنترۆڵکردنی نرخ و ... هتد.وەک شیکەرەوەی ئابوری ئاماژەی پێدەکەن، ئەمجارەیان سزاکان هەر تەنها بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران نین بەڵکو ئەو کۆمپانیایانەش دەگرنەوە کە بازرگانی و کارداری لەگەڵ ئێراندا دەکەن. لە ئێستادا زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکان کارداری و بازرگانی خۆیانیان لەگەڵ ئێراندا وەستاندووە تا ڕووبەڕووی سزای لاوەکی ئەمریکا نەبنەوە.

ئەوەی ئێستا لەناو ئێران ڕوودەدات دەکرێت وەک ئاماژەیەکی دانپیادانانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێی بڕوانرێت بۆ ئەو ناڕەزایی و توڕەییەی لەناو ڕای گشتی ئێراندا دروستبووە دژی سیاسەتە ناوخۆییەکان و دەرەوەییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەم ڕەوشە دەرفەتێکی بۆ کۆنەپارێزان و توندڕەوانی ئێران ڕەخساندووە تا دەنگی ڕەخنەئامێزی خۆیان بەرامبەر بە حەسەن ڕۆحانی و حکومەتەکەیشی بەرزتر بکەنەوە.

ئایا ڕەوشی ئابوری ئێران ناکۆکییەکانی ناو ڕژێمی ئێران زیاتر دەکات؟

لە کاتێکدا ئەمریکا دەڵێت سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ئێران لە پێناو گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێراندایە؛

ئایا سزاکان بەسن تا ئێران ڕەفتارەکانی خۆی بگۆڕێت؟

ئەگەر ڕژێم هەر هەمان ڕژێم بێت ئیتر چۆن ڕەفتارەکانی دەگۆڕدرێت؟

ئالان حەسەنیان، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:54 0:00

XS
SM
MD
LG