حکومەتی عێراق لە زۆرێک لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی خەڵک جەختی لەوە کردۆتەوە هەرچییەکی لە توانادا بێت دەیکات.
نزیکەی یەک هەفتەیە جارێکی تر دانیشتوانی شاری بەسرە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن و داوای هەرە سەرەکیش بریتیە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.
خۆپیشاندانەکانی بەسرە توندوتیژییان تێکەوت و لە نێو خۆپیشاندەراندانزیکەی دە کوژراو و سەدان برینداریش هەن، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەکەن کارمەندانی ئاسایشیش لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا هەن.
ڕۆژی هەینی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا بڕی 53 ملیار دیناری عێراقی تەرخانبکات بۆ شاری بەسرە وەک بەشێک لەو 425 ملیار دینارەی حەیدەر عەبادی سەرەک وەزیری وڵاتەکە بڕیاری لێدابوو بدرێتە شاری بەسرە لە چوارچێوەی ئەو سێ ترلیۆن دینارەی کە عەبادی پەیمانی دابوو بۆ پارێزگای بەسرەی دابین بکات.
نازم ئەلجابری، رۆژنامەوان و دانیشتوی شاری بەسرە دەڵێت "زۆر بەداخەوە ئەو بڕە پارانە شتێکی ئەوتۆ نین و بەشێکە لەو مژدانەی گەورە کاربەدەستان دەیدەن بۆ دڵنیاکردنەوەی کاربەدەستانی حکومەتی خۆجێیی و دڵنیاییدان بە خۆپیشاندەران و هێورکردنەوەی پشێویەکان و دەشڵێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە بۆ شاری بەسرە تەنها دڵۆپێکە لەو دەریای قەرزەی لەسەر حکومەتی نێوەندییە بۆ پارێزگاکە.
هەر ڕۆژی هەینی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق وتاری ڕۆژی هەینی خۆیی تەرخانکرد بۆ باسکردنی ڕەوشی شاری بەسرە، بەڵام نازم الجابری دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا کە وتارەکەی مەرجەعیەت ئاگاهیدان بووە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکە بەڵام پێناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت چونکە عەبادی لە ئێستادا زیاتر سەرقاڵی بەدەستهێنانەوەی گەڕی دووهەمی پۆستەکەیەتی نەک مەینەتییەکانی هاوڵاتیان.
ئیسماعیل غازی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقە و ئەندامی ئێستای هاوبەندی نیشتمانییە دەڵێت، ئەو وتارەی مەرجەعیەت نەک هەر کاریگەری نابێت بەسەر هێورکردنەوەی توڕەیی خۆپیشاندەرانەوە بەڵکو لەوانەشە خۆپیشاندانەکان پەرە بسەنن بۆ پارێزگاکانی تریش چونکە ئاستی بێزاری و ناڕەزایی خەڵک گەیشتونەتە لوتکە لە ئەنجامی 15 ساڵی گەندەڵی و شکست و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنچینەی لایەن و لایەنکاری و نەبوونی کاربەدسەتی بە توانا.
ئیسماعیل غازی ئاماژەش بەوە دەکات ئەگەر بێتوو حکومەتی نوێی عێراق بە هەمان شێوەی حکومەتەکانی پێشتر پێکبهێنرێت ئەوا تەمەنی زۆر کورت دەبێت و دەڕوخێت.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کێ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات، ئایا هێزەکانی حەشدی شەعبین یان لەشکری عێراق؟ ئەم ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت زۆر ئاشکرایە کە کێ تەقەی کردووە و لە تەلەفزیۆنیشەوە نیشاندراوە کە تەقەکردنەکان لەناو باڵەخانەی پارێزگای بەسرەوە کراون و لەشکری عێراقیش بینراوە لەناو خۆپیشاندەراندا بوون و هەموو کەسێکیش لەشکری بینیوە لەناو خۆپیشاندەرەکاندا بوون.
هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا خۆپیشاندەران ئاگریان بەرداوە لە ژمارەیەک لە بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەوانە بارەگای هێزەکانی عەسائیب ئەهلولحەق لە شاری بەسرە.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ نازم الجابری و ئیسماعیل غازی کە دانیشتوی شاری بەسرەن لە باشوری عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: