زریان و گەردەلولی هەریکەین فلۆرنس هێزەکەی کەم دەبێتەوە لەم کاتەی بەرەو کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەڕوات. بەڵام کەشناسان هۆشداری دەدەن کە بە شێوەیەکی گشتی قەوارە و توانایی زریانەکە هێشتا هێندە بەهێزە کە شیانی هەیە زیانی زۆری لێبکەوێتەوە.
خەڵکی لە کارۆلاینای باکور و باشور تەنها ڕۆژی پێنجشەممەیان بە دەستەوە ماوە بۆ خۆئامادەکردنیان و دەرچوونیان لەو ناوچانەی پـێشبینی دەکرێت زریانەکە بیگرێتەوە.
دەزگای نیشتمانی ئەمەریکا بۆ چاودێری زریان و گەردەلول (هوریکەین) پێشبینی ئەوە دەکات زریانی فلۆرەنس شەوی پـێنجشەممە یان بەرەبەیانی هەینی بگاتە سنووری هەردوو ولایەتەکە و هەتا ڕۆژی شەممە بەردەوام ببێت.
چاوەڕوان دەکرێت هەتا ئەو زریانە کۆتاییپێدێت نزیکەی 50 بۆ 75 سانتیمەتر باران لە ناوچە کەنارییەکان ببارێت.
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە ئەو زریانە دەیانگرێتەوە.
سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند پاراستنی ژیانی خەڵکی ئەرکی سەرەکیانە. گوتیشی بە هەمو شێوەیەک ئامادەکاری کراوە.