میدیا لەم سەروەختەی ئێستاماندا بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە. ئەڵبەت کە دەگوترێت بەشێکی دانەبڕاو، لەو ڕوانگەیەوەیە کە بەشدارییەکی بەرچاوی هەبێت لە دروستکردنی ڕای گشتی و هەروەهاش بوونی میدیا بە دەسەڵاتی چوارهەم.
بێ لە میدیا باوەکانی وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکانی تر، ئەمڕۆ تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا وەک فەیس بووک و تویتەر و یوتوب و ئینستگرام و هتد، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەیاندنی پەیامەکاندا، وەک دەگوترێت "ئێستا بە سەروەختی پەیوەندی" ناودێر دەکرێت چونکە میدیا بە گشتی ڕۆڵبینێکی سەرەکییە لە پێکەوە گرێدان و بەرەوپێشبردنی کولتور و فەرهەنگە جیاوازەکانی شارستانیەکان.
تۆڕەکانی سۆشیال میدیا وەهایان کردووە هەر کەسێک کە ئەژماری تایبەتی خۆیی هەبێت، وەک ئەوەیە بڵێیت خاوەن میدیای خۆیەتی. ئەڵبەت بەکارهێنانی سۆشیال میدیا دەبێتە پێناسەیەک بۆ ناسنامە و تایبەتمەندێتی خاوەن ئەژمارەکە.
میدیا بمانەوێت و نەمانەوێت بە هەردوو باری ئەرێنی و نەرێنیدا کاریگەریی هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکان.
پەرەسەندنی میدیا هێندە پەیوەندی بە پرەنسیپە دیموکراسییەکانەوە هەیە کە دەکرێت بگوترێت دوو دیوی دراوێکن، دوو جەمسەرن هاوتەریبی یەکتر ڕێدەکەن و دوو کۆڵەکەن گەشەکردنیشیان پێکەوەیە.
میوانی بەرنامە:
ئەرسەلان ڕەحمان، نوسەر و ڕۆژنامەوان
لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی 30 ی ئەم مانگی نۆیە هەڵبژاردنی گشتی بکرێت، میدیاکان هەر یەکە و بە شێوەیەک دیدی خۆی دەردەبڕێت لەسەر هەڵبژاردن، وەک چاودێرانی ڕۆژنامەوانی ئاماژەی پێدەکەن دەشێت هۆکارە سەرەکییەکە بگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیا لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە و هەروەهاش ئەو لایەنە سیاسیانەی تریش کە هەر یەکە و دەزگایەکی میدیایی تایبەت بەخۆیی هەیە.لە کاتێکدا یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی میدیا و بەتایبەتیش لە کاتی هەڵبژاردندا پارێزگاریکردنە لە ئاسایشی نیشتمانی.
میدیاکان بە گشتی لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا لەڕێی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرت و یانیش لێدوانی کاندیدێکی سەر بە لایەنێکەوە، بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت بەسەر ئاسایشی نیشتمانییەوە.
دەبێت باسیش لەوە بکرێت کە زۆرجار ڕوویداوە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە ڕێگە گیراوە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەستیار و گرنگەکانیش، واتە ئەو زانیاریانەی دەبنە یەکێک لە هۆکارەکانی یەکلابوونەوەی ڕای دەنگدەران، بێگومان ئەمەیان شتێکی ڕێژەییە و هەر دەزگایەکی میدیایی بە ئارەزوی خۆی و بەپێی بەرژەوەندی خۆی سەروسەودای لەگەڵدا دەکات.
پسپۆڕ کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا هەر تەنها پەیوەست نییە بە ئازادی لە دەنگداندا و زانینی چۆنیەتی دەنگدان، بەڵکو پەیوەندیشی هەیە بە پرۆسەی بەشداریشەوە لەو ڕوانگەیەوەی دەنگدەران ببنە بەشێک لەو وتووێژ و دیالۆگانەی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دێنە ئاراوە. میدیا لە هەڵبژاردن و دەنگدانە دیموکراسییەکاندا ڕۆڵی چاودێریی هەیە و ڕوونی و ئاشکرایی (شەفافیەت) ی پرۆسەی دەنگدان دەپارێزێت.
هەر بۆیەشە لێرەدا هەبوونی میدیای بێلایەن گرنگە بۆ ئەو ڕوونی و ئاشکراییە و هەروەهاش بەشداری هەبێت لە هێنانە ئارای فەرمانڕەوایەتییەکی باشدا و پەرەپێدانی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤیش.
بۆ ئەوەی میدیا بتوانێت ڕۆڵی خۆی هەبێت لە کۆمەڵگەدا، پێویستە لە ئاستێکی بەرزی پیشەیی و وردبین و لانەگر بێت لەو ڕوماڵانەی لەسەر هەڵبژاردنەکان یان دەنگدانەکاندا دەیکات. میدیای پیشەیی ئەگەر نەشتوانێت هیچ شتێک بکات ئەوا بێگومان دەتوانێت پێوانە دیموکراسییەکان بخاتە بەردەم وەرگرەوە، زانیاری ڕاست و دروست لەسەر ڕووداوەکانی سەروەختی هەڵبژاردن و دەنگدانەکاندا بخاتە ڕوو.
ئایا میدیای کوردی دەتوانێت بێلایەن بێت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا؟
لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان میدیایەکی نیشتمانی نییە، دەنگدەر پشت بە چی ببەستێت بۆ یەکلاکردنەوەی ڕای خۆی؟
ئایا میدیای سێبەر کاریگەری لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت؟
ئەرسەلان ڕەحمان، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: