محەمەد حەلبوسی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
لەبارەی هۆكاری سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر ، دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند هاتنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ دوو مەبەستە یەكەمیان، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق چەند ڕۆژێكە دەستیكردووە بە سەردانی لایەنە سیاسیەكانی عێراقی و بینینی سەركردە سیاسیەكانی عێراق بۆ ئەوەی هەماهەنگی و گفتۆوگۆ بكەن لەبارەی تەنسیق و هاریكاری لە نێوان ئەوان و لە نێوان پەرلەمان و جێبەجێكردن و ڕێزگرتن لە تەوقیتاتی دەستوری لە كاتی دیاریكردنی ئەندامەكانیان یان كاندیدكردنی ئەندامەكانیان بۆ سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی شتەكان لە كاتی خویدا بروات.
25 ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانشتنی دەبێت لەبارەی یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆک كۆماری عێراق بویە دانیشتن و گفتووكۆ لەبارەی ئەو پۆستە بەردەوامیان هەیە ، محەمەد حەلبوسی بە 169 دەنگ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت. لە هەرێمی كوردستاندا تا ئێستا ئەوەی كە ڕوون بووەتەوە پێنج كەس خویان كاندید دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دیارترینیان بەرهەم ساڵەح و سەلیم شوشكەیی و سەردار عەبدولڵا و عومەر بەرزنجین.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان ئەحمەد زێباری