دەمێکە هەر وەکو دەبینین و دەبیستین لە هەرێمی کوردستان باوەڕی بە یەکتر زۆر لاواز بوە، مرۆڤ بە گومانەوە سەیری هەموو شتێک دەکات بە تاێبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا.
ئاخۆ ئەم گومان و باوەر نەبوونە لە کوێەوە سەرچاوەی وەرگرتووە؟
تا چەند ئەم گومانە لەسەر نەوەکانی ئاێیندە کاریگەری هەیە؟
لایەنەکان کە تاوانباری یەکتر بە ساختەکاری دەکەن، چۆن دەزانین راستیەکان لە کوێدایە؟
لەم پرۆسەیەدا کێ دەیەوێ لەوەی تر پاشقول بدات و پشتەوخۆاری کات؟
دکتۆر جەبار قادر لێکۆڵەر وە شارەزای کاروباری کوردی و رۆژهەڵاتی ناڤین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەو کەمی باوەریە بە یەکتر بەشێکی مێژینەیەکی دوور و درێژی هەیە کە ئەو پارتانە نەک هەر باوەریان بە یەک نەبوە بەڵکو یەکیان کوشتووە و شەڕی یەکیان کردووە، ئەمە نەوەیەکی پێی گەورە کراوە کە خۆێ لە ناوچوونی ئەوەی بەرامبەریدا دەبینێت وە خۆێ راست و بە مافێکی بێ چەند و چۆن دەبینێت و بەرامبەرەکەی بە هەڵە و تاوانکاریەکی رەها دەبینێت، هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان خەڵکێک درووست ئەکەن کە ناچار ئەبێت دوو روو بێت، چوونکە ئەو قەت ناتوانێ ئەوەی لە دڵیدایە لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دەری بڕێ ".
دکتۆر جەبار هەر وەها دەڵێت " ئەڵبەتە قەت ناتوانیت گشتگیر بکەیت، من لە ماوەی 10 ساڵی رابوردوودا کە لە زانکوەکان کارم کردووە نەوەیەک دەبینیت کە زۆر جار هەست ئەکەیت باوەڕی بە هیچ نییە، تەنها ئامادەییە بگرێ، تەنها ئامادەیە تۆڕە بێ، لە دژی تاریکی قسە بکا بەڵام بۆ خۆێ ئامادە نییە مۆمێک دابگرسێنێ جا خەڵکی وا چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێ کە بتوانن ببن بە پێشەنگ ".
دکتۆر جەبار دەشڵێت " زۆر سەختە راستیەکان لە بارەی هەڵبژاردنەکانەوە بزانیت، لێرەدا کێشە سەرکیەکە ئەوەی کە پێی دەووترێ ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن کە بە ستەمەوە ناوی سەربەخۆییان لێناوە، ئەگەر ئەو ناوی سەربەخۆییەی لێبکەیتەوەبەشێک لە شتەکان خەڵک تێدەگا، ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی حزبین نەک هەر حزب داێناوون بەڵکو چالاکوانی حزبین ".