شەڕڤانە کوردەکانی کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێ دەکات لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێن تۆپبارانەکانی ئەم دواییانەی تورکیا بۆ سەریان بۆتە هۆی ئاستەنگ لەبەردەم هێرشەکانیان بۆ سەر دوژمنی سەرەکیان گروپی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەو هاوپەیمانییەی کە لە شەڕڤانانی کورد و عەرەب پێکهاتووە یەکینەکانی پاراستی گەل ناسراو بە یەپەگە دەستی بەسەردا گرتووە. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەی دێر ئەلزوری ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕی دژ بە داعش دەکەن.
بەم دواییانە هێزەکانی تورکیا چەند ئامانجێکی یەپەگەی لە نزیک کۆبانی باکوری سوریا پێکا. هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و" لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی لەشکری تورکیا لەناو براوە".
نور مەحمود یەکێک لە گوتەبێژەکانی یەپەگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هەڕەشەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی خاکمان هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتی ئێمە بۆ دەرکردنی ئەو داعشانەی لە بەشەکانی دێر ئەلزوردا ماون.
بەڕێز مەحمود گوتیشی " ئەم شوێنە دووا مۆڵگەی سەرەکی داعشە. نەهێشتنی داعش مانای قۆناغێکی نوێی سەقامگیرییە لە سوریا. بەڵام هەڕەشەی بەم شێوەیەی تورکیا نائارامی زیاتر دەهێنێتە وڵاتەکەوە."
ئەردۆغان بەم دواییانە هەڕەشەکانی بۆ هێرشێکی سەرەکی دژ بە شەڕڤانە کوردەکانی سوریا لە نزیک ڕووباری فورات زیاد کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ئەردۆغان لە میانەی وتارێکیدا بۆ یاسادانەرانی ئاک پارتی ڕایگەیاند " ئێمە بونیادی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات لەناو دەبەین. ئامادەکارییەکانمان لەم بارەیەوە تەواو کردووە."
تورکیا یەپەگە بە بەشێکی جیانەبۆوە لە پەکەکە دەبینێت کە پەکەکە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەروپاشەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دەدرێت.
بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەکەکە و یەپەگە بە جیا دەبینێت و پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە لەلایەن یەپەگەوە بەڕێوە دەبرێت، دەکات لە شەڕی دژ بە تیرۆرسمدا. ئەم پشتیوانیەش تورکیای توڕە کردووە.
لە مانگی 3 دا، لەشکری تورکیا و سەرهەڵداوە سوریاییەکانی هاوپەیمانی دەستیان گرت بەسەر شارۆچکەی عەفرین لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا پاش دوو مانگی بەرگری کردن لە لایەن یەپەگەوە.
حکومەتی تورکیا داوای ئەوەشی کردووە هێزە کوردیەکان مەنبجیش چۆڵ بکەن کە لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 لەلایەن هێزەکانی سەر بە کوردەکانەوە لە دەستی داعش ڕزگار کرا.
لە مانگی 6ی ڕابوردوو کاربەدەستانی ئەمەریکا و تورکیا گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش لە مەنبج کە بریتییە لە مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و تورکیا لە دەوروبەری ئەو ناوچەیەی سوریادا.
ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری تورکیا هلوسی ئاکار ڕایگەیاند " پرۆسەی مەشق و ڕاهێنان کۆتاییپێهاتووە و پاسەوانیکردنی هاوبەش لەمڕۆ یان سبەینێوە دەستپێدەکات."
ئەو لە کۆبونەوەیەکی گشتیدا ڕایگەیاند " بەرنامەکە بۆ لادانی یەپەگە و وەرگرتنەوەی چەکە قورسەکانیانە و لە کۆتاییدا خەڵکی ڕاستەقینەی مەنبج بە تەواوەتی شارەکەیان بەڕێوە بەرن."
ئاکار مەبەستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ هێرشکردنە سەر شەڕڤانە کوردەکان لە سوریا، ئەو گوتی " پاش مەنبج ئامانجی داهاتوومان ڕۆژهەڵاتی فورات دەبێت."
کاربەدەستانی ئەمەریکا داوایان لە هەردوولا کردووە ئاڵۆزیەکان زیاد نەکەن و سەرنج بخەنە سەر شکستپێهێنانی داعش.
شان ڕۆبەرتسن گوتەبێژی پەنتاگۆن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە ئاگاداری لێدوانەکانی تورکیاین لەسەر بەرنامەی هێشکردنیان بۆ باکوری سوریا و لەگەڵ تورکیا و هێزکانی سوریای دیموکراتدا لە پەیوەندیداین بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە."
ئەو گوتیشی " ئێمە بە تەواوەتی پەیوەستین بە جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای مەنبج، کە هەوەکو چۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆو وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵو لەسەری ڕێککەوتنبوون بە بە قۆناغەکاندا هەنگاو دەنێت."
هەندێک لە شارەزایان دەڵێن هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سوریا بەردەوام دەبێت.
فابریس بلۆنش لێکۆڵەر لە واشنتۆن ئینستتوت بۆ ڕێبازی ڕۆهەڵاتی نزیک، دەڵێت " پێم وابێت ئەردۆغان فشارەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاد دەکات چونکە ئەمەریکا نایەوێت مەنبجی ڕادەست بکات."
بلۆنش گوتیشی پێویستە ئەمەریکا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان بپارێزێت بە مەنبجیشەوە. ناوبراو گوتیشی ئەمەریکا یەپەگەی پێویستە بۆ شەڕی دژ بە داعش هەروەکو چۆن دەبینین شەڕڤانە عەرەبەکانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەندە کاریگەرییان نییە، وەکو چۆن لە دێر ئەلزور دیانبینین.