Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆتاییهاتنی تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


ئەگەرچی پێشتر لە عێراق و پاش ڕزگارکردنی شاری موسڵ بە هاوکاریی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری پێشووی وڵاتەکە ڕایگەیاند قۆناغی داعش کۆتایی پێهات بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی مایەی مەترسی و نیگەرانییەکی زۆرن لەو وڵاتەدا.

لە سوریاشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشێکی سەرەکییەتی، بە هاوکاری هاوپەیمانان توانییان شاری ڕققە پایتەختە دیفاکتۆکەی دەوڵەتە خەلافەتییەکەی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ئازاد بکەن، وەلێ هێشتاش لێرە و لەوێی سوریادا شەڕی دژی تێرۆریستانی داعش گەرمە.

زۆرێک لە سەرچاوە خۆجێیەکان لەوانە سەرچاوەکانی ناو هێزە ئاسایشییەکان لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریاشدا ئاماژە دەکەن بە گەڕانەوەی داعش.

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان هەر لە ڕۆژانی بەرایی شکستە یەک لە دوا یەکەکانی داعش باسیان لەوە دەکرد کە هێزە ئاسایشییەکان لە ململانێیەکی قورسدان بۆ ڕێگەگرتن لە دزە کردن و هەروەهاش جموجۆڵی ئەوەی بە خانە نوستووەکانی داعش ناودێر دەکرێن.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق هێزێکی زۆری ناردووە بۆ ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک وەک دەڵێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی داعش، لە سوریاش هێزەکانی سوریای دیموکرات لەپاش ڕزگارکردنی ڕققەوە دەیان هێرشی گەورە و بچوکی تێرۆریستانیان تێکشکاندووە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر عادل باخەوان، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

مەرجیش نییە بگوترێت هەر داعش ئەو هێرشانە دەکات و هۆکارە بۆ ڕەوشی ناجێگیری ئاسایشی لەو ناوچانەدا، دەشێت ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تریش دەستیان هەبێت و تەنانەت ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیانەی لە پاش داعش خۆیان وەک هێزی چەکدار ڕاگەیاندووە، لەوانە ڕێکخراوی ئاڵا سپییەکان.

پێشتر دەگوترا لە پەراوێزنانی سوننەکان لە عێراقدا، بەشداریپێنەکردنیان لە بڕیارداندا زەمینەیەکی سەرەکی بووە بۆ دروستبوونی داعش و ڕێکخراوە جیهادییەکانی تری سوننەکان، بەڵام لە ئێستادا دەشێت هۆکاری تریش هەبن لەوانە ناکۆکیی و ناتەبایی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا بوونەتە زەمینە خۆشکەرێک بۆ خۆڕێکخستنەوە و جموجۆڵەکانی تێرۆریستان بە تایبەتیش داعش لە سنورەکانی نێوان ئەو وڵاتانەدا.

ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داعش بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناودێر دەکەن، بەڵام ئەم ناودێرکردنەوەهای نەکردووە داعش و هاوشێوەکانی داعش بۆ بەرژەوەندی و مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەکارنەهێنن.

ئایا ڕەوشی عێراق چەندێک یارمەتیدەرە بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم؟

ئایا داعش کۆتایی پێهاتووە؟

ئایا ڕەوشی سوریا بەگشتی و دۆزی کورد لەو وڵاتەدا وەها دەکەن جارێکی تر داعش بگەڕێتەوە؟

ئایا یاری و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا چەندێک یارمەتیدەرن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەکانی داعش؟

دکتۆر عادل باخەوان نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:09 0:00

XS
SM
MD
LG