بە درێژایی تەمەنی خۆی، سینەما پەیوەندی هەبووە بە ژانرە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ترەوە هەرچەندە ڕوانینەکان لەسەر ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرن.
هەندێک لە لێکۆڵەرەوە وەهای دادەنێن ئەم پەیوەندییە جێگیرە و هەندێکی تریشیان بە پەیوەندییەکی ناجێگیر ناودێری دەکەن، بەڵام هەردوو ڕوانینەکە کۆکن لەسەر ئەوەی سینەما بەبێ پەیوەندی بە ژانرەکانی ترەوە ناتوانێت بژی.
دەکرێت لێرەدا ڕۆمان بە نمونە بهێنینەوە کە سینەما تا ئەندازەیەکی گەورە پشتی پێ دەبەستێت، بەڵام ئەڵبەت بە گۆڕانکارییەکی بەرچاوەوە،، واتە کردنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بە ڕووداویی وێنەیی و لە زۆر باریشدا تێکەڵکردنی ئەو دیمەنانە لەگەڵ خوێندنەوەی دووهەمی دەرهێنەری سینەماییدا بۆ دەق.
گوزارشت کردنی کامێرا، بینەری سینەما دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوەی خوێنەری ڕۆمان، واتە لە سینەمادا دیمەنەکان دەکەونە ئاخاوتن لەگەڵ هزردا نەک وشەکان وەک لە ڕۆماندا بەسەرهاتەکانمان بۆ دەگێڕنەوە.
ئەڵبەت ئەم دیاردەی پەیوەندی پشتبەستنە بە تێکستە ئەدەبییەکان هەر زوو کەوتە بەردەم پرسیارگەلی لێکۆڵەرەوەکان سەبارەت بەوەی بۆچی دەبێت سینەما پشت بە ڕۆمان یان تێکستە ئەدەبییەکانی تر ببەستێت و بۆچی هەنگاوەکان بەو ئاڕاستەیەدا نەبن کە تێکستی تایبەت بۆ سینەما نەنوسرێت؟! وەڵامی ئەم پرسیارانەش دابەشبوونێکی تری دروستکرد بە تایبەتی کە جەخت دەکرایەوە لەوەی داڕشتنی تێکستێکی تایبەت بە فلیمێکی سینەمایی وەک خولانەوەیە لە بازنەیەکدا و ڕوانین تیایدا کەم تا زۆرێک سنوردار دەبێت و ئەمانەش ئەگەرەکانی سەرنەکەوتنی ئەو ئەزموونە زیاتر دەکەن.
ڕای پێچەوانەش هەن و سورن لەسەر ئەوەی زۆر گرنگە تێکستی تایبەت بە سینەما بنوسرێن و داکۆکییەکەشیان لەسەر ئەم جۆرە ڕوانینە لە بنچینەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەو تێکستانە تایبەت بۆ سینەما نوسراون و یاسا و ڕێساکانی تێکستی سینەماییان بە هێند وەرگرتووە.
هەرچۆنێک بێت وتووێژەکان بەردەوامن و هەر هەمووشی لەو پێناوەدایە سینەما هەنگاوی تری بەرەوپێش بنێت لەم سەروەختەدا کە سینەما لە پێشڕەوییەکی بێ چەند وچووندایە لە بەرامبەر ژانرە هونەری و فەرهەنگییەکانی تردا.
لە کۆمەڵگەی کوردیشدا لەگەڵ هەنگاوە بەراییەکاندا لە سینەمادا بەڵام دەکرێت بگوترێت هاوڕاییەک هەیە سەبارەت بەوەی ئایندە بۆ سینەمایە لەو ڕوانگەیەوەی جێی سەرنج و بایەخێکی زۆری هونەرمەندان و هەروەهاش بینەرانە.
بەڵام لێرەدا ناکرێت باز بەسەر ئەو پرسیارەدا بدرێت کە ئایا کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی سینەمایەکی تایبەت بە خۆیەتی؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، پێویستە پرسیاری تر بکرێت لەوانە ئایا بۆتە خاوەنی بینەری ڕژد؟! یان تەنها ئەوەیە بینەرانی سینەما بۆ دوورکەوتنەوە لە جەجاڵییەکانی ژیان و هاوار هاورەکانی ناو بازاڕەکان و چایخانەکان و هتد ڕوودەکەنە هۆڵەکانی سینەما!
بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت بینەر هەن کاتێک دەچنە بینینی فلیمێک، بە تەواوەتی لە ڕووداوەکانی فلیمەکەدا قاڵ دەبنەوە، لە دنیابینییەکانی دەرهێنەری فلیمەکە ورد دەبنەوە، جوڵەی ئەکتەرەکان دەخوێننەوە، دەچنە ناخی موزیکی فلیمەکە، دیالۆگ هەڵدەسەنگێنن و هتد.
ئایا سینەما توانیویەتی جێی دراما تەلەفزیۆنییەکان بگرێتەوە؟
ئایا سینەمای کوردی (ئەگەر هەبێت) توانیویەتی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی بینەرانیدا بێت؟
ئایا پێناسەیەکی بابەتیانەمان هەیە بۆ سینەما یان هێشتا لەژێر کاریگەریی هونەر و زانستە مرۆییەکاندا پێناسە دەکرێت؟
ساڵانە چەندان فێستڤاڵ و دیدار بۆ سینەما ڕێکدەخرێن، ئایا دەکرێت وەک بەڵگەنەویستێک بۆ بوونی سینەما لێکبدرێنەوە؟
دکتۆر سەربەست ڕەسوڵ، پسپۆڕی سینەما، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: