پەرلەمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بە کۆنگرێس ناودەبرێت، یەکێکە لە پەرلەمانە ڕاستەقینەکانی جیهان کە دەسەڵات و پـێگەی خۆی هەیە لە سیستەمی حوکمڕانی وڵاتەکەدا، ئەمەش بەپـێی دەستور کە دەسەڵاتەکانی دابەشکردووە لە نێوان کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی حکومەت و دادگای باڵا.
ئەندامانی کۆنگرێس ئازادن لە تێڕوانین و بۆچۆن و بڕیارەکانیان، وە زۆر جار بووە لە دژی خواستی پارتەکانیان دەنگیان داوە. دوایـین نمونە پەسەندکردنەکەی دادوەر برێت کاڤەنۆ بوو بۆ دادگای باڵا کە لە ئەنجومەنی سینات بە دەنگی 50 بەرامبەر 48 پەسەندکرا. دیموکراتەکان لە دژی بوون و کۆماریـیەکان لەگەڵ پەسەندکردنی بوون، بەڵام خانم لیزا مارکاوسکی سیناتۆری کۆماری بە نەرێ لە دژی دەنگی دا، وە لە هەمان کات سیناتۆر جۆ مەنشنی دیموکرات بە ئەرێ دەنگی بۆ دا.
کۆنگرێسی ئەمەریکا لە دوو ئەنجومەن پـێکهاتووە، هەر یەکەیان کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای خۆی هەیە.
ئەنجومەنی نوێنەران:
لە 435 ئەندام پـێکدێت کە نوێنەرانی 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکان، لەگەڵ 6 ئەندامی دیکە کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی دەرەوەی 50 ویلایەتەکە دەکەن. ئەم 6 ئەندامە مافی دەنگدانیان نیـیە لەسەر پـرۆژە بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە، بەڵام مافیان هەیە لە کارەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشداربن، لەوانە ببنە ئەندام لە نێو کۆمیتەکان و لەوێ دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
ناوچەکانی دەرەوەی 50 ویلایەتەکە بریتین لە واشنتنی پایتەخت، پـۆرتۆ ڕیکۆ، ئەمەریکەن سەموا، گوام، دورگەکانی ماریانای باکور، دورگەکانی ڤێرجینی ئەمەریکا.
ماوەی خولی کارکردنی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە دوو ساڵە، بەڵام تەنیا نوێنەری پـۆرتۆ ڕیکۆ ماوەکەی چوار ساڵە. بۆیە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ ئەو 440 ئەندامەکەی دیکە دەکرێت.
ژمارەی کورسیـیەکانی هەر ویلایەتێک بەپـێی ژمارەی دانیشتوانی ویلاتەکە دەستنیشانکراوە، وە هیچ ویلایەتێک نابێت لە کورسیـیەک کەمتری هەبێت، تەنانەت ئەگەر ژمارەی دانیشتوانەکەشی زۆر کەمبێت. بۆ نمونە ویلایەتی وایۆمینگ ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 600 هەزار کەسە، خاوەنی یەک کورسیـیە، بەڵام ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 40 ملیۆن کەسە، تەنیا خاوەنی 53 کورسیـیە، واتە نزیکەی هەموو 750 هەزار کەسێک نوێنەرێکیان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.
ئەوانەی خۆیان بۆ ئەم ئەنجومەنە کاندید دەکەن، دەبێت تەمنیان لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت و بە لایەنی کەم ماوەی 7 ساڵ هاوڵاتینامەی ئەمەریکایان هەبێت و دانیشتووی ئەو ویلایەتە بن کە خۆیانی بۆ کاندید دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران:
هەرچەندە لە دەستوردا نەگوتراوە دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، بەڵام هەتا ئێستا هەرچی لەو پـۆستەدا بووە ئەندامی ئەنجومەنەکە بووە.
چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران:
لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، پارتە سەرەکیـیەکانی نێو ئەنجومەنەکە کاندیدی خۆیان دەسـتنیشان دەکەن، پاشان پـرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و کام لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە و بە Speaker of the House ناودەبرێت.
ئەنجومەنی سینات:
لە 100 ئەندام پـێکدێت و هەر ویلایەتێک لەو 50 ویلایەتەی ئەمەریکا 2 ئەندامی هەیە کە پـێیان دەگوترێت سیناتۆر. ماوەی خولی کارکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات 6 ساڵە. هەموو دوو ساڵ جارێک نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەندامەکانی هەڵدەبژێردرێن.
ئەوانەی خۆیان بۆ ئەم ئەنجومەنە کاندید دەکەن، دەبێت تەمنیان لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت و بە لایەنی کەم ماوەی 9 ساڵ هاوڵاتینامەی ئەمەریکایان هەبێت و دانیشتووی ئەو ویلایەتە بن کە خۆیانی بۆ کاندید دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی سینات:
سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت و تەنیا لە یەک حاڵەتدا مافی دەنگدانی هەیە کە ژمارەی دەنگی ئەرێ و نەرێ لە دەنگدانێکدا وەک یەکبوون.
هیچ سنوورێک بۆ خۆکاندیدکردنەوەی ئەندامەکانی هەردوو ئەنجومەن نیـیە. بۆ نمونە جۆن دینگڵJohn Dingell لە ساڵی 1955 وە هەتا ساڵی 2015 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، واتە نزیکەی 60 ساڵ. لە ئەنجومەنی سیناتیش، ڕۆبەرت بێردRobert Byrd لە ساڵی 1959 وە هەتا ئەو کاتەی کۆچی دوایـیکرد لە ساڵی 2010 ئەندامی ئەنجومەنەکە بوو، واتە 51 ساڵ سیناتۆر بوو.
دەسەڵاتە سەرەکیـیەکانی کۆنگرێس:
مادەی یەکی دەستوری ئەمەریکا کە بە درێژترین مادەی نێو ئەو دەستورە دادەنرێت، بە وردی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێسی ڕوونکردووەتەوە کە لە ئێستادا ئەمانەی لە خۆگرتووە:
- دانانی یاساکان.
- ڕاگەیاندنی شەڕ.
- سەرپەرشتیکردنی چۆنیەتی کۆکردنەوەی داهاتی دەوڵەت و خرجکردنی بە شێوەیەکی دوروست.
- سەندنەوەی متمانە لە کاربەدەستانی فیدراڵی و دادگاییکردنیان، لەوانە سەرۆکی ئەمەریکاش.
- بڕیاردان لەسەر ئەو کەسانەی سەرۆک بۆ پـۆستە گرنگەکانی حکومەت دەستنیشانیان دەکات.
- بڕیاردان لەسەر ئەو پەیماننامانەی بەڕێوەبەرایەتی حکومەت لەگەڵ وڵاتاندا پـێی دەگات.
- چاودێرکردنی کارەکانی بەڕێوبەرایەتی حکومەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا. ئەمە کارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دەگرێتەوە.
چۆنیەتی دەرکردنی یاسا لە کۆنگرێس:
پـرۆژەی هەموو یاسایەک لە یەکێک لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسەوە دەستپـێدەکات. سەرەتا گروپـێکی بچوک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە تاووتوێی پـرۆژە یاساکە دەکەن و دەستکاری و هەمواری دەکەن بەو شێوەیەی بە گونجاوی دەزانن.
پاشان دەیخەنە بەردەم ئەنجومەنەکەیان، ئەگەر لەوێ پەسەندکرا، ئەوا پـرۆژە یاساکە دەدرێت بە ئەنجومەنەکەی دیکە و بە هەمان پـرۆسە تێپەڕدەبێتەوە. ئەگەر لەو ئەنجومەنەش پەسەندکرا، ئەوا دەبێت هەردوو ئەنجومەن کاربکەن بۆ داڕشتنەوەی پـرۆژە یاساکە بە شێوەیەک ئەو جیاوازیانەی تێدا نەبێت کە لە نێوان پـرۆژە یاسای هەریەکەیان هەیە. دواتر جارێکی دیکە هەردوو ئەنجومەن دەنگ دەدەن لەسەر ئەو پـرۆژە یاسایەی پـێکەوە دایانڕشتووە، ئەگەر پەسەندکرا، ئەوا ڕەوانەی بەردەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکرێت تاوەکو واژوی بکات و ببێتە یاسا.
ئەگەر هاتوو سەرۆک مافی ڤیتۆی لە دژی پـرۆژە یاساکە بەکارهێنا، ئەوا کۆنگرێس دەتوانێت بە دەنگی 2 لەسەر 3 ی ئەندامانی ئامادەبووی لە هەردوو ئەنجومەنەکە پەسەندیبکات.
ئەگەر پاش 10 ڕۆژ لەوەی پـرۆژە یاساکە خرایە بەردەم سەرۆک و سەرۆک هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدا، ئەوا ئۆتۆماتیکی دەبێتە یاسا. بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئەو 10 ڕۆژە وەرزی یاسادانانی کۆنگرێس بە کۆتایی هات، ئەوا سەرۆک دەتوانێت واژوی نەکات و نەبێتە یاسا.
جگە لەمانە دادگای باڵاش بۆی هەیە یاساکە هەڵسەنگێنێت لەوەی ئایە دەستوریـیە یان نا.
مێژووی کۆنگرێسی ئەمەریکا:
یەکەم دانیشتنی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە هەردوو ئەنجومەنەکەیەوە لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1789 بوو، بەڵام لەم دانیشتنە لە هەردوو ئەنجومەنەکە ژمارەی پـێویست بۆ دەنگدان ئامادە نەبوو.
لەو سەردەمە ئەنجومەنی نوێنەران 59 ئەندام بوو، وە دەبوایە بە لانی کەم 30 ئەندام ئامادەبن بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێک، بەڵام تەنیا 13 ئەندام ئامادەبوون. لە ئەنجومەنی سیناتیش لە کۆی 22 ئەندام تەنیا 8 ئەندامیان ئامادەبوون. دەڵێن خراپی کەشوهەوا وەهایکردبوو ئەندامەکان لەو ڕۆژە ئامادە نەبن.
بەڵام دواتر لە 1 ی مانگی چواری ساڵی 1789 بۆ یەکەم جار ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی پـێویستی ئامادەبوو و ئەنجومەنی سیناتیش لە 6 ی مانگی چوار، هەر لەو ڕۆژە هەردوو ئەنجومەنەکە بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆیان ئەنجام دا.
مێژووی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران:
ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە زیاتربوون لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی ویلایەتەکان و ناوچەکانی دەرەوەی ویلایەتەکان.
سەرەتا لە مانگی سێی ساڵی 1789 تەنیا 59 ئەندام بوون، لە مانگی هەشتی هەمان ساڵ بوون بە 65 ئەندام. پاش ساڵێک بوو بە 105 ئەندام. لە ساڵی 1800 بوو بە 142 ئەندام و لە ساڵی 1907 بوو بە 391 . پاش سەرژمێری ساڵی 1910 بڕیار درا ژمارەی ئەندامان بکرێتە 433 ، بەڵام لە ساڵی 1912 نیومەکسیکۆ و ئەریزۆنا بوون بە دوو ویلایەتی نوێی ئەمەریکا، بۆیە بڕیار درا ژمارەی نوێنەرانی ویلایەتەکان بکرێت بە 435. ئیدی لەو کاتەوە هەتا ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوانەی نوێنەرایەتی ویلایەتەکان دەکەن، زیادنەکراوە، هەرچەندە ئالاسکا و هاوایی لە ساڵی 1959 بوون بە دوایـین دوو ویلایەتی ئەمەریکا.
ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات:
کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دامەزرا، تەنیا 13 ویلایەت بوو. سەرەتا لە 11 ویلایەتی هەڵبژاردن ئەنجام درا، بۆیە بە 22 سیناتۆر دەستیپـێکرد. پاشان لە دوو ویلایەتەکەی دیکە هەڵبژاردن کرا و چوار سیناتۆری دیکەی زیادکرد و بوو بە 26 ئەندام. لەگەڵ زیادبووونی هەر ویلایەتێک بۆ ئەمەریکا دوو ئەندامی دیکە لە ئەنجومەنی سینات زیادیکردووە. دوایـین جار کە ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە زیادیکرد لە ساڵی 1959 بوو کاتێک ئالاسکا و هاوایی بوون بە دوو ویلایەتی نوێی ئەمەریکا. ژمارەی ئەندامەکان لە 96 وە بوو بە 100 ئەندام.
شوێنی کۆنگرێس:
نیویۆرک لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1789 هەتا 4 ی مانگی سێی ساڵی 1791.
لە سەرەتای دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆنگرێس لە شاری نیویۆرک بوو، بەو پـێـیەی ئەو شارە لەو سەردەمە پایتەختی کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. بیناکەی کۆنگرێس لە نیویۆرک پێی دەگوترا هۆڵی فیدراڵ Federal Hall کە ئێستا لە شوێنەکەی وەک مۆزخانەیەکی لێکراوە و پێی دەگوترێت Federal Hall National Memorial.
فیلادێلفیا، لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1791 هەتا 14 ی مانگی پـێجی ساڵی 1800.
پاش ئەوەی لە ساڵی 1790 پایتەختی کاتی ئەمەریکا لە نیویۆرکەوە بۆ شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا گواسترایەوە، کۆنگرێسیش بۆ بینایەک لەو شارە گواسترایەوە کە ناوی لێنرا هۆڵی کۆنگرێس Congress Hall .
واشنتنی پایتەخت، لە ساڵی 1800 هەتا ئێستا.
دواتر کە بنیادنانی دامودەزگا سەرەکیـیەکانی دەوڵەت لە ناوچەی واشنتن تەواوبوون و کرایە پایتەختی هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنگرێسی ئەمەریکایش بۆ شوێنی هەمیشەیی گواسترایەوە، ئەویش بینای کۆنگرێس کە پێی دەگوترێت United States Capitol . کارەکانی کۆنگرێس لەو بینایە بەردەوامبوو لە 17 ی مانگی یازدەی ساڵی 1800 هەتا 24 ی مانگی هەشتی ساڵی 1814 ، کە لەو ڕۆژەدا بەریتانیـیەکان هێرشیان کردە سەر واشنتنی پایتەخت و کەوتنە تاڵانیکردن و سووتاندنی شوێنە سەرەکییەکان لەوانە بینای کۆنگرێس.
کۆنگرێس دوای ئەو ڕووداوە کارەکانی گواستەوە بۆ بینای ئۆفیسی (پـێدانی مۆڵەتی داهێنان Patent Building ) کە چەند کیلۆمەترێک لە بینای کۆنگرێسەوە دوربوو.
پاشان کارەکان گواسترایەوە بۆ بینایەکی دیکە بە ناوی Old Brick Capitol کە ئێستا شوێنی دادگای باڵایە. لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1815 کارەکانی کۆنگرێس لەوێ بەردەوام بوون هەتا ساڵی 1819 کە بینای کۆنگرێس سەرلەنوێ بنیادنرایەوە. کۆنگرێس لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1819 وە کارەکانی لە بیناکەی خۆی دەستپـێکردەوە.
پارتەکانی زۆرینە لە کۆنگرێس:
کاتێک کۆنگرێسی ئەمەریکا دامەزرا، نە پارتی کۆماری و نە پارتی دیموکرات و هیچ پارتێکی دیکەی سیاسی لە کۆنگرێسدا نەبوون، بەڵکو دوو کۆمەڵ هەبوو، کۆمەڵی یەکەم دژی بەڕێوەبەرایەتی کە پـێیان دەگوترا Anti-Administration ، کۆمەڵی دووەم سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کە بە Pro-Administration ناودێردەکران.
لە چوارهەمین خولی کۆنگرێس کە لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1795 دەستبەکاربوو، پارتی سیاسی هاتە نێو کۆنگرێس کە بریتی بوون لە هەردوو پارتی فیدرالیستەکان Federalist Party و پارتی دیموکرات- کۆماریـیەکان Democratic-Republican Party.
پاشان چەندان پارت و کۆمەڵی دیکە هاتنە کۆنگرێس و هەڵوەشانەوە و بوونیان نەما، لەوانە Whig Party و Nullifier Party و Anti-Masonic Party وFree Soil Party وConservative Party و Native American Party و Unionist Party .
مێژووی پارتی دیموکرات لە نێو کۆنگرێس:
لە بیستوپـێنجەمین خولی کۆنگرێس، لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1837 دەستپێدەکات، و لە هەردوو ئەنجومەن زۆرینە بوو. لەو سەردەمە پارتی ڕاستڕەو (ویگ پارتی) ڕکابەری سەرەکی بوو.
مێژووی پارتی کۆماری لە نێو کۆنگرێس:
لە خولی سیوچوارەمین، لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1855 وەک پارتێکی سیاسی چووە کۆنگرێس، بەڵام بەهێز نەبوو بەو ئاستەی بە تەنیا ببێتە ڕکابەری دیموکراتەکان، بۆیە لەو خولە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات زۆرینەبوون، بەڵام کۆماریـیەکان لەگەڵ پارتی فری سۆیەڵ و پارتی ویگ هاوپەیمانێتیـیەکیان پـێکهێنا و بوونە ئۆپـۆزسیۆن و توانیان ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لە خولی سیوحەوتەمین، لە 4 ی مانگی سێی ساڵی 1861 پارتی کۆماری بوو بە زۆرینەی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات. ئیدی لەو سەردەمەوە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بوونە دوو پارتی سەرەکی ناو کۆنگرێس و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەم دوو پارتە ڕکابەرە کۆنگرێسیان کۆنترۆڵکردووە.