Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتییەکانی


ئەگەرچی پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی سازدا بەڵام لەو دانیشتنەیدا نە توانی دەستەی سەررۆکایەتی بۆخۆی هەڵبژێردرێت و نە توانیشی باس لە پێکهێنانی کابینەی نۆی هەرێمەکە بکات.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان بۆ باس نەکردنی کابینەی نوێ بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی تایبەت یان دەستور لە هەرێمی کوردستاندا تا وادەیەکی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بسەپێنێت.

ڕەوشی هەرێمی کوردستان پڕە لە لێکترازان بەهۆی ناتەباییە زۆر و گەورەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە و لە ئاوەها هەلومەرجێکیشدا هەر ئەو لایەنە سیاسیانە هەوڵی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەدەن.

ئەم کابینە نوێیە پێدەچێت وەک زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن هاوشێوەی کابینەکانی پێشتری هەرێم هەر تەنها ببێتە میراتگر بۆ کۆمەڵێک کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتی و سیاسی و هتد، ئەگەر بێتوو بە هەمان پێودانگەکانی پێشوو پێکبهێنرێت.

ئاراس تالب
ئاراس تالب

میوانی بەرنامە:

ئاراس تالب، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.

بەهرۆز جەعفەر، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی.

بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر

هەرچۆنێک بێت نوێنەرانی دانیشتوانی هەرێم چوونە هۆڵی پەرلەمان و سوێندی یاسایی خۆیان خوارد بەڵام هێشتا ئاشکرا نییە چەند لایەنی تر بێ لە نەوەی نوێ دەبنە ئۆپزسیۆن. تا ئێستا نەوەی نوێ بەپێی لێدوانی ئەندامەکانی بەشداری لە پێکهێنانی کابینەدا ناکەن و دەخوازن ئۆپزسیۆنانە کاری خۆیان بکەن. لایەنەکانی تر بێ لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خۆی یەکلا کردۆتەوە و بەشداری لە پێکهێنانی کابینەدا دەکات بەڵام لایەنەکانی تر کاتێک دێتە سەر بژارەکانی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە کابینەی نوێدا لێدوانی شەرمنانە دەبیستین، بە جۆرێک ناتوانرێت بزانرێت ئەو لایەنە چ بڕیارێکی داوە یان لە خراپترین سیناریۆدا تەنانەت ناشزانرێت سبەی یان دووەی ئاڕاستەی بڕیارەکەی بە چ کەرخەیەکدا دەڕوات.

بەڵام ئایا ڕەوشەکە هەر لەوەندەدا سنوردارە؟! بێگومان نەخێر، چونکە ئەگەر ئەم ڕەوشە هەر تەنها لەناو ژوورەکان و هۆڵی پەرلەماندا بهێڵینەوە، ئەوا پێویست دەکات دەروازە بەسەر بابەتێکی تردا بکەینەوە ئەویش دۆسێی ئۆپزسیۆن بوونە لە کاتێکدا یاسایەکی دیاریکراو یان ڕێوشوێنێک نییە ئەرک و مافەکانی ئۆپزسیۆن ڕێکبخات.
ئایا پەرلەمانی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت گۆڕانکارییەک لە ژیانی سیاسی و ئابوری هەرێمدا بێنێتە ئاراوە؟
ئایا ئۆپزسیۆن بوون لە پەرلەماندا چۆن دەبێت؟
ئایا پەرلەمان دەتوانێت ببێتە چاودێرێکی ڕاستەقینە بەسەر کابینەی نۆوە؟
ئاراس تالب، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و بەهرۆز جەعفەر، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:34:03 0:00

XS
SM
MD
LG